زووم..
لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا لە ئەنقەرە، کاندیدی جەهەپە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار پەیامی توندی ئاراستەی سەرۆککۆماری تورکیا کرد و رایگەیاند، “ئیتر تەمەنت بەسەرچوو و سەردەمی تۆ کۆتاییهاتووە.”
بە گوێرەى هەواڵێکی رۆژنامەى کۆرکوسوز ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵ و کاندیدی جەهەپە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە میانەى کۆبوونەوە جەماوەرییەکانی لە ئەنقەرە رایگەیاند، ئیتر لە تورکیا کات کاتی گۆڕانکاریی و نوێبوونەوەیە.
ئیمامئۆغڵو ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە یاسای ژیان و یاسای سیاسەتە، ئەوانەى سەردەم و تەمەنیان بەسەرچووە دەڕۆن، لەکاتێکدا خۆی لەخۆیدا ئەردۆغان کۆتا خولێتی، تەمەنی بەسەرچووە ئیتر سەردەم سەردەمی گەنج و “سەردەمی ئەکرەمە.”
بڕیارە لە 2028 هەڵبژاردنی گشتی لە تورکیا بەڕێوەبچێت و ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ بە سەختترین و بەرچاوترین رکابەری ئەردۆغان دادەنرێت لە هەڵبژاردنەکەدا، بەڵام بەشێک لە میدیاکانی تورکیا باس لەوە دەکەن، رەنگە پێش هەڵبژاردن ئیمامئۆغلۆ لە کاندیدبوون بێبەشبکرێت.
ئەو میدیا تورکییانە دەڵێن، بێبەشکردنی ئیمامئۆغلۆ بەهۆی “ترسی” سەرۆککۆماری تورکیاوەیە لەبەرامبەر شکستی بە رکابەرەکەی، هەر بۆیە لەئێستادا چەند تۆمەتێکی گەندەڵی لە دادگا لە دژی ئیمامئۆغلۆ جوڵێندراوە.
ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ لە ساڵی 2019ەوە سەرۆکی گەورشارەوانی ئیستەنبوڵە دوای بردنەوەی لە رکابەرەکەی کە لە پارتەکەی سەرۆککۆماری تورکیا بوو.