زووم..
ئیدارەى خۆسەر لە رۆژاڤای کوردستان، لە 14ـەمین ساڵیادی ئاڵۆزییەکانی سوریا داوادەکات خەبات بکرێت بۆ دەستوورێکی نیشتمانیی یەکگرتوو.
ئیدارەى خۆسەر لە راگەیەنراوێکدا داوا لە تەواوی هێزە سیاسییە نیشتمانییەکانی سوریا دەکات، خەبات بکەن بۆ دەستوورێکی نیشتمانیی یەکگرتوو، تاوەکو زیهنیەتی دەسەڵاتی ئێستا لە زیهنیەتی دەسەڵاتی پێشوو رزگار بکەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، شۆڕشەکە بە روخانی رژێمی بەعس لە ٨ـی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو بۆ تەواوی پێکهاتەکان گەیشت بە ئەنجام و دەسکەوتێکی مەزن و سەرچاوەی هیوا و دڵخۆشی و سەربەرزی بوو، چونکە گرنگترین ئامانج و هیوای گەلی سوریا رزگاربوون بوو لە رژێمی بەعس و بنیاتنانی سوریایەک بۆ تەواوی سورییەکان.
هەروەها ئیدارەی خۆسەر دەشڵێ، پشتگیری لە بنیاتنانی سووریایەکی فرەڕەنگ بۆ لەخۆگرتنی هەموو پێکهاتەکان دەکات و سوورن لەسەر بەڵێنەکانیان بۆ درێژەدان بە خەبات لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجەکانی شۆڕش، بۆ ئەوەی دەستووری سوریا ببێتە دەستوورێک مافی تەواوی پێکهاتە بپارێزێت، بەبێ پشتگوێخستن و دوورخستنەوەی هیچ لایەک.