زووم..
ناکۆکییەکانى نێوان ئەمریکا و ئەفریقیای باشوور بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر هەنگاودەنێ، ئیدارەى ترەمپ، ئیبراهیم رەسوڵ، باڵیۆزی ئەو وڵاتەى لە واشنتن دەرکرد ناردیەوە بۆ وڵاتەکەى خۆی.
مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئیبراهیم رەسوڵ کەسێکە پەرە بە رەگەزپەرستیی دەدات و رقى لە ئەمریکا و سەرۆک ترەمپە. ئەو گوتەیەکى بیردەخاتەوە کە لە پێگەی برایتبارت گوتویەتى، ترەمپ کار بۆ زاڵکردنى رەگەزی سپی دەکات.
رۆژنامەى جەریدەى کوەیتی دەڵێت، پەیوەندییەکانى نێوان ئەمریکا و ئەفریقیاى باشوورى لەو کاتەوە بەرەو ئاڵۆزیی رۆشتووە، کە لە دادگاى نێودەوڵەتى سکاڵای لە دژى ئیسرائیل و نەتانیاهۆی تۆمارکردووە.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە ئیدارەى نوێی ئەمریکا پرۆژەیەکی لەبەردەمدایە بۆ پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانى ئەمریکا لەگەڵ وڵاتانى دیکە و چاوەڕێش دەکرێت کاریگەریی لەسەر چل وڵاتی دیکە دابنێت.
هەر دوێنێ ئیلۆن مەسک، ملیاردێر و سەرپەرشتیاریی بەشی کارامەیی کۆشکی سپی رایگەیاند، سپی پێستەکانى ئەفریقیاى باشوور قوربانى دەستى جیاکاریی رەگەزین و ستەمیان لێدەکرێت.