زووم..
سەرچاوەیەکی باڵا لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە زوومی راگەیاند، بڕیارە لەم هەفتەیەدا مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دابەشکردنی پۆستەکان کۆببنەوە.
بە گوتەی سەرچاوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەکرێت لەسەر ئەو پۆستانەی یەکێتی لە حکومەتدا دەیەوێت، لەگەڵ دەرئەنجامی کۆبوونەوەی شاندەکانی هەردوو حزب کە لە ماوەی رابردوودا ئەنجامیان داوە.
لە دوای راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆ لای ئەوان دەمێنێتەوە و شایستەیانە بەگوێرەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن.
لای خۆیەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوای پۆستی سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆی دەکرد، بەڵام دوای وەڵامەکانی پارتی لە داواکانی پاشگەز بووەوە و داوای سەرۆکی پەرلەمان دەکات.