هەڵپەساردنی کارى پۆلیسی ئەخلاق، زیاتر چاوى میدیا و سیاسییەکانى خستووەتەوە سەر رابردووى دامەزراوەکە، لەماوەى 25 ساڵى رابردوودا سێ جار بەرپرسانى باڵاى ئێران کارى پۆلیسی ئەخلاقیان هەڵپەساردووە و دواتر کارایان کردووەتەوە، ئێستاش کەمنین ئەوانەى چوارەم هەڵپەساردنیش وەک “سیناریۆیەک” بۆ هێورکردنەوەى ناڕەزایەتییەکان دەبینن.
هەواڵەکە دوێنێ، یەکشەممە، 4ى کانونى یەکەمى 2022 بڵاوکرایەوە، محەمەد جەعفەر مونتەزی، داواکارى گشتى ئێران زانیارییەکانى بۆ یەکەمجار درکاند.
ئەو گوتى، پۆلیسی ئەخلاق هیچ پەیوەندییەکی بە دەسەڵاتی دادوەرییەوە نییە، ئەو کەسانەی دایانمەزراندووە ئێستا هەڵیانپەساردووە.
مونتەزری ئاشکرایکرد، پەرلەمان و ئەنجومەنی باڵای شۆڕش سەرقاڵی و دیراسەکردنی پرسی باڵاپۆشین و لەماوەی 15 رۆژدا ئەنجامەکەی رادەگەیەنن.
لێکدانەوەى بڕیای هەڵپەساردنی پۆلیسی ئەخلاق
رەزا کەعبی، ئەندامی دەفتەری سیاسی کۆمەڵەی سۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانى ئێران بە زوومی گوت، هەڵپەساردنی کارى پۆلیسی رێنوێنیکەر “پۆلیسی ئەخلاق”، هیچ لە دۆخى خۆپیشاندەران و ناڕەزایەتییەکان ناگۆڕێت، چونکە “رژێمی ئێران بەسەدان هەزار هێزی سەرکوتکەری لە ناو شەقامەکان بڵاوەپێکردووە” هەڵپەساردنی پۆلیسی ئەخلاق، تەنها “فێڵێکە لە خۆپیشاندەران دەکرێت” دەسەڵاتدارانی ئێران دەیانەوێت خەڵک بەوشێوەیە تێبگەیەنن، کە “پاشەکشەی کردووە لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان و لەو یاسا کۆنەپەرستانەی کاری پێدەکەن”.
هەڵپەساردنی پۆلیسی رێنوێنیکەر “پۆلیسی ئەخلاق”، تەنها “فێڵێکە لە خۆپیشاندەران دەکرێت”
رەزا کەعبی دەڵێت “ئەو کەسانەی لە پۆلیسی ئەخلاق بوون گوایە هەڵپەسێراون، ئێستا لەگەڵ هێزەکانی دیکەى رژێم بە جلوبەرگی جیاوازەوە بەردەوامن لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران”.
هاوکات د. عارف ئەلکەعبی، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری ئەهواز، قسەى بۆ سکاى نیوز کردووە و هۆشداری دەدات، کە چارەسەری پۆلیسی ئەخلاق هەڵپەساردن نییە. ئەو نمونەکانى رابردووى هەڵپەساردنى پۆلیسی ئەخلاق دەگێڕێتەوە، کە چەندینجار هەڵپەسێردراوە و دواتر زیندووکراوەتەوە.
لە سەردەمی دەسەڵاتى محەمەد خاتەمی لە ساڵانی 1997 بۆ 2005 پۆلیسی ئەخلاق هەڵپەسێردرا. دواتر ئەحمەدی نەژاد بوو بە سەرۆککۆمار و پۆلیسی ئەخلاقى لە ساڵانى 2005 بۆ 2013 کاراکردەوە.
حەسەن روحانی کاتێک بوو بە سەرۆککۆمار، کاری پۆلیسی ئەخلاقى لە 2013 بۆ 2021 هەڵپەساردەوە.
ساڵى 2021 ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆمارى ئێستا پۆلیسی ئەخلاقی کاراکردەوە.
ئێستاش جارێکى دیکە هەڵپەسێردراوەتەوە.
د. عارف کەعبی، هەڵپەساردنی پۆلیسی ئەخلاق بە بڕیارێکی”تاکتیکی” وەسف دەکات، بۆئەوەی خۆپیشاندەرانی ئێران بڕوا بهێنن، کە دەسەڵات وەڵامی داواکارییەکانیان دەداتەوە.
هەڵپەساردنی پۆلیسی ئەخلاق بڕیارێکی”تاکتیکی”یە
سۆران نوری، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزبی دیموکراتی کوردستانى ئێران، یەکێکى دیکەیە لەوانەى زووم بۆچوونى وەرگرتووە، ئەو دەڵێت، هەڵپەساردنى پۆلیسی ئەخلاق، لەبەر دوو هۆکارە؛ “رژێمی ئێران دەیەوێیت بە هەڵپەساردنى پۆلیسی ئەخلاق ئەوە بگەیەنێت خۆپیشاندەرانی شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان تەنها دەیانەوێت پۆلیسی ئەخلاق نەمێنێت، واتە دەیەوێت داواکاری خۆپیشاندەران لەوەدا بچوک بکاتەوە و ناڕەزایەتیەکان کۆنترۆڵ بکات”.
ئەو دەڵێت “رژێمی ئێران بەو هەنگاوەى دەیەوێت بە وڵاتان بڵێت خۆپیشاندەران داوای نەمانی پۆلیسی ئەخلاقیان کردووە ئێمەش داواکارییەکەمان جێبەجێکردووە”.
سۆران نوری گوتی، داواکاری خۆپیشاندەرانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان نەمانی پۆلیس ئەخلاق نیە، بەڵکو داوای “روخانی رژێمی ئێران” دەکەن، بۆیە هەڵپەساردنى پۆلیسی ئەخلاق، تەنها بۆ “بەلارێدابردنی خۆپیشاندانەکانە”.
سۆران نوری، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزبی دیموکراتی کوردستانى ئێران:
دەیانەوێت داواکارییەکانی خۆپیشاندەران لە هەڵپەساردنی پۆلیسی ئەخلاق، بچوک بکەنەوە
عارف باوە جانی، بەرپرسی پارتی سەربەستى کوردستان لەو بڕوایەدا ئەو بڕیارە “فێڵێکە” بۆ هێورکردنەوەی ناڕەزایەتییەکان و “پاساوێک بۆ دەسەڵات بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان دەڕەخسێنێت، بە بیانووی ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئێران سەرباری هەڵپەساردنی پۆلیسی ئەخلاق، بەڵام هێشا ناڕەزاتییەکان بەردەوامە”.
ئەو دەڵێت، خۆپیشاندەرانی ئێران داوای هەڵوەشاندنەوەی پۆلیسی ئەخلاق ناکەن، بەڵکو داوای “ئازادی” دەکەن، ئێستاش ئاستی داواکارییەکانیان بۆ رۆشتنی “رژێمی ئێران” بەرزبووەتەوە، کەواتە تۆپەکە ئێستا لە یاریگای خۆپیشاندەراندایە، ئایا تێدەگەن کە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پۆلیسی ئەخڵاق “فێڵە” و بەردەوام دەبن لە ناڕەزایەتی دەربڕین یان دابەش دەبن و کۆتایی بە ناڕەزاتییەکان دێت.
مەحمود جابر قسەى بۆ سکاى نیوز کردووە، هاوڕایە لەگەڵ قسەکانی سەرۆکی پارتی سەربەستى کوردستان و دەڵێت “رەنگە ئامانجی بڕیارەکە بۆ دروستکردنی دووبەرەکی لەنێو خۆپیشاندەران بێت”.
گۆڕانکارى لە دەستورى ئێران
خۆپیشاندەران و رەخنەگرانى کۆمارى ئیسلامى ئێران بنەما دەستورییەکانى ئێران وەک بەرپرسیار لە دۆخی “توندڕەوی” کە بەسەر کۆمەڵگەدا سەپێنراوە دەبینن.
مەولەوی عەبد ئەلحەمید، “ئیمامی” سوننەکان لە زاهیدان دەڵێت، ئەگەر سەرکردایەتی بیەوێت پشتڕاستی بکاتەوە، کە شەرعیەتەکەی لە خەڵکەوە وەرگرتووە ئەوا پێویستە ریفراندۆم لەسەر دەستور ئەنجام بدات.
هاوکات رەزا کەعبی، کە قسەى بۆ زووم کردووە دەڵێت، گۆڕانکاریى دەستور لەلایەن ئەو لایەنانەوە بڵاودەکرێتەوە، کە “دارودەستەی رژێمن” بەهەمانشێوە ئەوەش جۆرێکە لە “فێڵ” و لە گەلانی ئێران دەکرێت.
دەستوری ئێران سەرتاپای دەبێت هەڵبوەشێتەوە، چونکە “دژی مرۆڤایەتییە و هەموو مادەکانی لە خزمەت کۆماری ئیسلامی ئێراندان” دەستوریش هەڵناوەشیتەوە، تاوەکو کۆماری ئیسلامی لە دەسەڵاتدا بێت. ئەمە گوتەی رەزا کەعبی، ئەندامی دەفتەری سیاسی کۆمەڵەی سۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانى ئێرانە.
رەزا کەعبی، ئەندامی دەفتەری سیاسی کۆمەڵەی سۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانى ئێران:
دەستوری ئیران سەرتاپای دەبێت هەڵبوەشێتەوە
سۆران نوری، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزبی دیموکراتى کوردستانى ئێران لەبارەى دەستوورەوە بە زوومی گوت، لەناوخۆی ئێران دەنگۆیەک بڵاوکراوەتەوە “گوایە رژێم نیازی هەیە دەستکاری دەستور بکات ئەم پروپاگەندانە دارودەستەکەی رژێمی ئێران بڵاویدەکەنەوە بۆئەوەی ئەو فشارەی لەسەر کۆماری ئیسلامی هەیە کەم ببێتەوە”.
ئەو گوتی، بابەتی گۆڕانکارى لە دەستوور بۆ ئەوەیە ئەو “شۆڕش و ناڕەزایەتییە فراوانانەی لە ئێران هەیە کەم ببێتەوە و بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڵێت خۆپیشاندەران چەند داواکارییەکان هەبووە، ئێمەش جێبەجێمان کردووە”.
محەمەد رەزا باهنەر، یەکێکە لە کەسایەتییە دیارەکانى ئوسوڵی ئیسلامی لە ئێران، داوای هەموارکردنەوەی دەستوری کرد، ئەو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی خەبەر رایگەیاند، دوای 40 ساڵ لە دەرکردنی دەستور ناچارین سەرلەنوێ بە هەندێک مادەی دەستوردا بچینەوە.
دوای 40 ساڵ لە دەرکردنی دەستور ناچارین سەرلەنوێ بە هەندێک مادەی دەستوردا بچینەوە
سدیق زیبا کەلام، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە ئێران دەڵێت، گەورەترین عەیب و کەموکورتی دەستور ئەوەیە، کە لەلایەن “فەقێناسانەوە” نەنوسراوە.
هاوکات مەحمود جابر شارەزایی سیاسەتی ئێرانیش رەتیدەکاتەوە تاران بەمنزیکانە ریفراندۆم بۆ دەستور ئەنجام بدات.
دەستوری ئێران لە 2ی کانوونی دووەمی 1979 پەسەندکرا و لە ساڵی 1989 بۆ تێکەڵکردنی پۆستی سەرۆکوەزیران لەگەڵ سەرۆکی دەوڵەت هەموارکرایەوە.