تۆپی پێ بۆتە دەرمانی زۆر دەرد، وا درێژكردنەوەی تەمەنی مرۆڤیشی هاتەسەر.
پسپۆڕانی زانستی دەروونناسی جەختدەكەنەوە لەوەی هاندانی تیپەكانی تۆپی پێ لە كاتی ركابەرییەكاندا، سودێكی زۆری بۆ تەندروستی مرۆڤ هەیە لە رووی دەروونی و جەستەییەوە، هەروەك وا لە مرۆڤ دەكات هەست بە ناسنامەی خۆی بكات و هەلێكی نایابیشە بۆ پەیوەندی دروستكردن لەگەڵ كەسانی دیكە.
هاندانی تیپەكانی تۆپی پێ، سودێكی زۆری بۆ تەندروستی مرۆڤ هەیە
لە 20ی تشرینی دووەمی ئەمساڵەوە یارییەكانی مۆندیالی 2022 لە قەتەر دەستیانپێكردوە و رۆژ لە دوای رۆژیش ركابەری و تاموچێژ لە پاڵەوانێتییەكەدا زیاتر دەبێت، جا ئەوەی عاشقی تۆپی پێیە، زێڕینترین مانگی ساڵی لەبەردەستدایە، ئەوەشی كەیفی بە یارییەكە نایەت، بە جۆرێك لە جۆرەكان هەر لە بابەتەكەوە دەگلێت.
لە یارییەكانی مۆندیالدا ئاست و ئەنجام و روداوی زۆر سەیر و سەرسوڕهێنەری تێدابوو، ئەنجامەكان بەتایبەتی كەشێكی سەیری دروستكردوە، هاندەرانی هەڵبژاردەكانی سات لە دوای سات لەگەڵ یارییەكاندا گەرموگوڕ دەبن و لەگەڵ هەر بردنەوەیەك شادی و خۆشی و ئاهەنگگێڕان دەستپێدەكات، عاشقانی تیمە دۆڕاوەكانیش، جگە لە بێزاری و نیگەرانی، غەم و خەفەتیش دایاندەگرێت.
لەگەڵ ئەو كەشوهەوا پڕ لە روداوە چاوەڕواننەكراوانە، بەڵام پسپۆڕانی پزیشكیی دەرونی دوپاتیدەكەنەوە، كە هەندێك هۆكاری زانستی باش هەن وات لێدەكەن ببیتە تەماشاكەری یارییەكانی مۆندیال لە رێی شاشەی تەلەفزیۆنەكانەوە. بۆ ئەوەش چەندین سودی تەندروستی دەژمێرن، كە بەهۆی هاندانی هەڵبژاردەی دڵخوازی خۆتەوە چنگت دەكەون.
هەلی پەیوەندیكردن
كاری ویلاند مامۆستای زانستی دەروونناسیی كۆمەڵایەتی لە زانكۆی تولان لە ویلایەتی نیو ئۆرلیانزی ئەمریكی دەڵێت: مرۆڤ بە سروشتی خۆی بونەوەرێكی كۆمەڵایەتییە، جامی جیهانییش هەلێكی نایابە بۆ پەیوەندی دروستكردن لەگەڵ كەسانی دیكە و دۆزینەوەی ژینگەی كۆمەڵایەتیی هاوبەش.
ئەو پسپۆڕە بە ماڵپەڕی (پۆپیولار ساینس)ی تایبەت بە توێژینەوەی زانستی وتوە، هاندانی هەڵبژاردەكانی تۆپی پێ واتلێدەكات هەست بكەیت بە بابەتێكی گەورەترەوە پابەندیت، هەروەك وا لە مرۆڤ دەكات هەست بە ناسنامەی خۆی بكات.
لەبارەی خۆشی دەربڕینی دوای هەر گۆڵێك لەلایەن تیمەكەشتەوە، ئەو پسپۆڕەی دەروونناسی دەڵێت: كاتێك بەشداری ئەو هەڵچونە پۆزەتیڤانە دەبیت لەگەڵ كەسانی دیكە، ئەوا دەبێتەهۆی پتەوبونی هەست و سۆزی بەكۆمەڵ و ئەنجامدانی هەڵچونێكی باشتر.
هەروەك بۆ كاتی دۆڕانیش هەمان هەستی پێكەوەبون دروستدەبێت و لەگەڵ كەسانی دەوروبەرت هاوخەمیت دەستپێدەكات. پاش هەر یارییەكیش كاتێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە باسی ئەنجامی یارییەكان دەكرێت، بە هەمانشێوە دەبێتەهۆی پتەوبونی پەیوەندییەكانی نێوان ئەو كەسانەی عاشقی هەمان تیمن.
شانازیكردن بە خودی خۆت
توێژینەوەیەكی دیكەش، كە ساڵی 2019 لە گۆڤاری وەرزیی (كۆمیونیكەیشن ئاند سپۆرت)ی تایبەت بە دەروونناسی وەرزشی بڵاوكراوەتەوە، گەیشتوەتە ئەو دەرئەنجامەی، كە هاندانی تیپی براوە وا لە مرۆڤ دەكات هەست بە بەرزبونەوەی ئاستی رێز و پێزانینی خۆی بكات یاخود دەبێتەهۆی شانازیكردن بە خودی خۆت بۆ ماوەی دوو رۆژ لە دوای بەڕێوەچونی یارییەكە.
هاندانی تیپی براوە دەبێتە هۆی شانازیکردن بە خۆت تا دوو رۆژ دوای یاری
تەمەن درێژدەكات بەڵام بە مەرج…
هەر لەم چوارچێوەیەدا، كاری ویلاند مامۆستای زانستی دەروونناسیی كۆمەڵایەتی لە زانكۆی تولان لە ویلایەتی نیو ئۆرلیانزی ئەمریكی جەختدەكاتەوە، كە هاندانی هەڵبژاردەكان لە مۆندیالدا دەبێتەهۆی درێژبونەوەی تەمەن، بەڵام ئەوە دەوەستێتە سەر شێوازی هاندانی تیپەكەت، ئایا بەدرێژایی یارییەكە لەسەر كورسی دانیشتویت و چاوت بڕیوەتە شاشەی تەلەفزیۆنەكە؟ یاخود هەڵبەز و دابەز دەكەیت و فیزیكییەن لەگەڵ هەر هەل و هێرشێكی ناو یارییەكە دەجوڵێیت؟.
هاندانی هەڵبژاردەكان لە مۆندیالدا دەبێتەهۆی درێژبونەوەی تەمەن, بەڵام ئەوە دەوەستێتە سەر شێوازی هاندانی تیپەكەت
ئەو پسپۆڕە باس لەوە دەكات، كە ئەو شێوازی هاندانە ناگاتە ئاستی مەشق و راهێنان، بەڵام ئەو جوڵە بچوكانە وا لە جەستە دەكات كە لە جوڵەی بەردەوامدابێت و چالاكیی مرۆڤەكەش نوێدەكاتەوە.
هەروەها پسپۆڕانی ئەم بوارە پێیانوایە كە هاندانی تیمی وەرزشی و هەستكردن بە ناسنامە، كاریگەری لەسەر باشبونی تەندروستیی جەستەیی و دەرونی هەیە، خەمۆكی كەمدەكاتەوە، ئەوەش وا دەكات تەمەنی مرۆڤ زیاد بكات.
هاندانی تیمەكان دڵەڕاوكێی مرۆڤ كەمدەكاتەوە
لەلایەكی دیكەوە پسپۆڕانی دەروونناسی دوپاتیدەكەنەوە، كە رۆچونە نێو تەماشاكردنی یارییەكانی مۆندیال دەبێتەهۆی كەمكردنەوەی دڵەڕاوكێ و دوركەوتنەوە لە خەمەكانی ژیانی رۆژانە.
لەوبارەیەوە ئیریك زیلمەر پسپۆڕی تەندروستیی دەروونی لە زانكۆی دریكسل لە ویلایەتی فیلادلفیای ئەمریكا دەڵێت: تەماشاكردنی ئەو تیمانەی جامی جیهانی دەبەنەوە، لە راستیدا رەنگە ببنە پەناگەیەكی كاتی لە ژیانی واقیعیدا.
دەشڵێت: وەرزش واتلێدەكات، كە هەست بكەیت لە ژیان بەردەوامیت و لە راستیدا وەرزش واتلێدەكات بەسەر ئاستەنگییەكاندا سەربكەویت، چونكە ئەوەی دەشێت لە جیهانی وەرزشدا روبدات، دەكرێت لە ژیانی رۆژانەشدا بێتەدی.