زووم..
میساق عەبدولحسێن، یاریدەدەری تەکنیکی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاشکرایکرد، کە وڵاتەکەى پلەی یەکەمی لە ژمارەی دارخورما هەیە، هەروەها چوارەم وڵاتیشە لە ئاستى جیهان لە بەرهەمهێنانی خورما، ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق لە ساڵی 2024دا 700 هەزار تۆن خورماى هەناردەکردووە.
عەبدولحوسێن بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ـی راگەیاند، ژمارەی دارخورما لە عێراق بە زیاتر لە 22 ملیۆن دارخورما مەزەندە دەکرێت، پلانیش هەیە لە ساڵانی داهاتوودا ئەم ژمارەیە بۆ 30 ملیۆن دارخورما زیاد بکرێت.
ئەو روونیکردەوە، سەبارەت بە ریزبەندی وڵاتان لەڕووی ژمارەی دارخورما، هەندێک داتا ئاماژە بەوە دەکەن، کە عێراق بە 22 ملیۆن دارخورما لە پلەی یەکەمدایە، دواتر ئێران بە 21 ملیۆن دارخورما دێت، پاشان سعودیە بە 12 ملیۆن دارخورما، جەزائیر بە 9 ملیۆن دارخورما، هەروەها میسر و لیبیا هەریەکەیان 7 ملیۆن دارخورما.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەڕووی بەرهەمهێنانی خورما، عێراق بەپێی دوایین داتاکان لە پلەی چوارەمی جیهاندایە، ئاماژەی بەوەشکرد، “عێراق لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا زیادبوونی بەرچاوی بەرهەمهێنانی خورماى تۆمارکردووە”.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا باسى لەوە کرد، لە ساڵی 2022 بەرهەمی عێراق گەیشتە زیاتر لە 650 هەزار تۆن، هەروەها لە ساڵی 2023دا بەرزبووەوە بۆ نزیکەی 725 هەزار تۆن، هەروەها لە ساڵی 2024دا بەرهەمی 800 هەزار تۆن تێپەڕاند، کە زیاتر لە 700 هەزار تۆن هەناردەی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان کرا”.
هەروەها رایگەیاند، ئەم زیادبوونە لە ئەنجامی هەوڵەکانی وەزارەتی کشتوکاڵە بۆ پاڵپشتیکردنی کەرتی کشتوکاڵ و بەرزکردنەوەی هەناردەکردن، بە ئامانجی هەمەچەشنکردنی ئابووری نیشتمانیی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت.