زووم..
فەرماندەی ناوەندیی ئەمریکا سێنتکۆم رایگەیاند، هێزەکانیان بەهاوکاری هێزە هەواڵگریی و ئەمنییەکانی عێراق لە پارێزگای ئەنبار عەبدوڵا مەکی موسڵیح رفیعی ناسراو بە ئەبو خەدیجە کەسی دووەمی داعشیان کوشتووە.
سێنتکۆم دەشڵێت، ئەبوخەدیجە بەرپرسی لیژنەی راسپێردراو و بەرپرسی نوسینگەی ئۆپراسیۆنەکانی دەرەوە بووە کە باڵاترین دەستەی بڕیاردانە لەناو داعشدا، هەروەها بەرپرسی ئۆپراسیۆنەکان و پلاندانان و کارە لۆجستییەکان بووە کە داعش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەنجامی دەدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کوشتنی ئەبوخەدیجە بە پلانێکی ورد ئەنجامدراوە و دوای بۆردومانکردنی، هێزەکانی هاوپەیمانان و عێراق چونەتە شوێنەکە و تەرمی ئەبوخەدیجە و چەکدارێکی دیکەی داعش لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون کە هەردووکیان پشتێنی بۆمبڕێکراویان پێبووە، بەڵام نەتەقیووەتەوە، لەگەڵ بوونی ژمارەیەک چەک و تەقەمەنی لە ئۆتۆمبێلەکەیاندا.
هاوکات مایک کۆریلا فەرماندەی سێنتکۆم دەڵێت، ئەبوخەدیجە یەکێکبووە لە سەرکردە گرنگەکانی داعش لە ئاستی نێودەوڵەتیدا و بەهەماهەنگیی هاوبەشەکانیان بەردەوامدەبن بۆ لەناوبردنی داعش.