رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
گروپى حەوت وڵاتە پیشەسازییەکە داوا لە ئێران دەکەن دەست بەدانوستانەکان بکاتەوە
لە بەیاننامەیەکى هاوبەشى حەوت وڵاتە پیشەسازییەکەدا، کە دوێنێ لە کەنەدا کۆبوونەوە داوایان لە ئێران کرد رێگەى دبلۆماسیی بگرێتە بەر بۆ چارەسەرکردنى کێشەى ئەتۆمی و تۆمەتباریانکردووە بە دروستکردنى نائارامی و داواشیان لێکردووە پەنا نەبات بۆ گرتن و تیرۆر کردنی کەسانى بیانی.
لە بەیاننامە هاوبەشەکەیاندا هاتووە تاران هۆکاری سەرەکی نائارامیی ناوچەکەیە و داوایان لێکردووە ئاراستەى کارکردنی بگۆڕێت و رێگەى دبلۆماسی بگرێتە بەر، تارانیش لە لای خۆیەوە رایگەیاندووە، ئەمریکا لەسەر سیاسەتى سزادان راهاتووە بۆ فشارخستنە سەر وڵاتانى سەربەخۆ.
ئیسماعیل بەقائیش لەبارەى سزا نوێیەکانى ئەمریکاوە رایگەیاندووە، سزا نوێیەکانى ئەمریکا بەڵگەى پێشێلکاریی یاسا نێودەوڵەتییەکانى ئەمریکان. گروپى حەوت وڵاتە پیشەسازییەکە بریتین لە کەنەدا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، بەریتانیا و ئەمریکا لەگەڵ نوێنەرایەتى باڵاى یەکێتى ئەوروپا.
عەرەب
قسەکردن لەبارەى سیاسەتەوە لە گوتاربێژانى ئاینیی کوەیت قەدەغەکرا
وەزارەتى کاروباى ئیسلامی کوەیت گوتاربێژانى مزگەوتەکانى ئاگادارکردووەتەوە کە بەهیچ شێوەیەکى راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ قسە لەسەر بابەتە سیاسییەکان نەکەن.
رۆژنامەکە نوسیویەتى ئەم بڕیارەى حکومەتى کوەیت لەکاتێکدایە کە لەماوەکانى پێشوودا لە لایەن ئیخوان و سەلەفییەکانەوە بۆ پەرەپێدانى بیروباوەری خۆیان هێرشى زۆریان کردووەتە سەر حکومەتى کوەیت و کاریگەریی ئەو گوتارانەش لەسەر کۆمەڵگە دەرکەوتووە.
بڕیارەکە لە رێگەى نوسراوێکى فەرمییەوە ئاڕاستەى سەرجەم گوتاربێژەکان کراوە و واژۆی بریکاری وەزارەتى کاروبارى ئیسلامی لەسەرە.
لە نوسراوەکەدا باس لەوەش کراوە، هەر کتێب و نوسراو و بڵاوکراوەیەک رێگە پێدراوى حکومی نەبێت نابێت ببرێنە کتێبخانەى مزگەوتەکان و دەرگاى مزگەوتەکانیش بەبەردەوامی کراوە نەب.
زەمان
نەگەڕانەوەى سەربازە یەدەگەکانى ئیسرائیل ئەفسەرە پلەباڵاکانى نیگەران کردووە
رۆژنامەى -هارتس- ـى ئیسرائیلى بڵاویکردەوە، قەیرانى نەگەڕانەوەى سەربازانى یەدەگى ئیسرائیلی بۆ نێو سوپا ئەفسەرە پلەباڵاکانى نیگەران کردووە، رۆژنامەکە بڵاویکردوەتەوە دیاردەکە تازە سەریهەڵداوە و بە پێچەوانەى سەرەتاکانى جەنگەکەیە، بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە لەسەرەتاى جەنگەکەوە 90%ـى سەربازە یەدەگەکان دەگەڕانەوە سەر کارەکانیان، بەڵام ئێستا 70%ـى ئەو رێژەیە کەمیکردووە و چاوەڕێش دەکرێت بگاتە 50%.
بۆ چارەسەری ئەو دۆخە سوپاى ئیسرائیل لە رێگەى پەیجەکانى فەیسبوکەوە هەلى کار لەنێو سوپا بڵاودەکاتەوە، کە هەموویان لەنێو غەزە و لوبنانن، رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، سوپاى ئیسرائیل ئەو گەرم و گوڕییەى سەرەتاکانى جەنگەکەى نەماوە و سەربازەکان تاقەتى شەڕکردنیان کەمبووتەوە، تەنانەت بەخشیش و چاککردنى خواردنى سەربازەکان و گۆڕینى ستافى چێشتخانەکانیان گۆڕانکاریی لە دۆخەکەدا دروست نەکردووە.
عەرەبی جەدید
ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ گواستنەوەى خەڵکی غەزە روو لە ئەفریقیا دەکەن
ئاژانسى ئاسۆشەیتد پرێس لە زارى دوو بەرپرسى ئەمریکى و ئیسرائیلییەوە بڵاویکردەوە، دواى ئەوەى وڵاتانی عەرەبی رەتیانکردەوە جێگەى خەڵکی غەزە بکەنەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل پێکەوە دەستیانداوەتە گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانى سودان و سۆماڵ بۆ ئەوەى هاووڵاتییانى غەزەیان بۆبگوازنەوە، بەرپرسێکى سودانیش بە ئاژانسەکەى راگەیاندووە، سودان رەتى داواکارییەکانى کردووەتەوە، بەرپرسە ئەمریکییەکە رایگەیاندووە، بە شێوەیەکى نەرم لەگەڵ بەرپرسانى سۆماڵ لەگفتوگۆدان.
لە هەمان کاتدا بەرپرسێکى حکومەتى سۆماڵ رایگەیاندووە، هێشتا لەو بارەیەوە قسەیان لەگەڵ نەکراوە.
بەگوێرەى راپۆرتى ئاژانسەکە هەر وڵاتێک بەدەم داواکەى ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بچێت هاوکاریی دارایی و سەربازیی و ئەمنى دەکرێت و بە پێچەوانەى ئوردن و میسرەوە کە بەهۆی رەتکردنەوەیان فرۆشتنى پێداویستییە سەربازییەکانى ئەمریکایان لێ قەدەغەکراوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
ستامەر بە پوتین دەڵێت، ئەو یاریە رابگرە
ستامەری سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لەپێش ئەنجامدانی دیداری لوتکەی یەکێتیی ئەوروپا و ناتۆ، گوتارێکی هەبوو تێیدا گوتی، سەرۆکی روسیا حساب بۆ پلانەکەی ترەمپ ناکات.
ستامەر دەڵێت، پوتین دەیەوێت خۆی لە ملدان بە ئاگربەست بدزێتەوە و دوای بخات. بۆیە دەیبینین یاریی جۆراوجۆر دەکات.
بڕیارە ئەمڕۆ دیدارێکی لوتکە بۆ 25 سەرکردەی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و ناتۆ سازبکرێت. ستامەریش بەشداردەبێت. ئەم سەرکردانە لەو دیدارەدا پێداگری لەوەدەکەن، کە ئەگەر روسیا مل بە ئاگربەست نەدات ئەوا وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و هێزەکانی ناتۆ سووردەبن لەسەرئەوەی پشتگیریی راستەوخۆی ئۆکراین بکەن.
تایمز
پارتی کرێکاران دەیەوێت مووچەی یەک ملیۆن خاوەن پێداویستیی تایبەتی بەریتانی کەمبکرێتەوە
یەک ملیۆن هاووڵاتیی خاوەن پێداوسیتیی تایبەتی بەریتانی کەوتونەتە بەر ئەگەری ئەوەی موچەی مانگانەکەیان کەم بکرێتەوە.
چونکە ئەو پلانە نوێیەی کە حکومەت دەیەوێت لە بواری دابینی کۆمەڵایەتییدا کاری پێبکات، تەنها ئەوکەسانە دەگرێتەوە کە ئاستی کەمئەندامێتییەکەیان زۆر بەرزە. ئەوانی دیکە لە مووچەکانیان دەبڕدرێت.
بڕیارە هەفتەی داهاتوو پلانی کەمکردنەوەی خەرجییە زیادەکان بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەم پلانە مووچەی ئەو کەسانە دەبڕێت کە گرفتیان لە تەندروستیی عەقڵییاندا هەیە، هەروەها ئەوکەسانەش دەپێکێت، کە خۆیان ناتوانن خۆیان بشۆن، یاخود نان بخۆن و جل لەبەربکەن.
ئیندیپێندەنت
ئازادکردنی هەزاران منداڵی فڕێندراو، یەکێکە لە مەرجەکانی ئۆکراین بۆ ئیمزاکردنی ئاگربەست
لەکاتێکدا کە ترەمپ هەوڵێکی باش و لەباری لەگەڵ پوتیندا خستۆتەگەڕ و دەیەوێت بیگەیەنێت بەوەی ئاشتی پەسەندبکات. ئەم رۆژنامەیە زانیویەتی مەرجی سەرەکیی ئۆکراین بۆ گەیشتن بە ئاگربەست، بریتییە لە ئازادکردنی هەزاران هاووڵاتیی ئۆکراینی، کە گەنج و منداڵ بوون و لەلایەن رووسییەکانەوە فڕێندراون.
ئەم رۆژنامەیە زانیویەتی کە ئۆکراین ژمارەیەک هێڵی سووری بۆ ئەمریکا داناوە، کە ناتوانێت چاوپۆشییان لێبکات، پێش ئەوەی کە ئاگربەست ئیمزابکات.
سێ ساڵ بەسەر دەستپێکردنی ئەو شەڕەدا تێپەڕبووە و جیهان چاوەڕوانی ئەوەیە بزانێت داخۆ ئەو پلانی ئاگربەستە سی رۆژییەی زێلینسکی پێی رازی بووە، پوتینیش قایل دەکات شەڕ رابگرێت یاخود نا.
دەزانرێت کە بەشێکی سەرەکی لە ئەرکی ئۆکراین بریتییە لە گفتوگۆکردن لەسەر چارەنوسی ئەو ناوچانەی روسیا دەستی بەسەرداگرتوون.
یو ئێس ئەی توودەی
ترەمپ هەڕەشەی شەڕە ئابوورییەکانی دەباتە ئاستێکی تووندتر
ترەمپ دەڵێت، ئامانجی داهاتووی شەڕەکەی بریتییە لە یەکێتیی ئەوروپای شەڕەنگێز و بەدڕەفتار.
دوێنێ دۆناڵد ترەمپ یەکێتیی ئەوروپای دایە بەر هێرشەکانی خۆی و گوتی، ئەوێ دەستەڵاتێکی شەڕەنگێز و بەدڕەفتاریان هەیە، لە سەپاندنی باج و گومرگدا زۆر تووندن.
لەبەرئەوە نیازی وایە باجی 200٪ بسەپێنێت بەسەر هەموو ئەو خواردنەوە کحوولییانەدا، کە لە وڵاتانی ئەوروپاوە دەچنە ناو ئەمریکا.
لە وەڵامی ئەم هەنگاوەی ترەمپدا یەکێتیی ئەوروپاش گوتیان ئەوانیش بەزوویی باجی گومرگیی زیاتر دەسەپێنن بەسەر کاڵا ئەمریکییەکاندا.
رۆژنامە فارسییەکان
ئەبراری ئیقتسادی
رێککەوتنی بازرگانی ئێران و وڵاتانی ئۆراسیا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە
باڵیۆزخانەی ئێران لە مۆسکۆ رایگەیاند، کە رێککەوتنی بازرگانیی ئازادی نێوان ئێران و یەکێتی ئابووری ئۆراسیا لە مانگی داهاتوودا جێبەجێ دەکرێت.
ئەم هەواڵە دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان باڵیۆزی ئێران و وەزیری بازرگانیی یەکێتییەکە راگەیەندرا.
بەگوێرەی رێککەوتنەکە،باجی سەر 87٪ـی کاڵا بازرگانییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئۆراسیا لە گومرگ دەبەخشرێن.
رێکەوتنەکە لە مانگی یەکی 2024 واژۆ کراوە و لەلایەن هەردوو پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزەرانی ئێرانەوە پەسەند کراوە.
یەکێتیی ئابووریی ئۆراسیا لە وڵاتانی بیلاڕووس، کازاخستان، روسیا، قرغیزستان و ئەرمینیا پێکدێت.
ئێران و چەند وڵاتێکی دیکەش وەک ئەندامی چاودێر بەشدارن.
ئەسکناس
ماسی سوور مەترسییە بۆسەر ژینگەی ئاوی
ماسیی سوور کە هێمای بەختەوەری و زیندووییە لە کەلتووری ئێراندا، لە راستیدا جۆرێکی هێرشبەرە و مەترسییە بۆ سەر ژینگەی ئاوی.
ئەم ماسییە کە بە شێوەیەکی باو لە ئەکواریۆم و حەوز و تونگەی بچوک رادەگیرێت، توانای زاوزێی خێرای هەیە لە ژینگە سروشتییەکاندا و بە ئاسانی هاوسەنگی ئیکۆلۆژی تێکدەدات.
ئازادکردنی ماسیی سوور بۆ ناو رووبار و دەریاچەکان نەک هەر یارمەتیی ئەم ماسیانە نادات، بەڵکو مەترسییەکی جدی لەسەر جۆرە رەسەنەکانیش دروست دەکات.
ئازادکردنی ئەم ماسییە مەترسی لەسەر ژینگە دروست دەکات و هەندێک رێکاری یاسایی بۆ رێگریکردن لێی گیراوەتەبەر. بۆیە هەڵبژاردنی بەدیلێکی جوان وەک رووەکی رازاوە لەبری کڕینی ماسی سوور هەنگاوێکە بەرەو پاراستنی ژینگە.

ئەفکار
زیاتر لە 22 هەزار پۆلیسی هاتووچۆ بۆ نەورۆز لە ئامادەباشیدان
سەرۆکی پۆلیسی هاتوچۆی ئێران دەستپێکردنی پلانی تایبەتی هاتوچۆی نەورۆزی راگەیاند.
ئەم پلانە بە بەشداریی 22 هەزار پۆلیس، زیادکردنی سزای سەرپێچی و بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ چاودێریی رێگاکان جێبەجێ دەکرێت.
هاوکات، کورتەنامەی هۆشداری بۆ شۆفێرە سەرپێچیکارەکان دەنێردرێت.
لە کاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکانی نەورۆز بۆ باشترکردنی سەلامەتی، 700 خوێندکاری بەشی ئاسایش لە پاسەکاندا چاودێری رەفتاری شۆفێرەکان دەکەن. هەروەها نرخی سزاکان 30٪ زیاد دەکات.
بۆ یەکەمجار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، 3000 پشکنەری نهێنی و کامێرای چاودێری بەکاردەهێنرێن.

رۆزگار
حکومەت نرخی بەنزینی فڕۆکەی11 هێندە بەرز کردەوە
بە پشتبەستن بە یاسای بودجەی ساڵی نوێی ئێرانی، حکومەت بڕیاریدا نرخی بەنزینی فڕۆکە لە 600 تمەنەوە بۆ 7 هەزار تمەن بەرزبکاتەوە، واتە11هێندە زیادی بکات.
ئەم گۆڕانکارییە لە نرخەکاندا تێچووی هێڵە ئاسمانییەکان زیاد دەکات و لە ئەنجامدا نرخی بلیتی فڕۆکەوانیش بەرز دەبێتەوە.
زیادبوونی تێچووی سووتەمەنی دەتوانێت ببێتە هۆی مایەپووچبوونی بەشێک لە کۆمپانیاکان.
وەزارەتی رێگاوبان و گەشەپێدانی شارەکان بەنیازە لە رێگەی چاودێریکردنی زیاتری هێڵە ئاسمانییەکان رێگریی لە زیادەڕەویی له بەرزکردنەوەی کرێی فڕۆکە بکات.
رۆژنامە تورکییەکان

جمهورییەت
ئیمامئۆغڵو داوا لە خەڵک دەکات بەشداری هەڵبژاردن بکەن
لەمیانەى بەشداریکردنی لە کردنەوەى پارکێک لە ناوچەی سەنجاکتەپە لە ئیستانبوڵ، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ پەیامی خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار پێشکەش کرد.
هاووڵاتییەک بە ئیمامئۆغڵوی گوت، “ئێوە ئومێدی تورکیان”. لە وەڵامدا ئیمامئۆغڵو گوتی،” هەموان پێکەوە ئومێدی وڵاتەکەمان دەبین”. سەبارەت بە کردنەوەى دۆسیەى یاسایی لەسەریی دەشڵێت، دەیانەوێت رێگرییمان لێبکەن بەڵام ئێمە ناترسین و بەردەوام دەبین لە بانگەوازکردنی گەلەکەمان بۆ سەر سندوقی هەڵبژاردن.

تورکیا
لە رۆژهەڵاتی فورات بنکەی سەربازی دروست دەکرێت
تورکیا بەنیازە لەسەر سنووری وڵاتەکەی و سوریا بنکەى سەربازی نوێ دروست بکات، بە مەبەستی سەقامگیریی و رێگریی کردن لە هەر مەترسییەک بۆ سەر وڵاتەکەى لەلایەن پەکەکەوە.
لە پاش رێککەوتنەی نێوان مەزڵوم عەبدى و ئیداری نوێی سوریا، تورکیا رەزامەندی نیشانداوە بەوەى سوپای نوێی سوریا لە خاڵە سنوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات جێگیر بکرێن بۆ ئەوەى رێگربن لە جموجۆڵەکانی پەکەکە-یەپەگە.
قەرار
داودئۆغڵو: نابێت دەستبەرداری کوردی سوریا بین
ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆکی گشتیی پارتی ئایندە رایگەیاند، ئەو پڕۆسەیەی دەولەت باخچەلی دەستیپێکردووە بۆ ئاشتەوایی لەگەڵ کوردی تورکیا، پێویستە کوردی سوریاش بگرێتەوە و نابێت دەستبەرداری کوردی سوریا بین.
بوگوتەی ئەو، لەبەرئەوەى مەترسی لەسەر دەستوەردانی ئیسرائیل لە ناوچەکە هەیە و ئەگەر هەیە کورد بکرێتە کارتێک لەدژى تورکیا.

ئەکشام
پێنج سیخوڕی ئێران لە تورکیا دەستگیرکران
لە ئۆپراسیۆنێکی هێزە ئەمنیی و هەواڵگرییەکانی تورکیا لە سێ پارێزگای تورکیا پێنج کەس بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئێران دەستگیرکران.
ئۆپراسیۆنەکە لە شارەکانی “ئیستانبوڵ، مەرسین و ئەنتاڵیا” ئەنجامدراوە و بە گوێرەى زانیاری سەرچاوە ئەمنییەکان ئۆپراسیۆنەکان بۆ دەستگیرکردنی سیخوڕە ئێرانییەکان بەردەوام دەبێت.