زووم..
رۆژنامە تورکییەکان
سەباح: نۆ ملیۆن بەساڵاچوو لە تورکیا هەیە
بەگوێرەى راپۆرتێکی دەزگای ئاماری تورکیا، لە تورکیا و باکووری کوردستان رێژەى ئەو کەسانەى تەمەنیان 65 ساڵ و بەرەوژوورترە زیاد بووە و گەیشتۆتە نۆ ملیۆن و 112 هەزار و 298 کەس.
هەر بە گوێرەى راپۆرتەکە ملیۆنێک و حەوت سەد هەزار بەسەڵاچوو بە تەنها دەژین وسەدا55 یان خۆیان توانای بازاڕکردنیان هەیە.
قەرار: عەلی بابەجان پڕۆژەی باشکردنی ئابووری تورکیای پێیە
عەلی بابەجان سەرۆکی گشتیی دێڤا پارتی بەردەوام رەخنە لە سیاسەتی حکومەت دەگرێت بەوەى ساڵانێکە نەیتوانیوە ئابووری وڵات پێشبخات و راشیگەیاندووە لەماوەى یەک مانگدا دەتوانم ئابووری تورکیا باشتر بکەم بە دانانی 10 کەسی پسپۆڕ لە بواری ئابووریدا دەتوانم ئابووری تورکیا پێشبخەم و کۆتایی بە قەیرانی ئابووری بهێنم.
تورکگون: فرۆشتنى یەکەىنیشتەجێبون روو لە زیادبونە
ماوەى هەشت مانگە فرۆشتنى یەکەی نیشتەجێبون بەشێوەیەکی بەردەوام روو لە زیادبوونە.
لە تورکیا وباکووری کوردستان لە مانگی شوباتدا 112 هەزار و 818 یەکەی نیشتەجێبون فرۆشراوە. فرۆشتنى یەکەى نیشتەجێبون بە بیانییەکان، رووسەکان بە پلەى یەکەم دێت.
میلاد: رێژەى هەڵاوسان دەبێتە %24
فاتیح قەرەهان سەرۆکی بانقی ناوەندی تورکیا رایگەیاند هەوڵەکانمان بۆ دابەزینی رێژەى هەڵاوسان بەردەوامە و ئامانجمان ئەوەیە تا کۆتایی ئەمساڵ رێژەى هەڵاوسان بگەیەنینە سەدا 24.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
عەرەب نیوز: سوریا مێژوویەکی نوێ دەنووسێتەوە
ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی نوێی سوریا، دەستوورێکی پێنج ساڵەی کاتیی واژۆ دەکات کە مافەکانی ژنان و ئازادی رادەربڕین دەگرێتەوە.
هەروەها دەستوورەکە جەخت لەسەر جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان دەکات و دەسەڵاتی تایبەت بە سەرۆک دەدات بۆ راگەیاندنی باری نائاسایی.
لە ماوەی قۆناغی گواستنەوەی پێنج ساڵەدا، لیژنەیەک بۆ دادپەروەری دادەمەزرێت بۆ دیاریکردنی میکانیزمەکانی لێپرسینەوە و دادپەروەری بۆ قوربانییان و هەروەها لیژنەیەکی دیکە دەستوورێکی هەمیشەیی دادەڕێژێت.
ئامانجی سەرەکیی دەستووری کاتی ئەوەیە کە وادەیەک بۆ گواستنەوەی سیاسی و هەمیشەیی کردنی دەوڵەت دیاری بکات.
دەیلی تەلەگراف: پۆتین کۆمەڵێک مەرجی بۆ ئاگربەست لە ئۆکراین
پۆتین دوێنێ رایگەیاند کە پرسیاری زۆری هەیە سەبارەت بە ئاگربەست و نێوبژیوانی ئەمریکی و دەردەکەوێت کە زنجیرەیەک مەرجی بەرفراوانی داناوە کە دەبێت جێبەجێ بکرێن پێش ئەوەی رووسیا رازی بێت بە راگەیاندنی ئاگربەست.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە کرێملین لە تەنیشت سەرۆکی بیلاڕووس، پۆتین رایگەیاند کە لە بنەڕەتدا رازی بووە لەگەڵ پێشنیارەکانی ئەمریکا بۆ وەستاندنی شەڕ، بەڵام دەیەوێت چارەسەری “هۆکارە سەرەکییەکانی ململانێکە” بکات.
پۆتین گوتی: “ئایدیاکە خۆی راستە و بە دڵنیاییەوە پشتگیری دەکەین.” بەڵام پێشنیازی کرد کە ئۆکراین خۆی پڕچەک نەکات و سەرباز کۆ نەکاتەوە و یارمەتیی سەربازیی وڵاتانی رۆژئاواییش بۆ ئۆکراین لە کاتی ئاگربەستی 30 رۆژییدا رابگیرێت.
ئیندیپەندەنت: سەرۆکوەزیران ئەنجومەنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی بەریتانیای هەڵوەشاندەوە
ئەنجومەنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی بەریتانیا هەڵوەشایەوە و سەرۆکوەزیران ئەو رێکخراوە دەسڕێتەوە و 10 هەزار پۆست دادەخات.
دەوڵەت پێی وایە ئەم پلانە دەتوانێت سەدان ملیۆن پاوەند لە ساڵێکدا بگەڕێنێتەوە و ئەمەش سەرچاوەی زیاتر بۆ پەرستاران و پزیشکەکان دابین دەکات و ماوەی چاوەڕوانیی نەخۆشەکان کەمتر دەکاتەوە.
وەزیری پێشووی تەندروستیی کۆنە پارێزگارەکان، لە تویتێکدا نووسیویەتی: “ئاواتمان ئەوە بوو کە پێشتر بوێریمان هەبووایە ئەم کارە بکەین”.
گاردیەن: ئۆسترالیا ناڕازییە ترەمپ باجی لەسەر هاوردە سەپاندووە
کیڤن رود، باڵیۆزی ئوسترالیا لە ئەمریکا رایگەیاند: ئیدارەی ترەمپ بە توندی پابەندە بە سیاسەتەکانی باج و دانوستانەکانیش بۆ بەخشینی ئوسترالیا لە باجی هاوردەی پۆڵا و ئەلەمنیۆم شکستی هێناوە.
سەرەڕای چەندین پەیوەندی لەلایەن سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا بۆ ترەمپ، بەڵام ئەو باجە لە رۆژی چوارشەممەوە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ترەمپ پێشتر بەڵێنی دابوو کە بیر لە لێخۆشبوونی ئوسترالیا بکاتەوە، بەڵام ئوسترالیای تۆمەتبار کرد بەوەی کە پۆڵا بە هەرزان دەفرۆشێت و بۆیەش باجی لەسەر سەپاند.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت: پوتن مەرجی ووڵاتەکەى بۆ ئاگربەستى جەنگی ئۆکراین دیارییدەکات
ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکى روسیا، پێشوازیی لە پیشنیارەکەى ئەمریکا دەکات بۆ ئاگربەستی جەنگی نێوان ئۆکراین و ووڵاتەکەى، بەڵام مەرجی بۆ ئەو ئاگربەستە هەیە.
سەرۆکى روسیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە کۆشکی کرملین گوتى، سێ مەرجمان هەیە، یەکەمیان ئەوەیە ئەمریکا گرەنتى چاودێریی هەڵسوکەوت و رەفتارەکانى ئۆکراین بکات لەو ئاگربەستە، دووەم ئاگربەستەکە بەرەو رێککەوتن و چارەسەری هەمیشەیی بێت، سێیەم پەیوەندیی بە خۆ رادەستکردنى هێزەکانى ئۆکراینەوە هەیە لە هەرێمى کۆرسک.
قودسی عەرەبی: ترەمپ هەڕەشەى سەپاندنى باجی گورمرگى سەر خواردنەوە کحولییەکان دەکات
ترەمپ هەڕەشەى سەپاندنى باجی گورمرگى سەر خواردنەوە کحولییەکانى ئەوروپا بە رێژەى 200% دەکات
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا، هەڕەشەى سەپاندنى باجی گومرگیی سەر خواردنەوە کحولییەکانى ووڵاتانى ئەورپا دەکات بەرێژەى 200%.
ترەمپ دەڵێت ئەگەر ووڵاتانى ئەوروپا باجی گومرگی سەر خواردنەوەی کحولی جۆری ویسمى بسەپێنن، ئەوا ووڵاتەکەى باجی گومرگی سەر خواردنەوە کجولییەکانى جۆری شەراب و شەمپانیا و خواردنەوەکانی دیکەى ووڵاتانى ئەورپا بە رێژەى 200% زیاد دەکات.
عەرەبی جەدید: ئیسرائیل دەیەوێت دروزەکانى سوریا بەکاربهێنێت
ئیسرائیل بارودۆخە ناسک و شڵەقاوەکەى سوریا بە هەل دەزانێت تاکو بتوانێت جموجوڵە سیاسیی و سەربازییەکانی تێدا بکات و سوریای نوێ سوریایەکى لاوازبێت.
بۆ ئەمەش کارتى بەکارهێنانى کەمینە ئاینى و نەتەوەیی و تائیفییەکان بەکاردەهێنێت، لەنمونەى ئەمانەشدا دروزەکانى باشووری سوریا.
چەندین جار ئیسرائیل گوتویەتى، دروزەکانی ئەو ووڵاتە دەپارێزێت و چەندین هێما و ئاماژەى بۆ ناردوون.
سەرەڕای ئەوەش چەند کەسێتى و سەرۆک هۆزی دروزەکان رەتیان کردووەتەوە بچنە ژێر هەژموون و بڕیار و بەڵێنەکانى ئیسرائیلەوە و دەڵێن پابەندن بە بڕیارەکانی ئیدارەى سوریای نوێ.
عەرەب: عێراق بە هێواشی بەرەو داخستنى دۆسیەى هاووڵاتیانى کەمپی هۆل هەنگاو دەنێت
عێراق هەنگاوێکی نوێ بەڵام بچوکی ناوە بۆ کۆتاییهێنان بە دۆسیەى هاووڵاتیانی نیشتەجێی کەمپی هۆل لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا کە ئەندامان و خێزانی چەکدارانى داعشی تێدان.
ئەو 153 خێزانەی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو گواستنەوەیان لە سووریاوە بۆ عێراق ئاشکرا بوو، بەشێکن لەو چەند هەزار عێراقییەی کە هێشتا لەناو کەمپەکەدا نیشتەجێن.
هەرچەندە هەشت ساڵ بەسەر شکستی داعش تێدەپەڕێت، کە بووە هۆی هەزاران خێزانی چەکدارەکانیان لەناو ئەو کەمپە زیندانیی بکرێن، بەڵام چارەسەرکردنی ئەو دۆسیەیە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بەهۆی ئاڵۆزیی یاسایی و کۆمەڵایەتیی و ئەمنیی و چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵیان، ئاستەنگی بۆ دروست بووە.