زووم..
پێنج مانگ لەمەوبەر، کە هەرێمى کوردستان لە کەشوهەواى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستاندا بوو، یەکێک لە دروشمە دیارەکانى سەرۆکى یەکێتى، رووخاندن و کۆتاییهێنانبوو بە دەسەڵاتى پارتى، بەڵام ئێستا ئەو دروشمە گۆراوە و داوای یەکلیستی لە پارتی دەکات.
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، پێشنیازی بۆ پارتی کردووە تا بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بە یەکلیست بەشداری هەڵبژاردن بکەن.
سەرۆکی یەکێتی لە بانگەشەکەی هەڵبژارندا هەڵگری گوتارێکی تووند بوو بەرامبەر پارتی، ئەوکات بەشێکی زۆری لایەنە سیاسییەکان دەیان گوت، ئەمە تەنها دروشمى بانگەشەى هەڵبژاردنە، بەڵام ئەوان وەک بەڵێنێک کە لە دواى هەڵبژاردن جێبەجێی دەکەن، بەگوێى لایەنگرەکانیان دەدا.
دواى پێنج مانگ نەک بەڵێنەکە جێبەجێ نەکرا، بەڵکو هەردوولا چوونەوە لاى یەکدى و دەستیان بە کۆبوونەوە و دانوستان بۆ پێکهێنانى حکومەت و دابەشکردنى پۆستەکان کردەوە، نەک هەر ئەوە، ئێستاش لە نوێترین پێشهاتدا گوتەبێژى یەکێتى دەڵێت، بافڵ تاڵەبانى پێشنیازى بۆ پارتى کردووە لە هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى عێراق بە یەکلیست بەشدارى هەڵبژاردن بکەن.
سەعدى ئەحمەد پیرە، بە میدیاکانى یەکێتى گوتووە، “ئێستا تۆپەکە لە ساحەى پارتییە و سەرۆکى یەکێتى پێشنیازى خۆى کردووە، ئەوەى ماوەتەوە سەرکردایەتیی پارتى بڕیارى خۆى بدات ئەو یەکلیستییە پەسەند بکات.”
پارتى دیموکراتى کوردستان هێشتا بە فەرمى هیچى لەبارەى پێشنیازەکەى یەکێتی نەگوتووە، بەڵام محەمەد کەمال، بەرپرسى لقى سێى پارتى بە زوومى راگەیاند، کۆمیتەى ناوەندیی پارتى تاوتوێى ئەو پێشنیازەى یەکێتى دەکات، دەشڵێت، پێمانباشە لە ناوچە جێناکۆکەکان بە یەکلیست بەشداریی هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى عێراق بکەین.