ئیدارەی خۆسەری رۆژاڤا لە راگەیەندراوێکدا، دەستووری کاتیی سوریای رەتکردەوە و رایگەیاند، گوزارشت لە هەمەجۆری و خواستەکانی گەلی سوریا ناکات و هاوشێوەی رژێمی پێشوو لەسەر بنەمای بیرکردنەوەیەکی تاکلایەنە نووسراوە.
ئیدارەی خۆسەر دەڵێ، دەستووری راستەقینە ئەوەیە هەموو پێکهاتەکانی سوریا بەشداربن لە نوسینەوەی، بەڵام ئەوەی کە راگەیەندراوە و ئەمڕۆ واژۆی لەسەر کراوە دژی هەمەجۆری کۆمەڵگەی سوریایە.
دەشڵێت، ئەوەی ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە دژی هەوڵەکانی جێبەجێکردنی دیموکراسی راستەقینەیە لە سوریا و بەندەکانیشی دوورن لەوەی خواستی سورییەکانی لەسەر بێت.
ئیدارەی خۆسەر ئاماژەی بەوەش کردووە، دەستووری کاتیی سوریا گوزارشت لە ئەقڵییەتی تاکگەرایی پێشوو دەکات و گەڕانەوە بۆ دواوە.
ئەم راگەیەندراوەی ئیدارەی خۆسەر لە کاتێکدایە، کە رۆژی 10ی ئەم مانگە مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هەسەدە و ئەحمەد شەرع سەرۆکی راگوزەری سوریا رێککەوتنێکیان واژۆ کرد و تیایدا ئاماژە بەوە کرابوو، کورد پێکهاتەیەکی سەرەکی سوریایە، بەڵام ئێستا لە نوسینەوەی دەستووری کاتیی سوریا بەشداری پێنەکراوە.