قۆناغی دروستکردنی یەکێک لە پڕۆژە زانستییە گەورەکانی سەدەی بیستویەک، ئەمڕۆ دووشەممە، 5ى کانونى دووەمى 2022 دەستپێدەکات، کە ئەویش تەلەسکۆپی کیلۆمەتر چوارگۆشەی (SKA)یە، کە دەبێتە گەورەترین تەلەسکۆپی رادیۆیی لە جیهاندا و لە ساڵی 2028 تەواو دەبێت.
تەلسکۆبەکە بە سەرانسەری ئەفریقای باشور و ئوسترالیادا دابەشدەبێت و بارەگا سەرەکییەکەی لە بەریتانیا دەبێت، کە بەهۆیەوە وەڵامی پرسیارەکانی فیزیای ئەستێرەیی دەداتەوە.
تەلسکۆبەکە وردترین تاقیکردنەوەی تیۆرییەکانی ئەنیشتاین ئەنجامدەدات
تەلسکۆبەکە وردترین تاقیکردنەوەی تیۆرییەکانی ئەنیشتاین ئەنجامدەدات، دەتوانێت بەدوای بوونەوەرانی دەرەوەی زەویشدا بگەڕێت.
شاندی هەشت وڵات، کە سەرکردایەتی پڕۆژەکە دەکەن، بەشداری لە رێوڕەسمى دەستپێکردنی پرۆژەکە دەکەن، کە لە هەردوو ناوچەی دوورەدەستی شاری مورچیسۆن لە رۆژئاوای ئوسترالیا و کەیپی باکوری ئەفریقای باشور بەڕێوەدەچن.
پڕۆفیسۆر فیل دایمۆند، بەڕێوەبەری گشتی پرۆژەکە بە کەناڵی بی بی سی راگەیاند “ئەمە ئەو کاتەیە، کە خەیاڵەکانمان دەبن بە راستی.”
ئەو دەڵێت، ئەمە ئەو پرۆژەیە، کە 30 ساڵە کاری لەسەر دەکەین، 10 ساڵی یەکەم لەسەر پەرەپێدانی چەمک و بیرۆکەکان کارمانکردووە، 10 ساڵی دووەم تایبەت بوو بە پەرەپێدانی تەکنەلۆجیا، لە 10 ساڵى کۆتاییشدا لەسەر دیزاینی ورد، ئاسایشی ناوچەی تەلسکۆبەکان و رازیکردنی حکومەتەکان بۆ دامەزراندنی SKA و دابینکردنی بودجەی پێویست کارمانکردووە.
پرۆژەکە سەرەتا لە 200 سەحنی تەلسکۆبی رادیۆی و 131 هەزار ئەنتێنای دووجەمسەریی پێکدێت
پرۆژەکە سەرەتا لە 200 سەحنی تەلسکۆبی رادیۆی و 131 هەزار ئەنتێنای دووجەمسەریی پێکدێت، کە لە شێوەی داری کریسمسدا دروستدەکرێن، هەموویان وەک یەک تەلسکۆبی بنچینەیی گەورە کاردەکەن، کە دەبێتە گەورەترین تەلسکۆبی جیهان.
ئامانج لەم تەلسکۆبە دروستکردنی ناوچەیەکە بە قەبارەی سەدان هەزار مەتر چوارگۆشە بۆ کۆکردنەوەی شەپۆلی رادیۆیی گەردوون، کە لە رێگەیانەوە تەلسکۆبەکە وێنەی هەستیار و وردی گەردوون و پێکهاتەکانی دەگرێت.
سیستەمەکە لە نێوان مەودای فرێکوێنسی شەپۆلی 50 مێگاهێرتزەوە تاوەکو 25 گیگاهێرتز کاردەکات. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی، کە تەلەسکۆپەکە بتوانێت سیگناڵە رادیۆییە زۆر لاوازەکان دەستنیشان بکات، کە لە سەرچاوە گەردوونییەکانەوە دێن، کە بە ملیارەها ساڵی رووناکی لە زەویەوە دوورن، لەوانەش ئەو سیگناڵانە دەدۆزێتەوە، کە لە چەند سەد ملیۆن ساڵی یەکەمی دوای تەقینەوە گەورەکەی گەردووندا دەرچوون.
یەکێک لە هەوڵە گەورەکانی تەلسکۆبی SKA بریتی دەبێت لە بەدواداچوون بۆ مێژووی تەواوی توخمی هایدرۆجین، کە زۆرترین رێژەی هەیە لە گەردووندا.
تەلەسکۆپەکە دەتوانێت بوونی هایدرۆجین، تەنانەت پێش ئەوەی هەورە گەورەکانی هایدرۆجین بڕووخێن و ئەستێرە سەرەتاییەکان دروستبکەن، دەستنیشان بکات.
تێچوی پرۆژەکە دوو ملیار یۆرۆ دەبێت
تێچوی پرۆژەکە دوو ملیار یۆرۆ دەبێت و یەکەم بڕگەی سەرەکی لە ساڵی 2024دا تەواودەبێت، کە چوار سەحن لە ئوسترالیا و شەش وێستگەی ئەنتێنە لە باشوری ئەفریقا دروستدەکرێن، کە بەبێ کێشە وەک یەک تەلەسکۆبی بنەڕەتی پێکەوەوەبەستراو کاربکەن.
تاوەکو ساڵی 2028، SKA رووبەرێکی کۆکردنەوەی گەورە داگیردەکات، کە نزیکەی 500 هەزار مەتر چوارگۆشەیە و بە پانتایی ئەم رووبەرە دەتوانێت شەپۆلی رادیۆیی وەربگرێت.
دیزاینی تەلسکۆبەکە بەجۆرێکە بتوانێت بەردەوام بێت لە گەشەکردن و گەورەکردن، رەنگە رووبەرەکە تاوەکو یەک ملیۆن مەتر چوارگۆشە فراوانبکرێت و وڵاتانی زیاتر لە پرۆژەی تەلسکۆبەکەدا ببنە ئەندام.
باشوری ئەفریقا، ئوسترالیا، بەریتانیا، چین، ئیتاڵیا، هۆڵەندا، پورتوگال و سویسرا خاوەنی پرۆژەکەن
ئێستا باشوری ئەفریقا، ئوسترالیا، بەریتانیا، چین، ئیتاڵیا، هۆڵەندا، پورتوگال و سویسرا خاوەنی پرۆژەکەن و هەریەک لە فەرەنسا و ئیسپانیا و لەم دواییانەشدا ئەڵمانیا بەنیازن ببن بە ئەندام لە پرۆژەکەدا.