راهێنەرى هەولێر پیرۆزبایى بردنەوە گەورەکە لە زەورا دەکات، یاریزانێکى یانەکەش دەڵێت “گۆڵ نەکەیت گۆڵت لێ دەکرێت”.
دواى دۆڕاندنەکەى بەرامبەر زەورا بە چوار گۆڵى بێ بەرامبەر لە هەفتەى ٢٤ى خولى ئەستێرەکانى عێراق، سەمیر سدیق راهێنەرى هەولێر پیرۆزبایى لە زەورا دەکات و هیواى بەختێکى باشیش بۆ تیپەکەى خۆیان دەخوازێت.
سەمیر گوتى: لە تایمى یەکەمدا تیپەکەمان ئاستێکى زۆر باشى پێشکەشکرد و لە رووى کۆنتڕۆڵى تۆپەوە ئێمە باشتر بووین، چەند هەلێکمان لەدەستدا، کە یاریزانەکان نەیانتوانى بیقۆزنەوە، ئەگەریش هەڵە تاکە کەسیەکان نەبووایە بەو ئەنجامە گەورەیەوە تووشى شکست نەدەبووین.
لە هەمان کۆنفرانسدا نیاز محەمەد یاریزانى هەولێر ئاماژەى بەوەکرد، یارییەکى گەورەیان پێشکەشکردووە، بەڵام لە بەرکەوتنى کۆتاییدا گۆڵکردنیان لەدەستداوە.
نیاز محەمەد گوتى: ئەمە تۆپى پێیە، ئەگەر گۆڵ نەکەیت گۆڵت لێ دەکرێت، ئێستاش ماوەى راوەستانمان لەبەردەمدایە، تیایدا هەڵەکانمان راستدەکەینەوە.