زووم
رۆژنامە تورکییەکان
جمهورییەت
ئاک پارتی مەرجی بۆ بەرەوپێشچونی پڕۆسەی ئاشتی هەیە
بەرپرسێکی ئاک پارتی سەبارەت بە هەنگاونانی حکومەت بۆ پڕۆسەی ئاشتی، مەرجی خۆی هەیە، ئەو بەرپرسە رایگەیاندووە، تاکوو پەکەکە چەک دانەنێت ئەوا پێکهێنانی کۆمیسۆنی هاوبەش لە پەڕلەمان بۆ چارەسەری پرسی کورد و ئاشتەوایی نایەتەئاراوە.
قەرار
لە ئێستاوە دوژمنایەتی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو دەستیپێکرد
ئەکرەم ئیمامئۆغلو سەرۆکی گەورەشارەوانی ئیستانبوڵ و کاندیدی داهاتووى جەهەپە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆککۆمار، لەئێستاوە لەلایەن دەسەڵاتەوە دژایەتیی دەکرێت.
لە سەردانەکەیدا بۆ شاری کەستەمئۆنو بۆئەوەی کۆبوونەوەى جەماوەرى ئەنجامبدات ئەو هۆڵەی پێشتر دیاریکردبوو گوتاری تیا پێشکەش بکات، بە پاساوی بوونی یاری دوو گۆڵی رێگەنەدرا ئیمامئۆغڵو لە هۆڵەکە گوتار پێشکەش بکات.

تورکگون
تورکیا بۆ ئاشتی هەلێکی مێژووی بۆ رەخساوە
نوعمان کورتوڵموش سەرۆکی پەڕلەمانی تورکیا رایگەیاند، بۆ تورکیایەتی بێ تیرۆر و ئاشتەوایی تورکیا دەرفەتێکی مێژویی بۆ رەخساوە و راشیگەیاند پێویستە هیچ لایەنێک پڕۆسەکە تێکنەدات.
کورتوڵموش راشیگەیاند، لەکاتێکدا شەڕی مەزهەبی لە ناوچەیە بەردەوامی هەیە، تورکیا هەنگاوێکی ناوە بۆ ئەوەى کۆتایی بە شەڕ بهێنێت.
گوتیشی، کۆتایی هێنان بە شەڕ لە تورکیا کاریگەری لەسەر سەقامگیریی ناوچەکەش دەبێت.
ئەڤرەنسەل
لە 24 کاتژمێردا پێنج ژن کوژران
لە پێنج پارێزگای تورکیا لەماوەى 24 کاتژمێردا پێنج ژن بە دەستی پیاوان کوژراون.
ئەو ژنانە لە پارێزگاکانی ئیستانبوڵ، ئیزمیر، قۆنیە، تەکیرداغ و ئەنتاڵیا کوژراون.
لە راگەیەنراوێکی پارتى ئەمەک هاتووە، تاکە بژاردەى ژنان خەباتکردنی مەدەنییە لەدژی کوشتنى ژنان و کوشتی ژنان روو لە زیادبوون دەکات بەهۆی نەبونی یاسایەک بۆ رێگریی کردن لەو دیاردەیە.
رۆژنامە عەرەبییەکان

سەباح
عێراق پێشبینیى دەکات لە لێکۆلێنەوەی بەرهەمى گەنم عێراق بگاتە خۆژیێنى
وەزارەتی کشتوکاڵ پێشبینى دەکات لە لێکۆڵینەوەى بەرهەمى گەنم و ئاستى بەرهەمی ئەو دانەوێڵەیە، عێراق بگاتە خۆژیێنی و چیتر بۆ ئەمساڵیش پێویستى بە هاوردەکردنى ئە دانەوێڵەیە نەبێت.
چەندین شەپۆلی بارانبارینی لەسەر یەک و دوورکەوتنەوە لە ووشکە ساڵی لە پارێزگاکانى ناوەڕاست و باشوور وایکردووە پیشبینى بەرهەمی باشی جووتیارانى ئەو دانەوێڵەیە بۆ ئەمساڵ مسۆگەربێت.
شەرقلئەوسەت
گۆڕانکارییەکانى سوریا بەرەو ئەوەن چارەسەری دۆسیەى دەرووزەکانیش بکرێت
سەرچاوەیەک لە حکوتەکەى ئەحمەد شەرعەوە بە رۆژنامەى شەرقلئەوسەتی گوتوە، پێشەوەچوونەکانی سوریا و ئەو رێککەوتنانەى بەمدواییەدا ئەنجامدراوە، کە مەبەست لێی رێککەوتنی نێوان هێزەکانى سوریای دیمەکرات و سەرۆکى سوریای نوێیە، بەرەو ئەوە هەنگاو دەنێین رەنگدانەوەى ئەرێنى لەسەر پرسی چارەسەرکردنى دۆسیەى دروزەکانى ئەو ووڵاتەش دروست بکات.
مەدا
یەدەگی نەوتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 45 ملیار بەرمیل نەوتە
رۆژنامەی مەدا راپۆرتێکی پێگەی ئۆیڵ پرایسی بڵاوکردووەتەوە، لەبارەی نەوتی هەرێمی کوردستان، تێیدا هاتووە یەدەگی نەوتی هەرێمی کوردستان 45 ملیار بەرمیل نەوتە و یەدەگی غازیشی لە سنووری 200 ترلیۆن پێ سێجایە، کە لە 3٪ــی یەدەگی غازی جیهان پێکدەهێنێت.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە، کۆمپانیاکانی روسیا ئامادەکاری دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەی وەبەرهێنان لە بواری نەوت و غاز لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان.
لە راپۆرتەکەدا زانیاری لە سەرچاوەیەکی یەکێتیی ئەوروپا وەرگیراوە کە دەڵێت، هەر روسیا نا بەڵکو ئاراستەیەک هەیە تا کۆمپانیا رۆژئاواییەکانی دیکەی نەوت و غاز لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن.

قودسی عەرەبی
ترەمپ بۆ پشتیوانى ئیلۆن مەسک ئۆتۆمبێلێکی جۆری تێسلا دەکڕێت
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا، دەڵێت، ئۆتۆمبێلێکی جۆری تێسلا دەکڕێت وەک نیشاندانى پاڵپشتیی و پشتیوانیکردنى ئەو کۆمپانیایەى ئیلۆن مەسک، ملیاردێری جیهانى، کە هاوکات هاوپەیمان و ئەندامی ئیدارەی نوێی کۆشکی سپییە.
ئەو بڕیارەى مەسک لەکاتێکدایە لەماوەکانى پێشوودا پشکەکانى لە بازاڕەکانى جیهان بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزى.
هەر دوای لێدوانەکەى ترەمپ بۆ کڕینى ئۆتۆمبێلی جۆری تێسلا، نرخەکەى لە بازاڕ و پشکە ئابوورییەکان 5% بەرزبوویەوە
رۆژنامە فارسییەکان
کار و کارگەر
وەزیری پەروەردەی ئێران: حکومەت ئەرکی فێرکردنی زمانی دایکی هەیە
وەزیری پەروەردەی ئێران، عەلیڕەزا کازمی رایگەیاند، کە هەڵوێستی وەزارەتی پەروەردە لەسەر بابەتی زمانی دایک لە قوتابخانەکاندا هەمان هەڵوێستی یاسایە.
یاسای بنەڕەتیی ئێران رێگە بە فێرکردنی زمانی دایک دەدات.
بەگوێرەی یاساکە، لەو ناوچانەی کە زمانی دووەمیان هەیە، دەبێت زمانی دایک فێر بکرێت، بەڵام نەک وەک زمانی فەرمی. مادەی 15ی یاسای بنەڕەتی دەڵێت زمانی فارسی زمانی فەرمیی هەموو گەلی ئێرانە و لە هەموو قوتابخانەکاندا بە زمانی فارسی دەخوێندرێت، بەڵام زمانی ناوچەییش پێویستە بخوێندرێت.
وەزیری پەروەردە گوتیشی: ئەمە بەشێکە لە ناسنامە و کولتوری ئێمە و دوێنێ ئەم بابەتە لە بەرنامەی کاری ئەنجومەنی باڵای پەروەردەدا بوو. ئەم بابەتە لەوانەیە لە هەندێک ناوچە گرنگ نەبێت بەڵام لە کوردستان گرنگە.
سایە
لە 10 هەزار کۆمپانیای زانیاریی 4 هەزار بەڕێوەبەری ژن هەیە
زەهرا بەهروز ئازەر، جێگری سەرۆککۆماری ئێران لە کاروباری ژنان و خێزان، باسی لە گرنگیی رۆڵی ژنان لە گەشەپێدانی زانست و تەکنەلۆژیادا کرد و گوتی: چوار هەزار و 133 ژن لە بەڕێوەبردنی 10 هەزار کۆمپانیای زانیاریدا چالاکن و حکومەت هەوڵی باشترکردنی پێگەی ژنان و کچان دەدات.
ناوبراو دەڵێت، ژنان لە ئێران لە بوارەکانی پزیشکی، پەروەردە، وەرزش، هونەر و سیاسەتدا پێشکەوتنی بەرچاویان بەدەستهێناوە و رێژەی مردنی دایکان کەمبووەتەوە و ژنان 40٪ـی پزیشکانی پسپۆڕ پێکدەهێنن.
هەروەها ژنان لە زانکۆکان و ناوەندە زانستییەکاندا چالاکن و لە بواری کلتووری و کۆمەڵایەتیشدا رۆڵێکی گرنگیان هەیە.
ئەبرار
ئەنجومەنی ئاسایش کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران ئەنجام دەدات
رۆژی چوارشەممە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی داخراو لەسەر پەرەسەندنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و زیادبوونی یۆرانیۆمی پیتێنراو ساز دەکات.
ئەم کۆبوونەوەیە بە داواکاریی شەش وڵاتی ئەندامی ئەنجومەنەکە، فەڕەنسا، یۆنان، پاناما، کۆریای باشوور، بەریتانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت.
ئەخباری سەنعەت
هێڵی شەمەندەفەری پێنج ئەستێرە لە نێوان کرماشان و مەشهەد دەستپێدەکات
جەبار عەلی زاکری، بەڕێوەبەری گشتیی هێڵی شەمەندەفەری ئێران رایگەیاند، کە هێڵێکی نوێی شەمەندەفەری پێنج ئەستێرە لە نێوان شارەکانی کرماشان و مەشهەد کراوەتەوە.
ژمارەی شەمەندەفەرە پێنج ئەستێرەکان گەیشتۆتە 22 دانە و لە هەشت رێڕەوی جیاوازدا کار دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم شەمەندەفەرە 11 کالیسکە و توانای گواستنەوەی 440 کەسی هەیە.
هەوڵدەدرێت خێرایی شەمەندەفەرەکە لەم رێڕەوەدا زیاد بکەن و بە هاوکاریی کۆمپانیای دروستکردن و پەرەپێدانی ژێرخانەکانی گواستنەوە، کەموکورتییەکانی رێڕەوەکە چارەسەر دەکرێن. شەمەندەفەری پێنج ئەستێرەی “فەدەک” لە کرماشانەوە بەرەو مەشهەد دەستی بە گەشتەکەی کرد.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی مەیل
ئۆکراین بە ئاگربەست قایل بووە، ترەمپیش دەڵێت دەبێت قسە لەگەڵ پوتیندا بکەم
شەوی رابوردوو پەستانێکی زۆر خرایە سەر ڤلادیمێر پوتین بۆئەوەی مل بدات و شەڕی ئۆکراین کۆتایی پێبهێنێت. ئەم پەستانە لەوێوە دەستی پێکرد، کە ڤلۆدیمێر زێلینسکی پشتگیریی لە پلانەکەی ئەمریکا بۆ ئاشتی کرد و پێی قایل بوو.
چەند بەرپرسێکی باڵای ئۆکراینی پرۆژە پێشنیارکراوەکەی ئەمریکایان بۆ ئاشتی ئیمزاکرد.
بە گوێرەی ئەو ئیمزایانە دەبێت ئاگربەستێک بۆ ماوەی سی رۆژ کارپێبکرێت، کە رەنگە ئەو ئاگربەستە ببێت بەهۆکارێک بۆئەوەی ئەو شەڕە کۆتایی پێنهێنێت، کە سێ ساڵی تەواوکردووە و هێندی روبارێک خوێنی تێدا رژاوە. لە پاش گفتوگۆ لەسەرکردنێکی چڕی نۆ کاتژمێری ئەو رێکەتنە ئیمزاکرا، کە دووایی بە (رێکەوتنی ناو بیابان) ناونرا.
دەیلی تەلەگراف
بە پوتین گوتراوە، ئەویش بە ئاگربەستەکە لەگەڵ ئۆکرایندا قایل ببێت
زێلینسکی ملی بە ئاشتی داوە و ئەمریکاش بڕیاریداوە پرۆسەی ئاڵوگۆڕکردنی زانیاریی هەواڵگری وپێدانی چەک لەگەڵ ئەودا دەست پێبکاتەوە.
ئێستا ئیتر ئەوە بووە بە ئەرکی ترەمپ، کە بتوانێت پوتین قایل بکات ئاگربەستە سی رۆژییەکە ئیمزابکات، بۆئەوەی بتوانرێت کۆتایی بە شەڕی سێ ساڵە بهێندرێت. بۆیە وا چاوەڕواندەکرێت لەم هەفتەیەدا ترەمپ بە پەیوەندییەک لەگەڵ پوتیندا ئەنجام بدات. لەم رووەوە پەندێکی هێناوەتەوە کە مانا کوردییەکەی دەڵێت، “چەپڵە بە دەستێک لێنادرێت”. ئەم هەنگاوە دەبێت بە یەکەم دەستپێشخەری بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕەی کە سێ ساڵی خایاندووە وتێیدا چەند بەشێک لە خاکی ئۆکراین داگیرکراوە.
عەرەب نیوز
ئیسرائیل چەند جارێک غەزەی بۆردوومان کرد
رۆژی سێشەممە لە کەرتی غەزەدا پێنج هاووڵاتیی فەلەستینی بە بۆردوومانی فڕۆکەکانی ئیسرائیل کوژران. لە کاتێکدا، لە قەتەر هەوڵدەدەن حەماس و ئیسرائیل قایل بکەن ئاگربەستەکەی نێوانیان درێژبکەنەوە.چوار کەس لە قوربانییەکانی بۆردومانەکە، کە دووانیان برای یەکترن، خەڵکی ناوچەی نەتزاریمن لە ناو شاری غەزە.
بەگوێرەی راگەیاندنی ئیسرائیل کوژراوی پێنجەم کەسێکی چەکدار بووە، لەناو خاڵێکی چاودێرییەوە زانیاریی هەواڵگریی لەسەر سوپای ئیسرائیل کۆکردۆتەوە، لبەرئەوە لە شوێنی کارکردنەکەی خۆیدا بیندراوە و کوژراوە. تەرمی هەموو کوژراوەکان گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی ئەلئەهلیی بابەوەیی ناو کەرتی غەزە.
ئۆرشەلیم پۆست
ئەمریکا دەیەوێت نێوەندگیریی نێوانی لوبنان و ئیسرائیل بکات
لەپاش چوونەناوەوەی ئەمریکا بۆ نێوەندگیریکردن لە نێوانی ئیسرائیل و لوبناندا، رەنگە گفتوگۆی نێوانی ئەم دوو وڵاتەش دەست پێبکات بۆ چارەسەرکردنی چەندان کێشەی هەڵپەسێڕدراو لە نێوانی هەردوولادا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار راستیی ئەم هەواڵەی بۆ ئۆرشەلیم پۆست دووپات کردۆتەوە, ئامانج لەم کارە ئەوەیە هەرچی زووترە گفتوگۆکردن و دانوستاندن لە نێوانی ئەم دوو وڵاتەدا بێتە ئاراوە. بۆئەوەی بتوانرێت ئەو دیل و بەندکراوە لوبانانییانەی لەلای سوپای ئیسرائیل ماونەتەوە ئازادبکرێن و سنوری نێوانی هەردوولاش بەپێ هێڵی سنوریی سوپای کڵاوشینەکان دیاری بکرێتەوە.