زووم..
مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دوای رێککەوتنەکەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی دەسەڵاتی راگوزەری سوریا لە ئێکس نوسیویەتی، لەم قۆناغە هەستیارەدا پێکەوە کاردەکەن بۆ مسۆگەرکردنی قۆناغێکی راگوزەر کە رەنگدانەوەی خواستەکانی گەلەکەیان بێت بۆ دادپەروەری و سەقامگیری.
مەزڵوم عەبدی دەشڵێت، پابەندن بەبنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر کە مافی هەموو سورییەکان مسۆگەربکات و خواستەکانیان بۆ ئاشتی و کەرامەت بێنێتەدی.
عەبدی نوسیویەتی، ئەم رێککەوتنە بە دەرفەتێکی راستەقینە دەزانن بۆ بنیاتنانی سوریایەکی نوێ کە هەموو پێکهاتەکانی لەخۆبگرێت و دراوسێیەتییەکی باش مسۆگەربکات.
دوێنی دووشەممە 10-03-2025 مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع رێککەوتنێکی هەشت خاڵیان لە دیمەشق واژۆکرد کە بەگوێرەی رێککەوتنەکە دەبێت تا کۆتایی ساڵ جێبەجێبکرێت. دیارترین خاڵی رێککەوتنەکە پاراستنی مافەکانی گەلی کوردە لەگەڵ تێکەڵبوونی هەسەدە بە وەزارەتی بەرگریی سوریا.
لەسەر ئاستی ناوخۆیی و هەرێمی پێشوازییەکی گەرم لە دەستپێشخەرییەکە کرا، هاووڵاتییانیش لە رۆژاڤا و تەنانەت خەڵکی سوریاش لە دیمەشق بەهۆی رێککەوتنەکەوە ئاهەنگیان گێڕا.