زووم..
جۆو ویڵسن، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەڵێت، پێویستە سزا بەسەر بانکی رایفیدەین بسەپێنرێت و کۆتایی بە دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بهێنرێت، دەشڵێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کێشەی مووچە چارەسەر دەکات.
جۆو ویڵسن لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیوویەتی: نابێت چیتر وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا سزا خستنەسەر بانکی رافیدەین دوابخات چونکە ملیارەها دۆلار بۆ میلیشیاکانی عێراق سپی دەکاتەوە.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران کە لە پارتی کۆمارییەکانە دەشڵێت، لەکاتێکدا کە بانکی رافیدەین “خەریکی سپی کردنەوەی پارەیە بۆ میلیشیاکان، تەیف سامی کوردی لە مووچە بێبەش کردووە، دەبێت ئەمە کۆتایی بێت، ترەمپ چارەسەری دەکات.”
جۆو ویڵسن لە ساڵی 2001ـەوە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکایە و یەکێکە لە نوێنەرەکانی ویلایەتی کارۆلاینای باشوور. ئەمە یەکەمجار نییە هەڵوێستی لەبارەی کورد و هەرێمی کوردستان دەردەبڕێت و پێشتریش چەند جارێک پشتگیری لە هەرێمی کوردستان و تەنانەت رۆژاڤاش کردووە.
جۆو ویڵسن لە مانگی ئەیلولی 2023 لەگەڵ دوو کۆنگرێسمانی دیکەدا نامەیەکیان بۆ جۆ بایدن نارد، کە ئەوکات سەرۆکی ئەمریکا بوو و تێیدا داوایان لێکرد کۆتایی بهێنێت بە “مامەڵەی قبوڵنەکراوی” حکومەتی عێراق و میلیشیاکانی ئێران بەرامبەر کوردەکانی عێراق.
لە نیسانی ساڵی 2024یش هەمان کۆنگرێسمان لەگەڵ ئەندامێکی دیکەی کۆنگرێسدا نامەیەکیان ئاراستەی بایدن کرد و نیگەرانی خۆیان لەبارەی دابیننەکردنی پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەو دەربڕی.
هاوکات مانگی رابردووی ئەمساڵیش ویڵسن لەگەڵ 11 ئەندامی دیکەی کۆنگرێس هەڵمەتێکیان دەستپێکرد بۆ ئەوەی واشنتن میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق بخاتە لیستی رەشەوە و سزایان بەسەردا بسەپێنێت، هەروەها هەموو هاوکارییەکی ئەمنی بۆ عێراق کۆتایی پێبهێنێت هەتاوەکو ئەم گرووپانە سەر بە حکومەتی عێراق بن.