زووم…
رۆژنامە فارسییەکان
باختەر
گرانی سێبەرێکی قورسی خستووەتە سەر بازاڕی نەورۆزی کرماشان
لەگەڵ نزیکبوونەوەی نەورۆز، بازاڕی شەوانی جەژنی کرماشان بە پێچەوانەی ساڵانی رابردوو کەوتووەتە چەقبەستن و خەمۆکییەوە.
بەرزبوونەوەی نرخەکان توانای کڕینی خەڵکی کەمکردووەتەوە و زۆرێک لە خێزانەکان توانای کڕینی جلوبەرگ و خواردنی گونجاویان نییە بۆ جەژن.
کڕینی جلوبەرگ بۆ چەند منداڵێک خەرجیەکی قورسە و زۆرێک لە خەڵک بەهۆی گرانیی نرخی جلوبەرگی جەژن خۆیان لە کڕینی جلوبەرگ بەدوور گرتووە.
لەکاتێکدا خەرجییەکانی شەوی جەژن بۆ خێزانێکی بچووک لانیکەم 200 دۆلارە، فەرمانبەران تەنها 30 دۆلار جەژنانەیان وەرگرتووە.
لە ئەنجامدا زۆر کەس بازاڕکردنی جەژنیان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمکردووەتەوە و بازاڕیش کەوتۆتە دابەزینێکی بێ وێنە.

ئەفکار
ئەرکی سەرەکیی دەوڵەت لە ئێستادا راگرتنی هەڵاوسانە
مێهدی پازوکی شارەزای ئابووری جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە حکومەت لە ئێستادا سەرنجی لەسەر کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان بێت بۆ دروستکردنی سەقامگیریی ئابووری.
ئەو پێی وایە کە یارمەتییەکانی حکومەت لە ئێراندا بە دروستی دابەش ناکرێن و زیاتر ئەو کەسانەی کە پێویستیان پێی نییە سوودی لێ وەردەگرن و پێویستە یارمەتییەکان بدرێت بەو کەسانەی کە پێویستییەکی راستەقینەیان هەیە بە شێوەیەکی ئامانجدار.
هەروەها حکومەت دەبێت خەرجییە ناپێویستەکان کەمبکاتەوە و سیستەمی ئابووری بەرەو سەقامگیری پاڵ بنێت.
ئاماژە بەوەش دەکات کە بەرزبوونەوەی هەڵاوسان بەهۆی گەمارۆکان و ناکۆکی لەگەڵ زلهێزان دروست دەبێت و حکومەت دەبێت سەقامگیریی ئابووری بپارێزێت بە سیاسەتێکی دەرەکیی ئاشتیانە و گونجاو لەگەڵ واقیعی ئەمڕۆی جیهاندا.

جەهانی سەنعەت
ستارلینک بە یاساکانی ئێران پابەند نییە
ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی ستارلینک لە فراوانبووندایە و تا ئێستا زیاتر لە 30 هەزار بەکارهێنەری لە ئێراندا هەیە.
حکومەتی ئێران مەرجی کارکردنی ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی کردووە بە پابەندبوون بە یاسا ناوخۆییەکان و داوای لە یەکێتیی نێودەوڵەتیی پەیوەندییەکان کردووە کە ستارلینک ناچار بە هاوکاری بکات.
بەڵام ئەمریکا لە نامەیەکدا بۆ رێکخراوی ئای تی یو رایگەیاندووە، کە هیچ ئەرکێکی بۆ بەدواداچوون یان سنووردارکردنی ستارلینک لە ئێراندا نییە.
بەمشێوەیە هەوڵەکانی حکومەتی ئێران بۆ کۆنترۆڵی ستارلینک شکستی هێناوە و بەهۆی خاوبوون و سنووردارکردنی ئینتەرنێتی ناوخۆیی، ستارلینک بووەتە ئامرازێک بۆ دەستگەیشتنی خەڵک بە ئینتەرنێتی ئازاد و خێرا.
رۆژنامە عەرەبییەکان

شەرقلئەوسەت
لە کەنارەکانى ئەفریقیا تیرۆری نێودەوڵەتى سەریهەڵداوەتەوە
بەگوێرەى پێوەرى نێودەوڵەتى تیرۆر کەنارەکانى کیشوەرى ئەفریقیا مەترسیدارتریین شوێنى سەرهەڵدانى تیرۆری نێودەوڵەتین و لە ساڵی 2024 ـدا نیوەى قوربانییەکانى دەستى تیرۆر لە وڵاتانەى کەنارەکانى کیشوەرى ئەفریقیادا بوون.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە لە ساڵی رابردوودا سێ هەزار و 885 کەس بە هۆی تیرۆرەوە گیانیان لەدەستداوە. وڵاتەکانى مالی، نەیجریر و فاسۆبۆرکینیا زۆرترین ژمارەی قوربانى سڤیلیان بەرکەوتووە و گەورەترین مەترسین بۆ سەرهەڵدانەوەى تیرۆری نێودەوڵەتى تێیاندا.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە کۆی گشتى قوربانییەکانى دەستى تیرۆر لەساڵی رابوردوودا حەوت هەزار و 555 کەس بووە لە هەموو جیهاندا و 51% ـى ئەو رێژەیەش بەر ئەو وڵاتانە کەوتووە کە لە کەنارەکانى کیشوەرى ئەفریقیادان.

سەباح
ئەمڕۆ پەرلەمان دەنگ لەسەر ژمارەیەک یاسا دەدات
واچاوەڕێدەکرێت لە دانیشتنى ئەمڕۆدا پەرلەمانى عێراق، دەنگ لەسەر ژمارەیەک یاسا بدات کە پێشتر خوێندنەوەیان بۆ کراوە و گفتوگۆی هەندێک یاساى دیکەش بکەن.
بە گوێرەى کارنامەى ئەمڕۆی پەرلەمان، دەنگ لەسەر یاساکانى هەموارى چوارەمی وەبەرهێنانى پیشەسازیی، هەردوو کەرتى گشتى و تایبەتى و هاوبەش، هەموارکردنەوەى بڕگەیەک لە بواری پەروەردە و چەند یاسایەکی دیکە دەدرێت وخویندنەوەش بۆ بۆ یاساى پاراستنى موڵک و ماڵی دەوڵەت و هەڵوەشاندنەوەى ژمارەیەک لەو بڕگانەى پەیوەندییان بە پاسپۆرتى دبلۆماسییەوە هەیە.
هەروەها خوێندنەوەى دووەم دەکرێت بۆ یاساى موختارەکان لەگەڵ یاساى کارمەندانى تەندروستى ، لیژنەى یاسایی پەرلەمانیش ئاماژەى بەوە کردووە کە 150 یاسایان لەبەردەستدایە و چاوەڕوانى ئەوە دەکەن بیخەنە بەردەستى پەرلەمان تا خوێندنەوەیان بۆ بکرێت.
عەرەب
ئەمریکا فشار لە عێراق دەکات هاوکاریی سەرکردەکانى حەشد کەمبکاتەوە
فشارەکانى واشنتن بۆ سەر عێراق لەبارەى حەشدى شەعبییەوە بەردەوامییان هەیە و لە ئاگادارکردنەوەیەکى دیکەى ئەمریکادا هاتووە دەبێت حکومەتەکەى سودانى کار بۆ ئەوە بکات ئیمتیازاتى بەرپرسانى حەشد ببڕێت لەوانەش پێدانى بەنزین، وەرگرتنەوەى ئۆتۆمبێلى حکومى، وەرگرتنەوەى بینا و دامەزراوە حکومییەکان لە بەرپرسانى حەشد و بڕینى هەموو جۆرە هاوکارییەکى حکومی بۆ ئەو بەرپرسانە بەو مەبەستەى چالاکی و تواناکانیان کزبکات و نەتوانن سوود لە ئابوورى عێراق وەربگرن و لەبەرژەوەندی ئێران و لە دژى ئەمریکا و هاوپەیمانان بەکاری بهێنن.

دەستور
لە عێراق بۆ بەدەستهێنانى بڕوانامەى باڵا رێژەى کوڕان لە کچان زیاترە
تۆری -بارۆمیتری عەرەبی- بڵاویکردوەتەوە عێراق رەگەزی نێرینە بە رێژەى 28% دەتوانن خوێندنى زانکۆیی و خوێندنى باڵا تەواو بکەن و رەگەزی مێینەش 20%ـە.
راپۆرتەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، هۆکارە ئابووری و کۆمەڵایەتى و رۆشنبیرییەکان کاریگەرییان لەسەر جیاوازی رێژەکە هەیە، ئاماژەى بەوەشکردووە، لە کوەیت رێژەکە پێچەوانەیە و مێیینەکان 79% یان دەتوانن خوێندنى باڵا تەواوبکەن نێرینەش 71%، لە لوبنایش 42% ـى نێرینەکان و 41%یش مێینەن.
رۆژنامە تورکییەکان
ئاکشام
ئەردۆغان: هەموومان پاسەوانی یەکترین
ئەردۆغان لەسەر پرسی شەری ناوخۆ و مەزهەبی سووریا ئاماژەی بەوەدا، کە رێگە نادەن ئەو شەڕە مەزهەبیە بپەرێتەوە بۆ تورکیا و گوتی، تورکەکان، عەرەبەکان، کوردەکان و سونیی و عەلەی هەموومان پاسەوانی یەکترین ە هاوچارەنوسین.
ئەردۆغان دەڵێت، سیاسەت کردن لەرێی هاندانی گیانی عەلەویەکان، هەوڵێکی تێکدەرانەیە کە ئامانج لێی بەرەکانی ئێمەن.

ئاکیت
ئیتر بەسە سەگی بێلانە هەموو ژیانی لێسەندووین
ئەمە چی جۆرە ژیانێکە، منداڵ، گەنج پیر، ژن و پیاو، بەسەدانمان لێ پارچە پارچە دەکرێت و دەکوژرێت و دەخرێنە نەخۆشخانە.
سەگی بێلانە وەک تیرۆری لێهاتووە و بەرپرسانی ئیدارەی خۆجێیی یاساکان وەک خۆی جێبەجێ ناکەن، ئەمە چی جورئەتێکە. تیرۆر گەیشتووەتە شەقامەکان و دەبێت تەواو بێت.

پۆستا
منداڵێکی موعجیزە لەدایکبوو کە تەمەنی تەنیا 23 هەفتەیە
منداڵەک لە شارۆچکەی بافرا و سامسۆن بە 23 هەفتە لەدایکبووە
ئەو ناوی ئایلینەو دایکی یەشمیمی 22 ساڵە، باوکیشی جانەر بایرکا 26 ساڵ، منداڵەکەیان بە 23 هەفتە لەدایکبوو، تەنیا 400 گرام بووە و درێژەیەکی 28 سانتیم بووە.

میلاد
باهچەلی : جەهەپە دوانەی بەعسە
لەبارەی رووداوەکانی لازقیەی سووریاوە دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە ئاماژەی بەوەدا، کە هزری جەهەپە و هزری بەعسیەکان وەک یەک وان، ئەوانیش لەسەر گیانی عەلەویەکان دەخوازن سیاسەت بکەن و هەڵمەتی تێکدان دەستپێبکەن.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
رەنگە لە ئەمڕۆوە ترەمپ قەدەغەی سەر چەکناردن بۆ ئۆکراین هەڵبگرێ
لەوانەیە لە ئەمڕۆوە قەدەغەی سەر ناردنی چەک و کارپێکردنی زانیاریی هەواڵگری بۆ سەر ئۆکراین لابدرێن، بە گوێرەی ئەوەی کە لە بەیانییەکی زووی ئەمڕۆوە گفتوۆکانی ئاشتی لە سعودیە دەست پێدەکەن.
مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی، پێش ئەوەی ئەمریکا ئەو دەستپێشخەرییە بکات و ئەو گەمارۆیانە لابدات، دەبێت ئۆکراین چەند هەنگاوێکی هەڵنابێت، کە گەشبینییان تێدابێت. بەڵام دیارە ئەم لێدوانەی ئەمریکا لەڕووی بەرەکانی جەنگەوە هەندێک پەستانی زیاد دەخاتە سەر ئۆکراین. شەوی رابوردووش سێر کێیە ستامەری سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا داوایەکی ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ کرد، پێیگوت قەدەغەی سەر چەکناردن بۆ ئۆکراین لاببات.
گاردیەن
پیسبوونی ژینگە بە پلاستیک کاریگەری دەخاتە سەر ئاستی دابینبوونی خۆراک لە جیهاندا
پیسبوونی ژینگەی هەسارەکەمان بە تەنۆلکە وردەکانی پلاستیک، کاریگەریی خراپ دەخاتە سەر ئاستی دابینبوونی خۆراک، لەبەرئەوەی زۆربوونی ئەو تەنۆلکانە بەشێوەی خراپ کاردەکەنە سەر پرۆسەی رۆشنەپێکهاتن.
توێژینەوەیەک دەڵێت، زۆربوونی ئەو تەنۆلکانەی کە لەناو خاکدا بە ئاسانی لەناوناچن کاریگەریی نەرێنی دەخەنە سەر توانای زەوی بۆ وەبەرهێنانی دانەوێڵەکانی گەنم و جۆ و برنج. لەم رووەوە زانایان هۆشدارییەکیان بڵاوکردووەتەوە دەڵێن تادێت ئەو پاشەرۆ پلاستیکییانە رێژەیان بەرزیش دەبێتەوە و ژینگەکەش پیستردەکەن.

دەیلی ئێکسپرێس
کارمەندانی وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا مۆبایلیان زۆر لێووندەبێت
ئەندام پەرلەمانەکانی بەریتانیا رەخنە لە وەزارەتی بەرگری دەگرن، دەڵێن ستافی کاری ئەو وەزارەتە بە تێکڕایی رۆژی چوار مۆبایلیان لێووندەبێت.
تەنها لەماوەی دوو مانگدا ناوی 269 کارمەندی وەزارەتی بەرگری تۆمارکراوە، کە مۆبایلەکانیان لێوونبووە، کە دووریش نییە ئەم مۆبایلانە دزرابن.
چاودێران دەڵێن ئەوەی روودەدات دزەکردنێکی ئەمنیی زۆر نائاساییە. ئەو ژمارە زۆرەی مۆبایل لە نێوانی رۆژانی 1/1/2023 بۆ 27/2/2023 لەناو وەزارەتی بەرگریی بەریتانیادا وونبوون بەبێ ئەوەی هیچیان بدۆزرێنەوە..