قەحتان جەسیر رایگەیاند گۆڵە زووەکەى قووە جەوییە پلانەکانى تێکداون، محەمەد زاملیش پێیوایە شایستەى دۆڕاندن نەبوون.
دواى دۆڕاندنەکەى بەرامبەر قووە جەوییە لە خولى ئەستێرەکانى عێراق، قەحتان جەسیرى راهێنەرى یانەى نەورۆز ئاماژەى بەوەکرد، کۆنتڕۆڵى دوو تایمى یارییەکەیان کردبوو، چەند هەلێکیان لەدەستداوە، بەڵام ئەمە تۆپى پێیە ئەگەر گۆڵ نەکەیت دەبێت چاوەڕێى ئەوە بیت گۆڵت لێ بکرێت.
قەحتان جەسیر گوتى: گۆڵە زووەکەى قووە جەوییە پلانەکانى تێکداین، هەرچەندە هۆشداریمدابوو لەسەر ئەوەى گۆڵى پێشوەختەمان لێ تۆمارنەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەر وەک چۆن براوە دەبیت، دەبێت دۆڕاندنیش قبوڵ بکەیت.
لە هەمان کۆنفرانسدا محەمەد زامل یاریزانى نەورۆز باسى لەوەکرد، یارییەکى گەورەیان پێشکەشکردووە و چەندین هەلیان لەدەستدا.
محەمەد زامل گوتى: شایستەى دۆڕاندن نەبووین، بەڵێن بە هاندەران دەدەین لە یارییەکانى داهاتوو قەرەبووى بکەینەوە.