زووم..
مایک واڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا پەیوەندی بە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە کرد و تاوتوێی بابەتی کۆتاییهێنان بە لێخۆشبوونی کارەبایان کرد، کە دوێنێ ئەمریکا رەتیکردەوە ماوەکەی درێژبکاتەوە، داواشی لێکرد کار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات بۆ دانەوەی قەرزی کۆمپانیا ئەمریکییەکان.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا واڵتز جەختی کردەوە، نوێ نەکردنەوەی لێخۆشبوونی هاوردەى کارەبای ئێران لە چوارچێوەی فشارە قورسەکانی دۆناڵد ترەمپە بۆسەر تاران، ئەو فشارەش زیاتر دەبێت، ئەگەر ئێران زیاتر پەرە بە تواناکانی لە بواری بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی بدات و پشتیوانیی تیرۆر بکات لە سەرانسەری ناوچەکە، لە نێویاندا لە عێراق.
واڵتز هانی سودانی دا زیاتر پشت بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان ببەستن و کار بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگانە، کە رووبەڕووی ئەو کۆمپانیایانە دەبنەوە، کە لە عێراق کاردەکەن بە هەرێمی کوردستانیشەوە بۆ هاندانیان بۆ کارکردن و وەبەرهێنان لە عێراق.
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا داواشی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد کار لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی لە گرێبەستەکانی وزە و دانەوەی قەرزەکان بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان.
هەفتەی رابردوو مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) رایگەیاند، حکومەتی هەرێم یەک ملیار دۆلاریان قەرزارە.
یەکێک لە کێشەکانی دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێی بۆرییەکانی تورکیاوە، نەبوونی متمانەیە لەلایەن کۆمپانیا ئەمریکی و بیانییەکان بەوەی گرەنتی پارەدانیان بکرێت.
شەوی حەوتى ئەم مانگەش ئەپیکور راگەیەندراوێکی بڵاوکردوە و رایگەیاند، ئامادەن دەستبەجێ هەناردەکردن لەڕێی بۆری عێراق – تورکیاوە دەستپێبکەنەوە، هەرکاتێک مەرجەکانیان جێبەجێ کرا و هاوشێوەی بەرهەمهێنەرانی نەوت لە عێراق مامەڵە لەگەڵ بەرهەمهێنەرانی نەوت لە هەرێمی کوردستان کرا.
لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفونییەکەدا، واڵتز پابەندبوونی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە بۆ پشتیوانی سەربەخۆیی عێراق لە بواری وزەدا، ئامادەیی دەربڕی بۆ هاوکاریکردن لە خێراترکردن لە بەدیهێنانی ئەم ئامانجە.