رۆژنامە تورکییەکان

ئاکیت
باخچەلی: پەیامەکەى ئۆجالان یەپەگەش دەگرێتەوە
دەولەت باخچەلی سەرۆکی گشتی مەهەپە رایگەیاند، بانگەوازەکەى ئۆجالان مەرجە کە تەواوی یەکە چەکدارەکانی سەربە پەکەکە چەک دابنێن و پێویستە یەپەگەش بەدەم بانگەوازەکەى ئۆجالانەوە بچێت.
باخچەلی راشیگەیاندووە، سەرۆکی پەکەکە هەڵوەشاندنەوەى تەواوی گرووپە چەکدارەکانی راگەیاندووە و لەبەرئەوە نابێت هیچ کام لەو هێزانە گوێی خۆیان بۆ بانگەوازەکە کەڕ بکەن.
بەبێ ئەوەى هیچ پێشمەرجییەکیان هەبێت دەبێت تەواوی گرووپەکانی سەربە پەکەکە چەکەکانیان رادەستی دەوڵەتی تورک بکەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەم پڕۆسەیەدا دەرفەتی ئەوە دێتەئاراتەوە کە دەم پارتی ببێتە پارتێکی تورکیایی.
میللییەت
ئەمڕۆ جەهەپە و دەم پارتی کۆدەبنەوە
وابڕیارە ئەمڕۆ شاندێکی دەم پارتی سەردانی بارەگای سەرەکی جەهەپە لە ئەنقەرە بکەن و لەگەڵ ئۆزگور ئۆزال سەرۆکی گشتیی جەهەپە کۆببنەوە.
شاندەکەى دەم پارتی پێکهاتووە لە هاوسەرۆکەکانی پارتەکە و چەند ئەندامێکی دیکە.
پێشتر جەهەپە پێشنیاری کردبوو کۆمیسیۆنێکی هاوبەش لە پەڕلەمان پێکبهێنرێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دەستپێکردنەوەی دیدارەکانی ئاشتی و چارەسەری کێشەکان.
هاوکات چاوەڕێ دەکرێت، لەو کۆبونەوەیەدا مەسەلەی قەیوم و هەڵبژاردنی پێشوەختە و چەند بابەتێکی دیکە گفتوگۆی لەسەر بکرێت.
حوڕییەت
زیاتر لە 11 ملیۆن گەشتیار لە رێگەى تورکیاوە گەشتیان بۆ وڵاتانی دیکە کردووە
بەگوێرەى راپۆرتێکی دەزگای ئاماری تورکیا، لە ساڵی 2024دا 11 ملیۆن و 400 هەزار گەشتیاری بیانیی لە رێگەى تورکیاوە گەشتیان بۆ وڵاتانی دیکە کردووە و تورکیا وەک وڵاتێک بۆ هۆکاری گواستنەوەی گەشتیاران لە رێگەى ئاسمانییەوە رۆڵی هەبووە.
زۆربەى ئەو گەشتیارانە لە رێگەى فڕۆکەخانەى ئیستانبوڵەوە گەشتەکانیان ئەنجامداوە.
جمهورییەت
ژنانی ئەکادیمیی بەشدارییان لەکایەی خوێندندا نییە
لە تورکیا و باکووری کوردستان 13 هەزار و 529 ژنی ئەکادیمی هەیە کە پلەی زانستیان پڕۆفیسۆرە. لە کۆی 204 زانکۆ تەنها لە 16 زانکۆدا سەرۆکی زانکۆکە ژنە.
سەندیکاکانی پەروەردە دەڵێن، لەسەر ئاستی قوتابخانەکانیش رێژەی بەڕێوەبەری ژن بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبۆتەوە.
رۆژنامە فارسیەکان
باختەر
لە نەورۆزدا کرماشان میوانداری فێستیڤاڵی گەلانی ئێران دەکات
داریوش فەرمانی بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، فێستیڤاڵی گەلانی ئێرانی لەو پارێزگایە بەڕێوەدەچێت.
فستیڤاڵی گەلانی ئێران یەکێک لە گرنگترین بەرنامەکانی نەورۆز دەبێت لە کرماشان کە بە پیشاندانی داب و نەریتی نەتەوە جیاوازەکانی ئێران، فەرهەنگی دەوڵەمەندی وڵاتەکە دەناسێنێت و دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە راکێشانی گەشتیارانی ناوخۆیی و بیانی.
ئیمروز
پێویستە دەسەڵاتی ناوەندی کەمبکرێتەوە و بدرێت بە پارێزگاکان
لە هەلومەرجێکدا کە نایەکسانی گەشەپێدان و مەرکەزییەت بۆتە هۆی کێشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی، حکومەتی ئێران بەدوای رێبازێکی نوێدا دەگەڕێت بۆ گۆڕینی سیستەمی حکومەت و گەیشتن بە گەشەپێدانی هاوسەنگی ناوچەیی.
لەم روانگەیەوە بیرۆکەی “هەر پارێزگایەک، سەرۆککۆمارێک” پێشنیار کراوە، کە ئامانجی گواستنەوەی دەسەڵات بۆ پارێزگاران و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە بڕیاردانی ناوەندییە.
حکوومەتی پزشکیان بە نموونەی وڵاتانی ئەورووپایی، پارێزگاری لە نەتەوە جیاوازەکان هەڵبژاردووە، ئەمەش یارمەتیدەر بووە بۆ باشترکردنی پێوەرەکانی گەشەپێدان. ئەزموونی ئەڵمانیا دەریخستووە کە بەرزکردنەوەی ئاستی بڕیاردانی ناوچەیی بووەتە هۆی زیادبوونی خۆشگوزەرانی و گەشەی ئابووری بە رێژەی 15و ئەم مۆدێلە دەتوانێت بەشداری بکات لە گەشەپێدانی بەردەوام و دادپەروەری کۆمەڵایەتی.
ئەبرار
رێوڕەسمی نەورۆز لە شوێنە مێژوویی و فەرهەنگییەکان بەڕێوەدەچێت
عەلی دارابی، جێگری میراتی فەرهەنگی ئێران، رایگەیاند کە بە بۆنەی هاتنی نەورۆز بەرنامەی تایبەتیان ئامادە کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە نەورۆز و خوان و دابونەریتەکانی لە لیستی جیهانیی یوونسکۆدا بەنێوی ئێران تۆمار کراون.
جەختیشی کردەوە بەشداریی هەمووان لە رێوڕەسمەکاندا پێویستە بۆ راگرتنی نەریتە کۆنەکانمان.
دارابی دەشڵێت کە بەرنامەی نەورۆزگەکان لە هەزار شوێنی مێژوویی و فەرهەنگیدا لە سەرانسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەدەچن.
هەروەها بازاڕچەی پیشە دەستییەکان لە زۆرێک لە شوێنە فەرهەنگی و مێژووییەکاندا دەکرێنەوە.
ئیقتسادی مەردوم
پزشکیان دەڵێت، هەر گرژی ململانێیەک بە زیانی خۆمان دەزانین
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی نەرویج، مەسعود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، جەختی کردەوە کە ئێران بەگوێرەی فەرمانی رێبەر، هەرگیز بە دوای دروستکردنی چەکی ئەتۆمییەوە نەبووە.
پزشکیان گوتی، کە ئێران هەر جۆرە گرژی و نائارامییەک بە زیانی خۆی و ناوچەکە و جیهان دەزانێ.
ئاماژەی بەوەشکرد. کە حکومەتی ئێران بە توندی بەرەنگاری هەر هەڕەشەیەک دەبێتەوە کە ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی بخاتە مەترسییەوە.
سەرۆکوەزیرانی نەرویجیش جەختی کردەوە، کە وڵاتەکەی پێشوازی لە چارەسەری ئاشتییانەی کێشەی ئەتۆمیی ئێران و هەموو کێشەکانی ناوچەکە دەکات و ئامادەی هەموو هاوکاری و پشتگیرییەکە.
رۆژنامە عەرەبییەکان

شەرقلئەوسەت
عێراق پەنا بۆ غازی کەنداو دەبات
گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا رایگەیاند, ئیدارەى ترەمپ رێگەپێدانى عێراقى بۆ هاوردەکردنى غازی ئێران کۆتایی پێهێناوە و دەیەوێت کۆتا فشاری خۆی بەکاربهێنێت بۆ ئەوەى دەستى نەگات بە چەکی ئەتۆم و نەشتوانێت
هاوکاریی گرووپە چەکدارە تیرۆرستییەکان بدات.
عەلى شەداد ئەندامی لیژنەى نەوت و غازی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، بۆ پڕکردنەوەى کورتهێنانى غاز و پەکنەکەوتنى کارەبا پەنا بۆ غازی وڵاتانى کەنداو دەبات.

سەباح
هەموارکردنەوەى یاساى بنبڕکردنی مادەى هۆشبەر لە قۆناغى کۆتاییدایە
عەدنان جەحیشى سەرۆکی لیژنەى بنەبڕکردنى مادەهۆشبەرەکانی پەرلەمانى عێراق ئاشکرای کرد، هەموارکردنەوەى یاساکە
نزیکبووەتەوە لە کۆتایی بەمنزیکانە دەخرێتە بەردەم پەرلەمان و خوێندنەوەى یەکەم و دووەمی بۆ دەکرێت.
یاساکە کۆمەڵە خاڵێکی گرنگی لەخۆ گرتووە لەوانەش خۆپارێزیی و تەندروستى لە گەڵ سزاکانى سەر بازرگانانی پێکردنی و لە هەمان کاتیشدا ئاراستەکردنى کۆمەڵگەى تێدایە بۆ پەرە نەسەندنی.
جەحیشى بۆ هەموارکردنەوەکەى بۆچوونى هەموو لایەکیان وەرگرتووە لەبەر ئەوەى بەرپرسیارێتیەکە لەسەرشانى هەمووانە و دواجاریش زیانەکە لەهەمووان دەکەوێت.
عەرەب
جەزائیر بەکڕینى چەک لە ئیدارەکەى ترەمپ نزیکدەبێتەوە
سەبری بوقادۆم باڵیۆزی جەزائیر لە ئەمریکا ئاشکرایکرد، وڵاتەکەى دەستى کردووە بە گفتوگۆ لەگەڵ ئیدارەکەى ترەمپدا بۆ کڕینی چەکی پێشکەوتوو و نوێ.
پسپۆڕانى بوارەکەش دەڵێن، جەزائیر نایەوێت هەڵەکانى پێشوو دووبارەبکاتەوە و دەیەوێت پەیوەندیی بەهێز لەگەڵ ترەمپ دروستبکات. باڵیۆزی جەزائیرلە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، نوێنەرانى وەزارەتى بەرگریی جەزائیر لە ئەمریکان و سوورن لەسەر راوێژى دوو لایەنە لە بواری ئاسایشدا.
گوتیشی، سەردانى شاندى جەزائیر لەسەر داواى پسپۆڕانى وەزارەتى بەرگریی ئەمریکایە و بۆ بەشداری پێکردنیانە
لە چەند وۆرکشۆپێکی تایبەتدا بۆ چۆنییەتى بەرگریی نوێ.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان

دەیلی تەلەگراف
ترەمپ دەڵێت ئەگەری دابەشبوونی ئۆکراین هەیە
پێش دەستپێکردنی گفتوگۆکانی ئاشتی، ئەمریکا پەستان دەخاتە سەر ئۆکراین دەست لە بەشێک لە خاکەکەی خۆی هەڵبگرێت.
دۆناڵد ترەمپ دەڵێت رەنگە ئۆکراین بە ساغی لێیدەرنەچێت، لەم رووەوە پەستانی خستووەتە سەر ئۆکراین دەست لە بەشێک لە خاکەکەی خۆی هەڵبگرێت، کە رووسیا دەستی بەسەریدا گرتووە.
ئەم لێدوانانە دەکەونە پێشی ئەو دیدار و گفتوگۆکردنانەوە کە چاوەڕواندەکرێت لەم هەفتەیەدا لە سعودیە ئەنجام بدرێن. ترەمپ دەڵێت ئەگەر ئۆکراین دەست لە ئەو بەشە خاکەی بەربدات، سەروەریی بەسەر بەشەکانی ترەوە دەمێنێتەوە.
فاینەنشیەڵ تایمز
وەبەرهێنەرە چینییەکان بە نهێنی دزەیان کردووەتە ناو کۆمپانیاکانی ئیلۆن مەسکەوە
چەند وەبەرهێنێکی چینی توانیویانە بەناسنامەی نهێنییەوە دەیان ملیۆن دۆلار پارەی خۆیان ببەنە ناو ئەو کۆمپانیایانەوە،
کە ئیلۆن مەسک خاوەندارێتییان دەکات، بۆئەوەی لەوێ وەبەرهێنان بکەن. بۆیە لێرەوە ئەوپرسە دروستدەبێت، ئایا لە کاتێکدا، کە مەسک خۆی کار لەسەر خاوێنکردنەوەی پێکهاتەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەکات، چۆن دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ ئەم رەوشەدا بکات، کە چەندکۆمپانیا و سەرمایەدارێکی چینی دەستیان گەیاندووە بە ناو کۆمپانیاکانی خۆی!
گاردیەن
ئیسرائیل دەیەوێت وزەی کارەبا لە هەموو کەرتی غەزە ببڕێت
ئیسرائیل بەرنامەی هەیە ئەو بڕەکارەبایەی لەناو کەرتی غەزەدا ماوەتەوە بیبڕێت. مەبەستی ئیسرائیل لەم کارەی، دروستکردنی پەستانێکی زیاترە بۆ سەر حەماس بۆئەوەی ناچاری بکات لەسەر چەند ئاستێک پێویستی بە گفتوگۆکردن
و دانوستاندن هەبێت، بۆ درێژەدان بە ئاگربەستە شڵۆقەکەی نێوانیان.
هەرچەند هێشتا ئەوە روون نییە، ئایا ئەم هەنگاوە ئەو کاریگەرییەی دەبێت کە لێی چاوەڕواندەکرێت، یاخود نا! چونکە لە ئەم
کاتەی ئێستادا زۆربەی دانیشتووانی کەرتی غەزە کە ژمارەیان دەگات بە 2.3 ملیۆن کەس بۆدابینکردنی وزەی کارەبا پشت بە جۆرێک موەلیدە دەبەستن، کە بە گازی شل کاردەکات.

ئۆرشەلیم پۆست
ئیسرائیل دەرگای جۆلانی بۆ دەرووزەکانی سوریا کردووەتەوە بتوانن بچن لەوێ کاربکەن
ئیزرائیل کاتز وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، وڵاتەکەی نیازی هەیە رێگە بە دەرووزی و مەسیحییەکانی ناو سوریا بدات، بتوانن بچن لە بەشە ئیسرائیلییەکەی بەرزاییەکانی جۆلان کاربکەن.
ئەم هەنگاوە نائاساییە، کە لەم کاتەدا ئیسرائیل رێگەدەدات هاووڵاتیانی وڵاتێکی بارودۆخ شڵۆقی وەک سوریا بچنە ناو ئیسرائیلەوە بۆ کارکردن، دەکرێت کاریگەری و شوێنکەوتەی هەرێمایەتیشی هەبێت. ئەم بڕیارە ئەو پرسیارەش
دەوروژێنێت کە داخۆ ئەو گۆڕانکارییانە چی بن بەسەر ناوچەکەدا هاتوون کە پێشهاتی لەمشێوەیەشیان لێدەکەوێتەوە؟