رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
واشنتن سزاى گشتگیر بەسەر بەغداد دا دەسەپێنێت
دوو دبلۆماتکاری ئەمریکی بە رۆژنامەى شەرقلئەوسەتیان راگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپ لە 4ـى شوباتەوە واژۆی لەسەر توندکردنەوەى سزاکانى لەسەر ئێران کردووە کە بەشێکى پەیوەندیی بە عێراق و ئەو گروپانەوە هەیە کە وابەستەن بە سیاسەتەکانى ئەو وڵاتەوە لە عێراق.
دبلۆماتکارێکیان کە نەیویستووە ناوى ئاشکرا بکرێت رایگەیاندووە، بەمنزیکانە سزاکانى سەر کەسایەتى ،لایەن و گروپە چەکدارەکان دەستپێدەکات بەتایبەتى ئەوانەیان کە کارئاسانیی بازرگانى و دارایی نایاساییان بۆ ئێران کردووە.
لەنێو سزاکاندا دامەزراوەى حکومیشی تێدایە و تەنانەت بازرگانییە وردەکان و خاڵەکانی پشکنینى سەر سنوورەکانیش دەگرێتەوە کە لایەنەکان پارەى تێداکۆدەکەنەوە.
یەکێکى دیکە لەو دبلۆماتکارانەى کە تازە لەعێراق گەڕاوەتەوە واشنتن جەختى لەوە کردووەتەوە، ئەمریکا بڕی ئەو دۆلارانە کەمدەکاتەوە کە پێشتر داویەتى بە بانکی ناوەندی عێراق و ئەوەندەى پێدەدات بەشى کاروبارەکانى خۆی بکات بۆ ئەوەى زیادەکەى نەگاتە ئێران.
بەگوتەی دیبلۆماتکارەکان، ئەم سزایانە لێدان نییە لە عێراق بەڵکو هەڵکێشانى رەگی ئەو لایەن و کەسانەیە کە لە ئێرانەوە نزیکن، دبلۆماتکارە ئەمریکییەکە ئەم سزایانەى بە چارەسەریی کیمیایی چواندووە کە دەدرێت بە نەخۆشێک شێرپەنجەى بێت و گوتوویەتى بەوهیوایەى کاتى پێدانى ژەمەکانى چارەسەرەکە بەسەر نەچووبێت.
عەقیل عەباس پسپۆڕی کاروبارەکانى ئەمریکاش بەرۆژنامەکەی گوتووە، ئەم سزایانە دەیان گرووپ و کەسایەتى عێراقى دەگرێتەوە و ئامانجیش ئەوەیە ئێران یان دەست لە ئەتۆمەکەى هەڵبگرێت یان شان بداتە ژێر باری دانوستان بۆ کەمکردنەوەى هەژموونی خۆی لەناوچەکە بە دووریشى نەزانى سزاکان لە دواى مانگی رەمەزانەوە بچنە بوارى جێبەجێکردنەوە.
سەباح
بۆ راگرتنى هاوردەى غازى ئێران بە فەرمی ئاگادارى عێراق نەکراوەتەوە
باسم عەوادی گوتەبێژى حکومەتى عێراق دەڵێ، هەرچەندە بە فەرمی ئاگادارنەکراوینەتەوە بۆ راگرتنى هاوردەکردنى غازى ئێران بەڵام سەرۆکوەزیرانى ئاگاداری لایەنە پەیوەندیدارەکانى کردووەتەوە کە خۆیان بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادەبکەن.
عێراق لە ئێرانەوە 50 ملیۆن مەتر سێجا غازی هاوردەکردووە کە دەکاتە یەک لەسەر سێی پێداویستییەکانى رۆژانەى.
گوتەبێژی حکومەتی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی گوت، بۆ جێگرەوەى ئەو غازە چەند رێگەچارەیەکمان لەبەردەستدایە ، یەکێکیان هێنانى غازە لە تورکمانستانەوە لە رێگەى کۆمپانیایەکی نێوەندگیرەوە، یەکێکى تر لە بژاردەکان پەنابردنە بۆ کارۆئاویی لەبری بەکارهێنانى غاز بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا، بژاردەیەکی دیکە بەکارهێنانى گازوایلە لە بری غاز بۆ کارپێکردنى وێستگەکانى کارەبا.
داخل رازی ئەندامى لیژنەى نەوت و غازی پەرلەمانیش رایگەیاندووە، لەنێوان حکومەت و ئەمریکادا گفتوگۆ کراوە بۆ ئەوەى هاوردەکردنى غازی ئێرانى ئەم هاوینەش بەردەوام بێت بۆ ئەوەى کێشەى کارەبایان نەبێت.
دەستور
ئەمڕۆ کۆبونەوەیەک لەنێوان تورکیا، عێراق و سوریا و ئوردن لە عەمان ئەنجام دەدرێت
هاکان فیدان وەزیری دەرەوەى تورکیا رایگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ لەسەر ئاستى وەزارەتەکانی دەرەوە هەر چوار وڵاتى تورکیا، عێراق، سوریا و ئوردن لە عەمان کۆببنەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانجی کۆبوونەوەکە بۆ دانانى پلانێکى چوار قۆڵی هەماهەنگییە لەدواى روداوەکانى ئەم دواییانەى سوریا.
هەرچوار لا پێکەوە کاردەکەن بۆ لەناوبردنى داعش ، سەرچاوەیەکی دبلۆماسی تورکیاش کە نەیویستووە ناوى ئاشکرا بکرێت بە رۆیتەرزی رایگەیاندووە، لە کۆبوونەوەکەدا وێڕاى وەزیرانى دەرەوە وەزیرانى بەرگریی و بەرپرسی یەکەمى دەزگا هەواڵگرییەکانى هەرچوار وڵات بەشداریی دەکەن و پێکەو پلانێکى هاوبەش دادەڕێژن لەبوارى ئاسایش و نەهێشتنى تیرۆر و تاوانى رێکخراودا، گوتیشى تاووتوێی گۆڕانکارییەکانى ئەم دواییانەش بەشێکى دیکە دەبێت لە ئەجێنداى کۆبوونەوەکەیان.
عەرەب
ئەسەد رۆشت بەڵام مادەى هۆشبەر هەرماوە
کارولین روز گەورەتوێژەری پەیمانگاى -نیولاینز- ئاشکرای کرد دەوڵەتى پێشووى سوریا نەک هەر تێوەگلاو نەبووە لە مادەى هۆشبەر بەڵکو خۆی سەرپەرشتى بازرگانی پێوەکردنی کردووە و چەندین بەرپرسی باڵای وڵاتەکە و تەنانەت ئەندامانى خێزانەکەى ئەسەدیش لە پشتى ئەو کارەوە بوون، راشیگەیاندووە، سوریا ناوەندی بەرهەمهێنانى کەپتاگۆن بووە لەناوچەکەدا و رەوانەى وڵاتانى عێراق، میسر، تورکیا و کوەیت و چەند وڵاتى تریشیان کردووە، کارولین راشیگەیاند، باندەکانی بازرگانى مادەى هۆشبەر لە سوریا ئێستا وەکو جاران دەستیان ناگات بە کەپتاگۆن بۆیە مادەیەکى دیکەى کیمیایی دەستکرد بەکاردەهێنن و بازرگانى پێوە دەکەن کە هەمان کاریگەریی کەپتاگۆنی هەیە، سەبارەت بە کۆنترۆڵی مادەى هۆشبەر لە لایەن دەسەڵاتدارانى نوێی سوریاوە رایگەیاندووە بابەتەکە لەسەر دوو خاڵ رادەوەستێت، حکومەتى نوێ چەندە دەتوانێت ئابوری سوریا بە رێگەیەکى یاسایی ببوژێنێتەوە ئەویش لە رێگەى دابینکردنی زۆرترین هەلی کار، ئەوی تریشیان چەندە دەتوانێت روبەڕووى باندەکانى بازرگانی مادەى هۆشبەر ببێتەوە، کە هەردووکیان بۆ سوریا قورسە.
رۆژنامە تورکییەکان

تورکیا
هەنگاوەکان بۆ تورکیایەکی بێ تیرۆر خێراتر دەکرێن
لەپاش ئەوەى سێ جار شاندی ئیمراڵی سەردانی عەبدوڵا ئۆجالایان کرد، بانگەوازی چەک دانانیان بۆ رایگشتی خوێندەوە، وابڕیارە شاندەکە لە 17ـى ئاداردا سەردانی ئاک پارتی و مەهەپە بکەن.
بەهۆی ئەنجامدانی نەشتەرگەریییەوە، تائێستا دیار نییە لەو سەردانەدا دەولەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە ئامادەی کۆبونەوەکە دەکات یاخوود نا.
بیرگون
بانگەشەکانی ئیمامئۆغڵو لەدژى ئەردۆغان دەستیپێکرد
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی گەورەشارەوانی ئیستانبوڵ لە ئیزمیر یەکەم کۆبونەوەى جەماوەریی ئەنجامدا. ئامانج لەو کۆبونەوەیە بۆ خۆ ئامادەکرنە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە لەو وڵاتە لەبەرئەوەى ئیمامئۆغڵو کاندیدی فەرمی جەهەپەیە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی لەو وڵاتە.
ئیمامئۆغڵو لە ئیزمیر رایگەیاند، سەردەمی ئەردۆغان کۆتایی پێهاتووە.
گوتیشی، رۆژ بە رۆژ ستەمکاریی و فشاری دەسەڵات لەسەر کۆمەڵگە زیاتر دەبێت و راشیگەیاند هەموان پێکەوە کۆتایی بەم سەردەمە دەهێنێت.
یەنی ئاسیا
حکومەت گەنجانی لە دین سارکردووەتەوە
عەلی بابەجان سەرۆکی گشتیی دێڤا پارتی رایگەیاند، بەهۆی سیاسەتەکانی حکومەتی ئاک پارتییەوە گەنجانی ئێستا لە دینەوە دوورن.
بابەجان راشیگەیاند، ئاک پارتی بانگەوازی دینداریی دەکرد بەڵام لەپاش ساڵانێکی زۆر و لەئێستادا گەنجی وڵات بە تەواوی لە دین ساردبونەتەوە و بەشێوەیەکی گشتیی گەنجان لە دینەوە دوورن.
حوڕییەت
ئەردۆغان دەڵێت ئامانجمان ئەوەیە تیرۆر بنێژین
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا و هاوژینەکەى، لەمیانەى بەشداریکردنیان لە بۆنەی 8ـی مارسدا لە رۆژی جیهانی ژناندا لە ئیستانبوڵ پەیامی تورکیایەکی بێ تیرۆری هەبوو راشیگەیاند ئامانجمان ئەوەیە تیرۆر بنێژین.
ئەردۆغان ناوی ئەو ژنانەى هێنا کە بەهۆی شەڕەوە گیانیان لەدەستداوە و گوتی، لە هەنگاوەکانمان بۆ تورکیایەکی بێ تیرۆر بەردەوام دەبیت تاکوو بە تەواوی تیرۆر بنبڕ دەکەین.
رۆژنامە فارسییەکان

باختەر
هەناردەی کرماشان بۆ هەرێمی کوردستان کەمیکردووە
بەرپرسی چاودێریی گومرگی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان رەزا نیکڕەوش دەڵێ، کە ئەمساڵ بە بڕی سێ ملیار و 120 ملیۆن دۆلار کاڵا لە گومرگی پارێزگاکەوە هەناردەی عێراق کراوە.
لەو بڕە هەناردەیە 53٪ـی بۆ ناوچە عەرەبەکان و 47٪ بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە کراوە.
هەناردە بۆ ناوچە عەرەبییەکان بەرێژەی 8٪ زیادیکردووە بەڵام بۆ ناوچە کوردستانییەکان بەرێژەی 3٪ کەمیکردووە.
کرماشان بە درێژایی 371 کیلۆمەتر سنوور، ساڵانە زیاتر لە سێ ملیار دۆلار کاڵا هەناردەی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات.
ئارمانی میللی
خامنەیی: ئێران چاوەڕوانییەکانی حکومەتە چەوسێنەرەکان قبوڵ ناکات
سەرۆککۆمار و دەستەیەک لە کاربەدەستانی باڵای ئێران، لە چوارچێوەی دیدارێکدا، لەگەڵ رێبەری ئێران، عەلی خامنەیی، کۆبوونەوە.
لە دیدارەکەدا سەرۆککۆمار، مەسعود پزشکیان، گوتارێکی پێشکەش کرد و جەختی لەسەر یەکێتی و یەکڕیزی کردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
خامنەیی لە وڵامدا رایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک نابێت ئێران پەیڕەوی بنەماکانی رۆژئاوا بکات، چونکە ئەو بنەمایانە دژی بەها ئیسلامییەکانن.
خامنەیی هەروەها رەخنەی لە پێوەرە دووفاقییەکانی رۆژئاوا گرت و گوتی، ئێران چاوەڕوانییەکانی حکومەتە چەوسێنەرەکان قبوڵ ناکات. هەروەها جەختی کردەوە کە ئێران ملکەچی هیچ فشارێک نابێت لە بابەتی بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا.

ئەبراری ئیقتسادی
پیشەسازییە پێتروکیمیاییەکان لە ئێران بێ غاز ماونەتەوە
عەلی رەبانی، سەرپەرشتیاری بەکارهێنانی وزە لە پیشەسازی پترۆکیمیایی دەڵێ، کە پیشەسازیی پترۆکیمیایی ئێران کورتهێنانی 50 ملیۆن مەتری سێجا گازی هەیه و ئەگەر ئەم کەمییه دابین بکرێت، رۆژانە چوار ملیۆن دۆلار داهاتی زیاتری دەبێت.
رەبانی باسی کێشەکانی بەکارهێنانی گازی لە ئێران کرد و گوتی: سەرەڕای ئەوەی وڵاتەکەمان دووەمین وڵاتە کە سەرچاوەی گازی هەیە و سێیەمین بەرهەمهێنەری گازە لە جیهاندا، ئێران لە ناو 10 وڵاتی گەورەی گازفرۆشدا جێگەی نییە.
رەبانی ئاماژەی بەوەدا کە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی گاز لە ماڵەکان دەتوانێت پێداویستیی پیشەسازییەکان دابین بکات و وەبەرهێنان زیاد بکات.

روزگار
لە جیاکاریی رەگەزیدا ئێران تەنها لە سودان باشترە
راپۆرتی جیهانی بۆ جیاکاریی رەگەزی دەریدەخات کە رێژەی بەشداریی ژنان لە هێزی کاری ئێران نزیکە له 20٪ کە کەمترین رێژەیە لە نێوان وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەدوای سودان.
لە ریزبەندیی ناوچەییدا ئێران پلەی 14ـی هەیە لە نێوان 15 وڵاتدا. لە کاتێکدا وڵاتانی وەک پاکستان و سعودیە و تونس لە دۆخێکی باشتردان.
راپۆرتەکە دەریدەخات کە لە سعودیە 43٪ـی کارە پلە باڵاکان لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەدەبرێن و رێژەی بەشداریی ئابوریی ژنانیش بۆ 36٪ بەرزبووەتەوە.
هۆکارە جۆراوجۆرەکانی وەک کولتووری نەریتی، سنووردارکردنی یاسایی و کۆمەڵایەتی، کاریگەرییان لەسەر ئەم دۆخە داناوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
پادشا پەیامێک ئاڕاستەی وڵاتانی ئەندامی کۆمۆنوێڵس دەکات
پادشای بەریتانیا بە پەیامێک روو لە خەڵکی وڵاتانی ئەندامی کۆمۆنوێڵس دەکات و پێیاندەڵێت، لەم سەردەمی نادڵنیاییەدا جارێکی دیکە یەکبگرنەوە.
ئێستا زۆر بە ئاسانی دەتوانرێت جیاوازبوونمان ببێت بە مایەی کێشە بۆمان. بەڵام توانایەکی باش و گرنگیشمان هەیە بۆئەوەی بتوانین خەڵکی هەر 56 وڵاتەکانمان پێکەوە کۆبکەینەوە.
بڕیارە ئەم پەیامەی پادشا سبەینێ بڵاوبکرێتەوە، تێیدا داوا لە هەموو ئەندامەکانی کۆمۆنوێڵس دەکات کە بە گیانی هاوکاری و دۆستایەتییەوە بیر لە یەکگرتنەوە بکەنەوە، چونکە یەکگرتنەوەیان لەم سەردەمەدا زۆر پێویستە.

سەندەی تایمز
چەند لایەنگرێکی فەڵەستین دامەزراوەکانی بەرگریی بەریتانیا بە ئامانج دەگرن
ئەمانە گروپێکن لە ماوەی ساڵی رابوردوودا 170 جار هێرشیان بۆسەر دامەزراوەکانی وەزارەتی بەرگری ئەنجامداوە، چەند زانکۆ و بانکێکیش لە هێرشەکانیان زەرەرمەندبوون.
چەند کۆمپانیایەک هەن، کە چەک و کەرەستەی سەربازی بۆ سوپا و وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا دابین دەکەن. ئەمانە لەبواری ئەلیکترۆنیدا چەندان هێرشیان کراوەتە سەر و دەشزانرێت ئەوانەی هێرشەکانیان ئەنجامداوە گروپێکن کە لایەنگری کەیسی فەلەستینین. بەرپرسیارێتیی خۆیانیان لە ئەنجامدانی 356 هێرشی راستەخۆ لەماوەی پێنج ساڵی رابوردوودا راگەیاندووە. دەڵێن لەو هێرشانەدا بایی چەندان ملیۆن پاوەند زیانی راستەوخۆیان لە دامەزراوە سەربازی و بەرگری و دەزگا دەوڵەتی و بانکەکان و هەر ناوەندێکی بەریتانی داوە، کە پەیوەندییەکی بە کایەی سەربازییەوە هەبووبێت.
لە لێکۆڵینەوەکانیشەوە دەرکەوتووە، کە ئاستی زیانەکانی ئەم گروپی تاوانە رێکخراوە کەم نەبوون.
دەیلی مەیل
بەخێربێیت بۆ بەریتانیا
ئە وکابرایەی هاواردەکات دەبێت هەموو جووەکان بمرن، رۆژی پێنج شەممە خۆیی گەیاندووە بە بەریتانیا
لاپەڕە یەکی ئەم رۆژنامەیە دوو وێنەی کەسایەتییەکی سەربازیی فەڵەستینیی بڵاوکردۆتەوە، وێنەی یەکەم ئەم کەسە وەک پەنابەر دەردەکەوێت گەشتووە بە ناو خاکی بەریتانیا، لە وێنەی دووەمیشیدا هێشتا سەربازێکی فەڵەستینییە و لە بەردەم ئاڵای فەلەستینییەوە لە پشتی چەکە قورسەکەیەوە وەستاوە و ئامادەیە بۆ تەقەکردن. رۆژنامەکە نوسیویەتی هێزێکی پاسەوانی سنوری بەریتانیا رۆژی پێنج شەممە کەسێکی پەنابەریان وەرگرتووە و هێناویانەتە ناو بەریتانیاوە. ئەم کەسە ناوی ئەبوو وادییە، فەڵەستینییە و لەناو سۆشیال میدییای خۆیدا بە شانازییەوە وێنەی خۆیی لە پشتی چەکەکەیەوە داناوە، کە ئاماژەیە بۆئەوەی لە چەندان پەلاماری تیرۆریستانەوە گلابێت. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئەوەی ئایا ئەم کەسە دەستگیر کراوە یاخوود نا.
ئەم کەسە چەکدارێکی فەڵەستینییە، ناوی ئەبوو وادییە، رۆژی پێنج شەممە بە چووپێک خۆیی گەیاندووە بە کەناڵی ئینگلیزی و لەوێوە بە پەنجەی ئاماژەی سەرکەوتنی بەرزکردۆتەوە، نوسیویەتی سوپاس بۆ خودا گەشتین بە بریتانیا. ناوبراو لەناو شەڕ و ئاژاوەکانی کەرتی غەزەدا، بە خوێنڕژی جووەکان ناسراوە.

وۆڵ ستریت جۆرنەڵ
بازاڕی هەلی کار لە گەشەکردنێکی جێگیردایە
لە ماوەی مانگی رابوردوودا بازاڕی ئابوریی ئەمریکا 151 هەزار هەلی کاری نوێی راگەیاندووە، بەڵام ئەمەش هێشتا هەر لە ئاستێکی کەمتر لە بڕیا چاوەڕوانکراوەوە بووە.
لە مانگی شوباتی رابوردوودا گەشەی بازاڕی کار لە ئاستێکی جێگیردا بەردەوام بووە، دەکرێت ئەمەش وەک ئاماژەیەک سەیر بکرێت،بۆئەوەی کە لەوکاتەوە ترەمپ چووەتە سەر دەسەڵات ئەم بوارە گەشەکردنێک بەخۆوە دەبینێت. ئەگەرچی هەندێک هەڵسەناگندنی پێشوەختە هەبوون باسیان لە ئەگەری کزبوونی دەکرد.
لە مانگی شووباتی رابردوودا 151 هەزار هەلی کاری نوێ راگەیەندراوە. وەزارەتی کار لە راپۆرتێکی خۆیدا لەم بارەیەوە دەڵێت پێشبینییەکانیان وابووە، کە بتوانن هەر لەو مانگەدا 170 هەزار هەلی کار رابگەیەنن، نەیانوانیوە بگەن بە ئەو ئاستە، بەڵام ئەوەش کە بە دەستهاتووە خراپ نییە. لە بەراوردکردنێکدا، کە رۆژنامەی وۆڵ ستریت ئەنجامیداوە بینراوە کە مانگی پێش ئەوەش 125 هەزار هەلی کاری نوێ لە ئەو بازاڕەدا رەخسێندراوە و کەسانی نوێ چونەتە سەرکار.