زووم، ئاژانسەکان:
سێ کەشتیوانی چینی، دوای تەواوکردنی ئەرکێکی شەش مانگی لە وێستگەی بۆشایی ئاسمانی چین، گەڕانەوە سەر زەوی، ئەو سێ کەشتیوانە کاریان لە بنیاتنانی وێستگەکەدا دەکرد، کە بە تەواوبوونیشی وڵاتەکەیان مێژوویەکی تازە تۆماردەکات و لەدوای یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو و ئەمریکا دەبێتە سێیەم وڵات کە خاوەندارێتی لە وێستگەیەکی بۆشایی ئاسمان بکات.
سێ کەشتیوانەکە رۆژی 5ی حوزەیران بەرەو بۆشایی ئاسمان بەڕێکەوتبوون، بۆ سەرپەرشتیکردنی قۆناغی کۆتایی دروستکردنی وێستگەی بۆشایی ئاسمانی تیانگۆنگ کە لە مانگی تشرینی دووەمدا کارەکانی تەواو بوو.
تیمی کەشتییەکە رۆژی یەکشەممە لە کەشتی ئاسمانی شێنژۆ-14ەوە لە ناوچەی خۆسەری مەنگۆلیا لە چین دابەزین.
😮Rare footage. Seems that main parachute of Shenzhou 14 was not cut off before ground team arrived. It dragged Shenzhou 14 return module and left a clear trace on the ground. CNSA hasn’t announced whether it was intentional or malfunction. We’ll watch closely on updates. pic.twitter.com/yuojnecT6f
— CNSA Watcher (@CNSAWatcher) December 4, 2022
ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی چین ئەو ئەرکەی بە “سەرکەوتنی تەواو” وەسفکرد.
فەرماندە چێن دۆنگ و هەردوو هاوەڵی گەشتەکەی لیو یانگ و کای شوژێ لە کاتی نیشتنەوەکەدا رایانگەیاندووە، “تەندروستیان باشە”.
دوای نزیکەی نۆ کاتژمێر لە جێهێشتنی وێستگەکە لە بۆشایی ئاسماندا، تیمەکە کاتژمێر 8ی ئێوارە بەکاتی چین گەیشتنەوە سەرزەوی.
ئاژانسی هەواڵی شینخوای چین بڵاویکردەوە، یانگ، یەکەم ژنە کەشتیوانی ئاسمانی چین، رایگەیاندووە، یادەوەرییەکی لەبیرنەکراوی لە وێستگەی بۆشایی ئاسماندا تۆمارکردووە و “بە پەرۆشە بۆ گەڕانەوە بۆ شارەکەی خۆی”.
ئەو سێ کەشتیوانە لە بۆشایی ئاسماندا سەرپەرشتی بەستنی پارچەی دووەم و سێیەمیان بۆ وێستگەی تیانگۆنگ کردووە و سێ جار چوونەتە دەرەوەی وێستگەکە بە مەبەستی پشکنین و تاقیکردنەوەی پارچە نوێیەکان.
وێستگەکە وەک تاقیگەیەکی ئاسمانی رۆڵ دەبینێت و پێشبینی دەکرێت لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا زیاتر لە 1,000 تاقیکردنەوەی ئاسمانی تێدا ئەنجامبدرێت.
هاتنەخوارەوەی ئەو سێ کەشتیوانە لە کاتێکدایە کە چین تەنها پێنج رۆژ لەمەوبەر تیمێکی دیکەی کەشتیوانی ئاسمانی وڵاتەکەی رەوانەی هەمان وێستگە کرد بەمەبەستی تەواوکردنی ئەرکی ئەوتیمەی، کە دوێنێ گەڕانەوە سەرزەوی.
تیمە تازەکەش بە هەمانشێوە، بۆماوەی شەش مانگ لەبۆشایی ئاسماندا دەمێننەوە. جێگیرکردن و بنیاتنانی ئەو وێستگەیە دەبێتە دووەم وێستگەی بۆشایی ئاسمان لەدوای وێستگەی نێودەوڵەتی ئاسمانی ISS کە لەلایەن ناساوە سەرپەرشتی دەکرێت و لە ساڵی 2011ەوە چینی کردووەتە دەرەوە.
بنیاتنانی وێستگە چینییەکە پێویستی بە ئەنجامدانی 11 گەشتی ئاسمانی هەبووە.
چین، لەدوای یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو و ئەمریکا، سێیەم وڵاتە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا توانیبێتی هەم کەشتیوان بنێرێت بۆ بۆشایی ئاسمان هەم وێستگەی ئاسمانی دروستبکات.
وێستگەی بۆشایی ئاسمانی تیانگۆنگ، یان “کۆشکی حەوانەوەی ئاسمانی”، وێستگەی نوێی بۆشایی ئاسمانی هەمیشەیی چینە. پێشتر وڵاتەکە دوو وێستگەی بۆشایی ئاسمانی تاقیکاری کاتیی خستە بۆشایی ئاسمانەوە، کە ناویان تیانگۆنگ-1 و تیانگۆنگ-2 بوو.
لە ماوەی 10 ساڵی داهاتووی کارکردنی وێستگەی تیانگۆنگ، پێشبینی دەکرێت چین ساڵانە دوو تیمی کەشتیوانی ئاسمانی بۆ وێستگەکە رەوانە بکات کە بە دوو شەفتی شەش مانگی لە وێستگەکەدا کاربکەن.
لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا چین زیاتر لە 200 موشەکی هەڵداوە.
پێشتر چین گەشتێکی بێ سەرنشینی بۆ سەر مانگ ئەنجامداوە کە تایبەت بوو بە کۆکردنەوە و هێنانەوەی نمونەی هەندێک بەردی سەر رووی مانگ. هەر لەو گەشتەدا چین ئاڵایەکی وڵاتەکەی لەسەر رووی مانگ هەڵدا کە بە ئەنقەست لە ئاڵاکانی پێشووی ئەمریکا گەورەتر دروستکرابوون.
بەپێی پلانی چین، لە ساڵی 2030دا بۆ یەکەمجار کەشتیوانی وڵاتەکەی رەوانەی سەر رووی مانگ دەکات و تا ساڵی 2045، ئەو وڵاتە دەبێتە گەورەترین دەسەڵاتداری بۆشایی ئاسمان.