زووم..
هەرچەندە بڕیاربوو ئەمڕۆ جارێکی دیکە کۆبوونەوەی نێوان شاندی وەزارەتەکانی نەوتی عێراق و سامانە سروستییەکان و ئەپیکور بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەغداد بەڕێوەبچێت، بەڵام سەرچاوەیەک لە وەزارتی نەوتی عێراق بە زوومی راگەیاند، کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکە دواخراوە بۆ کاتێکی دیکە.
دواخستنی کۆبوونەوەکە دواى ئەوە دێت شەوی یەکشەمەی رابردووی وەزارەتەکانی نەوتی عێراق و سامانە سروشتییەکان و ئەپیکور کۆبوونەوە، بەگوێرەی زانیارییەکانی زوومیش، لە کۆبوونەوەکەدا نەگەیشتنە هیچ رێککەوتنێک بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت و تەنانەت دەمەقاڵێ و دەنگ بەرزکردنەوەش دروستبووە.
زووم دەزانێت حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت لە کۆبوونەوەکەدا بە نوێنەری ئەپیکوری گوتووە، ئێوە بە دەستی هەرێم ئاستەنگ بۆ پرۆسەکە دروستدەکەن، نوێنەری ئەپیکوریش جەختی لەوەکردووەتەوە، بەبێ گەرەنتی نەوت هەناردە ناکەن.
هاوکات، سەباح سوبحی ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە و سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی گوتووە، تەواوی رێوشوێنەکانی تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوت بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا تەواوکراون و عێراق چاوەڕوانی وەڵامی تورکیایە لەبارەی ئامادەبوونی بۆرییەکان بۆ ئەوەی لەچەند رۆژێکی کەمی داهاتوودا هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە.
سەباح سوبحی دەشڵێت، وەزارەتی نەوت لیژنەیەکی تایبەتمەندی ناردووە بۆ زاخۆ تا دڵنیاببنەوە لە ئامادەبوونی تەواوی بۆرییەکان.