زووم، ئاژانسەکان:
ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ی کانوونی یەکەمی 2022، دژى تێکچوونی دۆخى ئابوری و بەرزبوونەوەى نرخى خۆراک و پێداویستییەکان، خۆپیشاندانێک لە پارێزگاى سوەیداى باشورى سوریا ئەنجامدرا، خۆپیشاندانەکە گرژیی و ئاڵۆزیی لێکەوتەوە، خۆپیشاندەران بیناى پارێزگاى شارەکەیان سوتاند و خۆپیشاندەرێک و پۆلیسێک لە ئەنجامى ئاڵۆزییەکاندا کوژران، خۆپیشاندەرێکیش بە فیشەک برینداربوو.
كاميرا السويداء 24 تواصل تغطية الاضطرابات في محيط السرايا الحكومي بعد اقتحامه من المحتجين.. pic.twitter.com/OJ20LKx9vJ
— السويداء 24 (@suwayda24) December 4, 2022
لە خۆپیشاندانەکەدا نزیکەى 200 کەس بەشداربوون، بە گوتنەوەی دروشمی دژ بە بەشار ئەسەد و رژێمەکەى، داوای روخانی حوکمی ئەسەدیان دەکرد، ئەم دروشمانە یادەوەرى خەڵکى نێوخۆى وڵاتەکە و چاودێرانى دەرەکییان گەڕاندەوە بۆ 11 ساڵ پێش ئێستا، کاتێک لە ئازارى 2011 خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى مەدەنى خەڵکى سوریا لە شارە جیاوازەکانەوە دەسیپێکرد، بەڵام دواتر گۆڕا بۆ جەنگی ناوخۆ و پێکدادانى چەکداریی خوێناویی، کە تائێستاش نەتوانراوە بە یەکجارى کۆتایی بەو دۆخە سەختەى وڵاتەکە بهێنرێت.
#شاهد هتافات المحتجين قبل لحظات من اقتحام مبنى المحافظة في مركز مدينة #السويداء pic.twitter.com/fxMeGMXKJA
— السويداء 24 (@suwayda24) December 4, 2022
حکومەتى بەشار ئەسەد هاوشێوەى ساڵى 2011، ئێستاش رێگە بە ئەنجامدانى هیچ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەک لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی رژێمەکەى نادات، بۆیە خۆپیشاندانەکەى ئەمڕۆى پارێزگاى سوەیداى باشورى وڵاتەکە، بە رووداوێكی دەگمەن دەبینرێت.
دانیشتووانى پارێزگاى سوەیدا لە کەمینەى “دورزەکان”ن
پارێزگای سوەیدا، زۆرینەى دانیشتووانەکەى لە کەمینەى “دورزەکان” پێکهاتووە، پارێزگاکە لە سەرەتای ئاڵۆزییە بەردەوامەکانی سوریاوە، تائێستا ئاڵۆزی لەم شێوەیەی بەخۆیەوە نەدیوە، دانیشتووانەکەى لەمێژە خۆیان لە ململانێی دەسەڵاتی بەشار ئەساد پاراستووە.
وەزارەتی ناوخۆی سوریا، خۆپیشاندەرانی ئەمڕۆى بە “دەرچوو لە یاسا” ناوبرد، راشیگەیاند کە خۆپیشاندەران ویستویانە هێرش بکەنە سەر بنکەی پۆلیسی شارەکە و پۆلیسێک لەکاتی روبەروبونەوەیان کوژراوە، دەشڵێت “بە دوای دەرچوو لە یاساکانین، رێکاری یاسایی بەرامبەر هەر کەسێک دەگرینە بەر کە بوێری ئەوەى هەیە ئاسایش و سەقامگیری سوەیدا تێکبدات”.
چەند شایەتحاڵێک بە رۆیتەرزیان گوتووە، پارێزگاری شارەکە لەو کاتەدا لەنێو باڵەخانەى پارێزگاکەدا نەبووە کە خۆپیشاندەران هێرشیان کردووە، رەیان مەعروف، چالاکی مافەکانی مرۆڤ لە سوەیدا بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، بیناکە بە تەواوی سوتێندراوە و راستەوخۆ وێنەی بەشار ئەسەد داگیراوە، روبەروبونەوەی توند بە فیشەک لە هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران روویداوە.
قوات النظام تفتح نيرانها على أهل #السويداء المتظاهرين، يوجد شهيد وجرحى!
هذا المقطع للدول التي تريد تقويم سلوك النظام وتغيير تعامله، وكذلك للدول التي تريد أن تعيد تأهيله والتطبيع معه بحجة "محاربة الإرهاب"، إن لم يكن هذا هو الإرهاب فماذا يكون؟! pic.twitter.com/7aadOgq1C8
— تمام أبو الخير (@RevTamam) December 4, 2022
رۆیتەرز لە زارى سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی سوەیداوە بڵاویکردەوە، یەکێک لە خۆپیشاندەرەکان لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە، یەکێکی دیکەش بریندارە، برینی هەردووکیان بەهۆی بەرکەوتنی فیشەک بووە.
بەهۆی ململانێ وێرانکەرەکانەوە، قەیرانی ئابوری قورس دووچاری سورییەکان بووەتەوە، دەستکەوتنی شوێنی نیشتەجێبوون و سەرچاوەی بژێوی ژیان بوەتە کارێکی ئەستەم.