ئەمڕۆ بە ئەنجامدانی سێ یاریی کۆتایی هات بە کێبڕکێکانی قۆناغی ١٦ی جامی کوردستان و پێشمەرگەی هەولێر و ئاکرێ و زاخۆ سەرکەوتن و سیروانی نوێ و رزگاری و رانیەش ماڵئاواییان کرد.
پێشمەرگەی هەولێر لە یاریگای خۆی میوانداری سیروانی نوێی کرد، یارییەکە بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک بە سودی یانەی خاوەن یاریگا کۆتایی هات، بەو بردنەوەیە پێشمەرگەی هەولێر سەرکەوت بۆ قۆناغی هەشت و سیروانی نوێش ماڵئاوایی کرد.
لە یارییەکی دیکەدا یانەی رزگاری بووە میوانی زاخۆی خاوەن یاریگا، یاریەکە بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک بە سودی زاخۆ کۆتایی هات و توانی بلیتێکی قۆناغی هەشتی جامەکە مسۆگەر بکات و رزگاریش ماڵئاوایی کرد.
لە دوا یارییدا هەردوو یانەی ئاکرێ و رانیە بەیەک گەیشتن، دوای بەرامبەربوونی کاتی یاسایی یارییەکە بە دوو گۆڵ بۆ هەردوولا، بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە ئاکرێ بە (٦-٥) یارییەکەی بردەوە و سەرکەوت بۆ قۆناغی هەشت، رانیەش ماڵئاوایی لە جامەکە کرد.