ئەنچیلۆتى هۆکارى دۆڕاندنەکەیان بەرامبەر بیتیس بۆ لەدەستدانى هاوسەنگى گەڕاندەوە و ئێمباپێش بۆ یاریکردن ئامادەنەبووە.
لە کۆنفرانسى رۆژنامەنوسى دواى دۆڕاندنەکەى بەرامبەر ریاڵ بیتیس لە لالیگا، کارلۆ ئەنچیلۆتى راهێنەرى ریاڵ مەدرید ئاماژەى بەوەکرد، بەباشى دەستیان بە یارییەکە کردووە، بەڵام نەیانتوانیوە پارێزگارى لە هەمان ریتم بکەن و لەبەردەم بیتیسدا کۆنتڕۆڵیان لەدەستداوە، کە باشتر یارى کرد و شایستەى بردنەوەکەى بووە.
ئەنچیلۆتى گوتى: دۆڕاندنەکەمان بە ئازارە، پێویستە بەخێرایى کاردانەوەمان هەبێت، دۆڕاندن لەم قۆناغەدا زۆرمان لەسەر دەکەوێت، لەبەرئەوەى هەموو تیپەکان ئەوەى لە توانایاندا هەبێت دەیکەن، ئەمڕۆ ئاستى داواکراومان پێشکەشنەکرد.
ئەنچیلۆتى باسى لەوەشکرد، ئەگەر بەم شێوەیە یارى بکەن، ئەوا ئاشکرایە کە سێشەممەى داهاتوو لە چامپیۆنز لیگ ناتوانن لە ئەتلەتیکۆ مەدرید ببەنەوە و دەڵێت: هیوادارم ئەمە زەنگێکى ئاگادارکردنەوە بێت بۆمان، پێشتر تیپێکى رێکخراو و هاوسەنگ بووین، بەڵام نەمانتواى ئەوە لەبەرامبەر بیتیسدا جێبەجێ بکەین.
لە بارەى دانیشاندنى کیلیان ئێمباپێ، راهێنەرە ئیتاڵیەکە ئاشکرایکرد، یاریزانەکە لە رۆژانى رابردوودا راهێنانى زۆرى نەکردووە و لە باشترین بارودۆخى خۆیدا نەبووە، هەر بۆیە بەلایەوە باشتربووە دایبنیشێنێت بۆ ئەوەى تووشى هیچ کێشەیەک نەبێت، لەبەرئەوەى لە تەواوى تواناى جەستەیى خۆیدا نەبووە.