زووم..
ئێف بی ئای رایگەیاند، کۆریای باکوور بەرپرسیارە لە دزینی نزیکەی یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار لە نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراوی ئەلیکترۆنی بای بیت لە دوبەی کە بە گەورەترین دزی لە مێژوودا دادەنرێت.
ئێف بی ئای هۆشداریداوە، ئەم جۆرە چالاکییە ئەلیکترۆنییە زیانبەخشەی کۆریای باکووری لە لایەن گرووپی لازارۆس ئەنجامدراوە کە گروپێکی هاککەری پێشکەوتووی کۆریای باکوورە و بەرپرسیارە لە دزییە گەورەکان بۆ پاڵپشتی لە بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکە بالیستییەکانی کۆریای باکوور.
ئەم گروپە هاککەرە تۆمەتبارە بەوەی لە ماوەی ساڵێکدا زیاتر لە یەک ملیار و 300 ملیۆن دۆلاریان لە 47 هێرشی جیاوازدا دزیوە. ئەو سەرمایە ئەلیکترۆنییانەی دزراون، دەگۆڕدرێن بۆ دراوی ئاسایی.
گروپی لازارۆس 10 ساڵ لەمەوبەر ناوبانگی دەرکرد کاتێک بە هاککردنی کۆمپانیای سۆنی تۆمەتبارکرا “لە تۆڵە”ـی بەرهەمهێنانی و بڵاوکردنەوەی فیلمێک بەناوی “چاوپێکەوتنەکە” کە تێیدا گاڵتە بە کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور دەکرێت.
گومان هەیە هەمان گروپ لە پشت دزینی دراوی ئەلیکتۆنی ئیسیریەم بێت لە رۆنین نێتوۆرک لە ساڵی 2022 کە لە چالاکییەکەدا بە بەهای 620 ملیۆن دۆلار دراوی ئیسیریەم دزرا.
هاوکات لە کۆتایی ساڵی رابردوو ئەمریکا و یابان گروپی لازارۆسیان بە دزینی 300 ملیۆن دۆلار تۆمەتبارکرد لە دراوی ئەلیکترۆنی بازاڕی ئەلیکترۆنی دی ئێم ئێم لە یابان.
پڕۆگرامی جەنگی ئەلیکترۆنی کۆریای باکوور دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی ساڵانی 1990ـەکان و وڵاتەکە بە “بەرهەمدارترین دزی ئەلیکترۆنی” لەلایەن چەند کۆمپانیایەکی ئاسایشی ئەلیکترۆنییەوە ناوزەندکراوە.