زووم..
ئەنجوومەنى دادوەریی عێراق رەتیدەکاتەوە بڕیاری دەستگیرکردن بۆ دۆناڵد ترەمپ و ئەحمەد شەرع و جۆ ویڵسۆن دەرکرابێت و دەڵێت، ئەو هەواڵانە دوورن لەراستییەوە.
ئەنجوومەنى دادوەریی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دواى لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونیان بۆ ئەو کێشەیە دەرکەوت نوسراوەکان ساختەن و هیچ فەرمانێکى لەو شێوەیە لە دادگاکانى عێراقدا دەرنەکراون، راشیگەیاند، ئەم جۆرە کارانە پێچەوانەى یاسایە و هەرکەس بیکات رووبەڕووی یاسا دەبێتەوە.
دواى هێرشەکەى ئێران بۆ سەر قاسم سولەیمانى و ئەبو مەهدی موهەندیس لەنێو فڕۆکەخانەى بەغداد لە 3ـى کانوونى دووەمی ساڵی 2020، چوار رۆژ دواى رووداوەکە فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی رایگەیاند، دادگا سڵ ناکاتەوە لە دەرکردنی فەرمانى دەستگیرکردن بۆ هەر کەسێک کە بەشداریی لە ئەنجامدانى هەر تاوانێکدا کردبێت.
رۆژنامەی شەرقلئەوسەت دەڵێت، بەشێک لە شرۆڤەکارانی باس لەوەدەکەن دەکرێت لەڕووى یاساییەوە بە فەرمانێکى دیکە فەرمانى دەستگیرکردنەکانیان هەڵوەشاندبێتەوە یان پێدەچێت ترەمپ ئەو لێبوردنە گشتییە بیگرێتەوە کە لە ماوى رابردوودا لە پەرلەمانى عێراق دەرکراوە، ئەمریکییەکانیش رایانگەیاندووە، ئەو دادگایەى فەرمانەکەى دەرکردووە ئێرانى بووە نەک عێراقى.
سەبارەت بە ئەحمەد شەرعیش، میدیای عێراق لە کانونی یەکەمی 2024 بڵاویکردەوە، ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ئەحمەد شەڕح دەرکردووە.
میدیای عێراق لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە ئەوکات رایگەیاند، ئەحمەد شەرع لەنێوان 2007-2008 لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە دەستگیرکرا و دواتر ئازادکرا بەبێ دەستوەردانی دەسەڵاتدارانی عێراق یان دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردن لەلایەن ئەنجوومەنی دادوەریی عێراقەوە.
سەرچاوەکان ئەوەشیان گوتبوو، ئەوکات چەند زیندانیکراوێک دانیان بە هەندێک تۆمەتی تیرۆردا ناوە کە ئەحمەد شەرع، کە ئەوکات ناوی (ئەبو محەمەد جۆلانی) بەکاردەهێنا، تێیدا بەشداربووە، دواتر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە.
فەرمانی دەستگیرکردنی ئەحمەد شەرع کاردانەوەی گەورەی لە تۆڕە کۆمەڵایتەییەکان لێکەوتەوە، بەتاییبەتی دوای ئەوەی لە میدیاکانی عێراق راگەیاندرا سەردانی بەغداد دەکات.
لە رۆژی 15-02-2025 فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا بە کەناڵی فرانس24ـی راگەیاند، عێراق بانگهێشتی ئەحمەد شەرع دەکات بۆ بەغداد بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی وڵاتانی عەرەبی کە بڕیارە لە مانگی ئایاری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.