زووم..
ئەنجومەنی سوریای دیموکرات، مەسەدە دەڵێت، ئەوەی بەناوی کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی سوریاوە بەڕێوەچوو تەواوکەری سیاسەتی پەراوێزخستنە کە چەندین دەیەیە پەیڕەودەکرێت.
مەسەدە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئامادەنەبوونی نوێنەرایەتیی پێکهاتەکان و پەلەکردن لە بەستنی کۆنگرەکە بەبێ رەخساندنی هیچ زەمینەیەک و گەرەنتی راستەقینە وایکردووە کۆنگرەکە بابەتە چارەنووسسازەکانی داهاتووی سوریا بەهەند وەرنەگرێت.
راشیگەیاندووە، کۆنگرەکە هەنگاوێکی رووکەشانەیە و خزمەت بە هاوبەشیی نیشتمانیی ناکات بۆ بونیاتنانەوەی سوریا، دەسەڵاتی ئێستای دیمەشق هەمان شێوازە شکستخواردووەکانی رژێمی ئەسەد بەکاردەهێنێت لە قۆرخکردنی دەسەڵاتی بڕیاردان و دوورخستنەوەی پێکهاتەکانی سوریا، بۆیە ئەو هەنگاوەی دیمەشق جگە لە دابەشبوونی زیاتر و پەکخستنی دەرفەتی سەرکەوتنی قۆناغی راگوزەر، هیچی دیکەی لێ سەوز نابێت.
هەروەها مەسەدە داواشدەکات، سیاسەتی ئێستای دەسەڵاتی دیمەشق رێکبکرێتەوە و گفتوگۆیەکی جدی و راستەقینەی گشتگیر رێکبخرێت کە رەنگدانەوەی خواستی گەلی سوریا بێت و دووربێت لە کاریگەری سیاسی. تاوەکو دەوڵەتێکی دیموکراتیی فرەڕەنگی لامەرکەزی لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون بونیاتبنرێت.