بەرزان محەمەد، بەڕێوەبەری پزیشکی دادی سلێمانی بۆ زووم ئاشکرایکرد، پاشئەوەى گۆڕى “سەهەند ئەحمەد” هەڵدرایەوە، بۆجارى دووەم توێکاریی بۆ لاشەکەى کرا و ئەمڕۆش راپۆرتى توێکارییەکە رادەستی دادوەر کراوە، دادوەریش راپۆرتەکە رادەستی کەسوکارەکەى دەکاتەوە.
بەرزان محەمەد، بەڕێوەبەری پزیشکی دادی سلێمانی بۆ زووم:
راپۆرتی توێکاریی دووەم رادەستی دادوەر کراوە
سەهەند، گەنجێکى 17 ساڵ بوو، 12ى تشرینى دووەمى 2022 لە رووداوێکی تەمومژاویدا لە سلێمانی گیانی لەدەستدا، ئەوکات پۆلیس رایگەیاند، سەهەند تۆمەتبار بووە و بۆ ماوەی دوو رۆژ تەوقیفکراوە، لە دووەم رۆژی مانەوەیدا لە بنکەی پۆلیسی سەرچنار هەڵاتووە و چەند کارمەندێکی پۆلیسیش دوای کەوتوون، لەکاتی هەڵهاتنەکەدا کەوتووە و بەوهۆیەوە دەستگیرکراوەتەوە و جارێکی دیکە براوەتەوە بۆ بنکەی پۆلیسی سەرچنار.
کەسوکارەکەی سەهەند، گومانیان لە گیانلەدەستدانی کوڕەکەیان هەبوو، هەر لە سەرەتاى رووداوەکەدا گوتیان سەهەند لەلایەن چەند پۆلیسێکەوە لەسەر شەقام لێیدراوە و دواتر لەنێو بنکەی پۆلیس گیانی لەدەستداوە، هەروەها بێمتمانەیی خۆیان بەو راپۆرتەى پزیشکی دادی نیشاندا کە سەبارەت بە هۆکارى گیانلەدەستدانى سەهەند ئامادەکرابوو، ئەوان گوتیان: بڕوامان بەو راپۆرتە نییە، گۆڕی سەهەند هەڵدەدەینەوە، دەبێت جارێکی دیکە توێکاریی بۆ بکرێتەوە.
ئەحمەد هۆرێنی، پارێزەری دۆسیەی سەهەند بە زوومی گوت: ئەو راپۆرتە پزیشکییەى لەسەر گیان لەدەستدانی سەهەند ئامادەکرابوو لە دوو بەش پێکهاتبوو، لەبەشێکدا باس لەوە کراوە کە لەشی گەنجەکە شوێنی لێدانی پێوە بووە و ئازار دراوە، بەڵام کاتێک باس لە هۆکاری مردنەکەی کراوە نوسراوە بە “جەڵتەى دڵ” گیانی لەدەستداوە، ئەو پارێزەرە دەڵێت، یەکەمجارە لە ژیانمدا راپۆرتی پزیشکی لەو شێوەیە ببینم.
گومانەکان و رازى نەبوونى کەسوکارى سەهەند بەو راپۆرتەى لەبارەى هۆکارى گیانلەدەستدانى کوڕەکەیان نوسرابوو، پاش دوو هەفتە دادوەر ناچاربوو بڕیاربدات گۆڕى سەهەند هەڵبدرێتەوە، ئێوارەى رۆژى 26ى تشرینى دووەم کەسوکاری سەهەند گۆڕی کوڕەکەیان هەڵدایەوە بە مەبەستی ئەوەی پزیشکی داد دووبارە توێکاری بۆ تەرمەکە بکاتەوە.
خیام ئەحمەد برای سەهەند، پاش هەڵدانەوەى گۆڕى براکەى بە زوومی گوت: ئەوان متمانەیان بە راپۆرتی پزیشکی یەکەم نەبووە، بۆیە جارێکی دیکە تەرمەکەیان بردووەتەوە بۆ پزیشکی داد بۆئەوەی توێکاری بۆ بکرێتەوە، چاوەڕوانیش دەکەن راپۆرتی ئەمجارە جیاواز بێت.
خێزانی سەهەند ئەحمەد:
متمانەمان بە راپۆرتی پزیشکی یەکەم نەبووە