لە وڵاتی کۆڵۆمبیای ئەمریکای لاتین، یەکەمین هەنگاو دەستپێکرد، بۆ گفتوگۆکانی نێوان حکومەت و سوپای رزگاری نیشتمانی(ELN) کە وەک رێکخراوی گەریلای مارکسی دەناسرێت.
گۆستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی کۆڵۆمبیا رایگەیاند، لە گفتوگۆکاندا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی 60 ساڵە، رێککەوتوون لەسەر گەڕاندنەوەی ئەو گەلە رەسەنانەی بەهۆی ململانێکانەوە ئاوارە بوون.
سوپای رزگاری نیشتمانی(ELN) وەک رێکخراوی گەریلای مارکسی دەناسرێت
پێترۆ، کە یەکێکە لە سەرکردەکانی (بزووتنەوەی 19ی نیسان)ی پێشوو، کە لە ساڵی 1990دا چەکیان دانا و بەشداریان لە پرۆسەی سیاسی کرد، لە سەردانەکەیدا بۆ هەرێمی ئەنتیۆکیای رۆژئاوای کۆلۆمبیا باسی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ گەریلاکانی سوپای رزگاری نیشتیمانی کرد و گوتی، لایەنەکان لەبارەی گەرەنتی گەڕانەوەی ئەو گەلە رەسەنانەی بەهۆی ململانێکانەوە ئاوارە بوون رێککەوتوون.
دوای سێ ساڵ لە هەڵبژاردنی، مانگی رابردوو گفتوگۆکان دەستیپێکردەوە
گۆستاڤۆ پێترۆ، یەکەم سەرۆکی چەپی کۆڵۆمبیا، بە دروشمی “ئاشتی هەمیشەیی” و کۆتاییهێنان بە نادادپەروەری کۆمەڵایەتی’ زۆرینەى دەنگی هاوڵاتیانی کۆلۆمبیای بەدەستهێنا.
پێترۆ بەڵێنی دابوو، تەواوی مادەکانی رێککەوتنی ئاشتی ساڵی 2016 جێبەجێ بکات، کە کۆتایی بە شەڕی 40 ساڵەی نێوان رێکخراوی چەکداری شۆڕشگێڕی کۆڵۆمبیا (فارک) هێنابوو. دانوستانەکان لەگەڵ رێکخراوی گەریلای مارکسی، سوپای رزگاری نیشتمانی (ELN) بەرەو پێشەوە ببات، کە نزیکەی پێنج هەزار گەریلا و ئەندامی هەیە.
دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵ سوپای رزگاری نیشتمانی (ELN) کە تاکە رێکخراوی چەکداری دژی دەوڵەتە لە کۆلۆمبیا ئێستا، لە ساڵی 2017، لە سەردەمی خوان مانوێل سانتۆس، سەرۆکی پێشووی وڵاتەکەدا دەستیپێکرد. بەڵام ناکۆکییەکان لە سەردەمی سەرۆکایەتی ئیڤان دوک، کە بە هەڵوێستە توندڕەوەکانی ناسراوە، پەرەیان سەند و لە ساڵی 2019دا دانوستاندنەکان راگیران.
دوای سێ ساڵ لە هەڵبژاردنی پترۆ، مانگی رابردوو گفتوگۆکان دەستیپێکردەوە. بڕیارە خولەکانی داهاتووی دانوستانەکان، کە ئێستا لە کاراکاسی پایتەختی ڤەنزوێلا بەڕێوەدەچن، لە وڵاتانی دیکەی نێوەندکاری وەک، کوبا و نەرویج بەردەوام بن.
سوپای رزگاری نیشتمانی (ELN)، بۆری هەناردەکردنی نەوتی کردووەتە ئامانجی سەرەکی خۆی و لە ساڵی 1980 تاوەکو 2003 زیاتر لە 950 جار هێرشی کردووتە سەر بۆری هەناردەکردنی نەوت. تەنیا لە ماوەی ساڵانی 2004-2005دا لانیکەم 200 جار هێرشی کردە سەر بۆری نەوتی پارێزگای ئیرۆکا.
سوپای رزگاری نیشتمانی (ELN)، بۆری هەناردەکردنی نەوتی کردووەتە ئامانجی سەرەکی خۆی
لە تشرینی دووەمی 2004دا، جۆرج بوش، سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمریکا 839 ملیۆن دۆلاری وەک هاوکاری سەربازی و 98 ملیۆن دۆلاری وەک هاوکاری دارایی بە حکومەتی کۆڵۆمبیا بەخشی، بە مەبەستی پاراستنی بۆرییەکانی هەناردەکردنی نەوت.