ئەنچیلۆتى ئاشکرایکرد، ئێمباپێ دانى کێشاوە، بەڵام بۆ یاریکردن ئامادەیە، رەخنەش لە تیباسى سەرۆکى لالیگا دەگرێت.
کارلۆ ئەنچیلۆتى راهێنەرى ریاڵ مەدرید لە کۆنفرانسى رۆژنامەنووسى تایبەت بە یارییەکەى سبەینێى بەرامبەر ریاڵ سۆسیداد لە جامى ئیسپانیا ئاماژەى بەوەکرد، کیلیان ئێمباپێ بەشدارى راهێنانەکانى سەرلەبەیانى نەکردووە و یەکێک لە دانەکانى کێشاوە، بەڵام ئامادەیە بۆ گەشتکردن لەگەڵیاندا و بەشدارى یارییەکە دەکات.
لە بارەى قسەکانى خاڤێر تیباسى سەرۆکى لالیگا، کە وتبووى ریاڵ مەدرید گرینۆکترین یانەى جیهانە، ئەنچیلۆتى گوتى: تیباس زۆر قسە لەسەر ریاڵ مەدرید دەکات، بەجۆرێک رێز لە یانەکە و هاندەرەکانى ناگرێت، پێویستە سەرنجى بخاتە سەر شتەکانى دیکە بۆ چاکسازى لە تۆپى پێى ئیسپانیادا.
ئەنچیلۆتى لە بارەى ئەگەرى نوێکردنەوى گرێبەستى لۆکا مۆدریچ دووپاتیکردەوە دەستێوەردان ناکات و ئەو بابەتە تایبەتە بە کارگێڕى ریاڵ مەدرید و یاریزانەکە و دەشڵێت: ئەفسانەکان ئەو بڕیارە دەدەن، کە دەیانەوێت، بەدڵنیاییەوە بڕیارەکەى لە بەرژەوەندى هەمواندا دەبێت.