عێراق بە گۆڵێکى بێ بەرامبەر لە سعودیەى بردەوە و گەیشتە قۆناغی پێش کۆتایی جامی دێرینەکانى کەنداو.
لە یاریگای جابر ئەحمەد لە وڵاتی کوەیت لە گەڕی سێیەمی قۆناغى کۆمەڵەکانى جامى یاریزانە دێرینەکانی کەنداو، هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و سعودیە بەیەک گەیشتن.
تایمی یەکەمی یارییەکە گۆڵی بەخۆیەوەنەبینی، بەڵام لە تایمی دووەم و بە دیاریکراوی لە خولەکی ٣٣دا مستەفا کەریم بە لێدانی سزا گۆڵی یەکەم و سەرکەوتنی عێراقى تۆمارکرد.
بەو بردنەوەیە، عێراق بە دوو بردنەوە بەرامبەر یەمەن و سعودیە و یەکسان بوونی لەگەڵ بەحرێن سەرکەوت بۆ قۆناغی پێش کۆتایی جامەکە.
ئەمشەو کاتژمێر شەش و ٣٠ خولەک لە یارییەکانی پێش کۆتایی جامەکەدا هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و قەتەر بەیەکدەگەن و براوەشیان دەگاتە یاریی کۆتایی.
ئەم پاڵەوانێتییە بۆ یەکەمجارە بەڕێوەدەچێت و کاتى یاسایى یارییەکان ٤٠ خولەک دەبێت، هەر تایمێک ٢٠ خولەکە و ١٥ خولەک پشوو لە نێوانیاندا دەبێت.