زووم..
دوای 21 یەک رۆژ لە سەردانیکردنی بافڵ تاڵەبانی بۆ خێمەی مانگرتووان، مانگرتوویەک زانیاریی نوێ لەبارەی قسەکانی سەرۆکی یەکێتی بۆ مانگرتووان ئاشکرا دەکات.
لەمیانی هەواڵنامەی کاتژمێر 11ـی زووم، هادی حەمەڕەشید کە یەکێک بوو لە مانگرتووان گوتی، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی ئەو کاتەی سەردانی کردوون پێیگوتوون، مانگرتنی ئەوان بۆ ئەو گرنگ نییە و داواکارییەکانیان بێبایەخ و بێمانەیە.
بافڵ تاڵەبانی لە شەوی 04-02-2025 سەردانی خێمەی مانگرتووانی کرد کە دوای حەوت رۆژ بوو لە مانگرتنی 13 مامۆستا و فەرمانبەر.
ئێوە دەنگتان بە ئێمە نەداوە، بۆیە مافی ئەوەتان نییە قسەمان لەگەڵ بکەن
ئەوکات تیمی ئەمنی بافڵ تاڵەبانی رێگرییان لە رۆژنامەنووسان کرد رووماڵی سەردانەکەی بۆ نێو خێمەکە بکەن و کۆبوونەوەی سەرۆکی یەکێتی و مانگرتووان دوور لە چاوی کامێراکان بەڕێوەچوو، دواتریش بافڵ تاڵەبانی هیچ لێدوانیکی بۆ رۆژنامەنووسان نەدا.
بە گوتەی هادی حەمەڕەشید، بافڵ تاڵەبانی بە مانگرتووانی گوتووە بۆ ئەو هیچ گرنگ نییە مانگرتن دەشكێنن یاخود نا، ئەوەشی گوتووە کە “ئێوە دەنگتان بە ئێمە نەداوە، بۆیە مافی ئەوەتان نییە قسەمان لەگەڵ بکەن.”
پارتی لە هەولێر و بەغداد لە ئێمە بەهێزترە
هادی حەمەڕەشید ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکی یەکێتی گوتوویەتی، “دەستی پارتی لە هەولێر و بەغداد لە ئێمە بەهێزترە و من تەنها دەتوانم بینای قاچاخ بڕووخێنم.”
مانگرتووان لە 28-01-2025 دەستیان بە مانگرتن کرد و رۆژی 11-02-2025 کۆتاییان بە مانگرتنەکەیان هێنا. لەو ماوەیەدا هیچ بەرپرسێکی حکومی ئامادەنەبوو سەردانی مانگرتووان بکات و داواکارییەکانیان جێبەجێ بکات کە خۆی دەبینییەوە لە دابەشکردنی مووچەی مانگی 12ـی 2024 و تەوتینکردنی مووچەی مووچەخۆران و چەند داواکارییەکی دیکە.
هەرچەندە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەیەکی کورت سەردانی خێمەکەی کرد، بەڵام مانگرتووان رەخنەی تووندیان ئاراستەکرد بەهۆی ئەوەی لەکاتێکدا چووە کە بەیانی زوو بووە و سەرجەمیان “خەوتبوون.”
دوای 15 رۆژ لە مانگرتن لە خواردن، ئەو 13 مامۆستا و فەرمانبەرە کۆتاییان بە مانگرتنەکەیان هێنا و رایانگەیاند، لەسەر داوای خەڵک ئەو کارەیان کردووە و هیچ فشارێکیان لێنەکراوە، بڕیارەکەش بە رەزامەندی خۆیان بووە.