ئەمشەو بەرشەلۆنە میواندارى ئەتلەتیکۆ مەدرید دەکات و سبەینێش ریاڵ سۆسیداد و ریاڵ مەدرید ڕووبەڕووى یەکدەبنەوە.
کێبڕکێکانى جامى شاى ئیسپانیا گەیشتووەتە قۆناغى پێش کۆتایى و ئەمشەو کاتژمێر ١١ و ٣٠ى خولەک لە یەکەم یارى چوونى قۆناغەکەدا، بەرشەلۆنە لە یاریگاى لویس کۆمپانیسى ئۆڵمپى میواندارى ئەتلەتیکۆ مەدرید دەکات.
دوایین یارى نێوان ئەم دوو یانەیە لە ٢١ى کانونى یەکەمى رابردوو بوو لە هەفتەى ١٨ى ئەم وەرزەى لالیگا، ئەتلەتیکۆ مەدریدى میوان بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک یارییەکەى بردەوە.
سبەینێش دووەم یارى چوونى قۆناغەکە بەڕێوەدەچێت، کاتژمێر ١١ و ٣٠ى خولەکى شەو هەردوو یانەى ریاڵ سۆسیداد و ریاڵ مەدرید لە یاریگاى ئەنویتا، بەرامبەر بەیەک یارى دەکەن.
پێشتر ئەم دوو یانەیە لەم وەرزەدا یەکجار رووبەڕووى یەکبوونەتەوە، کە لە هەفتەى پێنجى لالیگادا بوو، ریاڵ مەدرید لە دەرەوەى یاریگاى خۆیدا بە دوو گۆڵى بێ بەرامبەر یارییەکەى بردەوە.
بڕیارە یەک و دووى مانگى چوارى داهاتوو یارییەکانى گەڕانەوەى قۆناغەکە بکرێن و یارى کۆتایى پاڵەوانێتییەکەش ٢٦ى هەمان مانگ لە یاریگاى لا کارتۆخا بەڕێوەدەچێت.