زووم..
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان بە زوومی گووت، زۆرینەی کارەکانی ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی دوو دوای تێبیینیەکانی بەغداد تەواکراون و بە ئەگەرێکی زۆرەوە سبەی یاخود پینجشەممە رەوانەی بەغداد دەکرێت.
سەرچاوەیەکە ئاماژەی بەوەشكرد، چاوەڕواندەکرێت لەدوای ناردنی لیستەكە، بەغداد سەرەتای هەفتەی داهاتوو تەمویلی مووچەی مانگی دووی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکات.
هاوكات، سەرچاوەیەکی دیکە لە گەنجینەی دووی سلێمانی بە زوومی گووت، 95%ـی ئامادەکردنی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی سلیمانی ئامادەکراوە و ئەوەشی ماوەتەوە ئەمڕۆ و سبەی تەواودەکرێت، دواتر رەوانەی وەزارەتی دارایی دەکرێت.
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، لە وەزارەتی داراییەوە ئاگادارکراونەتەوە پێویستە لیستی مووچە تا رۆژی چوارشەممە ئامادەبکرێت چونکە رەوانەی بەغداد دەکرێت.
دواكەوتنی ناردنی لیستی مووچە بۆ بەغداد، لەكاتێكدایە كە بڕیاربوو بە گوێرەی رێككەوتنی هەولێر و بەغداد لیستی مووچەی مانگی یەک ببێتە بنەما بۆ لیستی مووچەی كۆی مانگەكانی ئەمساڵ، بەڵام بەهۆی بوونی كێشە لە لیستەكەدا نەبووە بنەما، بۆیە رەنگە لیستی مووچەی مانگی دوو ببێتە بنەما بۆ مانگەكانی داهاتوو.