زووم..
وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، بەرهەمهێنانی غاز بۆ وێستگەکانی کارەبا لە کێڵگەی کۆرمۆر راگیراوە و بەهۆیەوە زیاتر لە دوولەسەرسێی بەرهەمی کارەبا کەمیکردووە.
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، بەهۆی گرفتێکی تەکنیکییەوە هەناردەی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا راگیرا، بەو هۆیەوە دوو هەزار و 500 مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە، لە کاتێکدا کۆی بەرهەمهێنانی کارەبا سێ هەزار و 800 مێگاواتە.
وەزارەتی کارەبا دەشڵێت، تیمەکانی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی کارەبا سەرقاڵی چارەسەرکردنی گرفتەکەن.
ئەم گرفتە لە کێڵگەی کۆرمۆر ماوەیەکە ناوبەناو دووبارەدەبێتەوە، هەر دوێنێ وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، بەهۆی دابەزینی پلەكانی گەرما گرفتێكی تەكنیكی لە كێڵگەی كۆرمۆر دروستبووە، كاریگەریی لەسەر هەناردەكردنی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بە بڕی 250 ملیۆن پێ سێجا داناوە، بەو هۆیەوە هەزار مێگاوات کارەبا کەم بووەوە.