زووم..
شەوی رابردوو هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی چوونە شوێنی خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی و بە زەبری هێز کۆتاییان بە خۆپیشاندانەکە هێنا، رێگەیان بۆ هاتوچۆی تانکەری نەوتی قاچاخ کردەوە و مامۆستایەکی ناڕازیش دەڵێت، شەش کاتژمێر دەستگیرکران و ئەشکەنجە دراین.
بە وتەی ئەوانەی بەشداربوون لە خۆپیشاندانەكەدا، ژمارەیەك مامۆستا و فەرمانبەر لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە ئازار دران و ژمارەیەكیشیان دەستگیركران و دواتر ئازادکران و هێرشیش كرایە سەر ژمارەیەک رۆژنامەنووس.
رۆژی یەکشەممە بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە عەربەت خۆپیشاندانیان دەستپێكرد و رێگای ناحییەکەیان بەڕووی بارهەڵگرانی گواستنەوەی نەوتی قاچاخدا داخست و خێمەیان هەڵدا و مانەوە و رایانگەیاند، تا داواكارییەكانیان جێبەجێدەكرێن لەژێر خێمەكەدا دەمێنینەوە و داهاتی دەسەڵات پەکدەخەن، بەڵام شەوی رابردوو بە زەبری هێز كۆتاییان بە خۆپیشاندانەكە هێنا.
زانا محەمەد، فەرمانبەری ناڕازی لە هەواڵنامەی زوومدا باسی لە ساتەوەختی دروستبوونی گرژییەکان کرد و گوتی، پێشتر هەستیان بە هەبوونی پیلانێک دەکرد بۆ کۆتاییهێنان بە خۆپیشانداکە و کەسانی نەناسراو خۆیان بە شۆفێری بارهەڵگر ناساندبوو و بوونە هۆکاری دروستبوونی گرژییەکە.
هاوکات، ئاکۆ محەمەد. مامۆستای ناڕازی کە یەکێک بووە لە دەستگیرکراوان بەزوومی گوت، ماوەی نزیكەی شەش كاتژمێر لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیركران و لە خۆپیشاندانەكەدا نۆ مامۆستا و فەرمانبەری ناڕازی لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیركران.
گوتیشی، ئاسایشی سلێمانی ئەشكەنجە و ئازارێكی زۆریانداون و لەکاتی دەستگیرکردنەکەیاندا بەشەش کەسەوە لێیان داوە و بەو هۆیەوە دووجار لەهۆش خۆی چووە.