زووم..
ئەمڕۆ دیالۆگی نیشتمانی سوریا بەبێ بەشداری کورد لە دیمەشق بەڕێوەدەچێت و گوتەبێژی لیژنەی ئامادەکاری دیالۆگەکەش هۆکاری بانگهێشتنەکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەخاتەڕوو.
حەسەن دخێم، گوتەبێژی لیژنەی ئامادەکاری دیالۆگی نیشتمانی سوریا بە کەناڵی عەرەبیەی راگەیاندووە، بانگهێشتنەکردنی هەسەدە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دیالۆگەکە دیالۆگێکی کۆمەڵایەتییە و سەربازیی نییە.
هەریەکە لە فەرهاد شامی، گوتەبێژی هەسەدە و ئیهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە کە کە هیچ کام لە ئەندامانی هەسەدە یان بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بانگهێشت نەکراون.
پێشتر چەند جارێک بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر جەختیکردووەتەوە کارەکانی لیژنەی دیالۆگی نیشتمانی سوریا رەتدەکەنەوە چونکە نوێنەرایەتی تەواوەتی پێکهاتەکانی سوریا ناکات.
هەروەها ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سوریا ئەنەکەسە رەخنە لە میکانیزمی کۆنگرەکەی دیمەشق دەگرێت و بە پێشێلکردنی پرەنسیپی شەراکەتی نیشتمانیی لەقەڵەمداوە، ئەنەکەسە دەڵێت، بۆ دیالۆگی نیشتمانی نابێت پێکهاتەکانی گەلی سوریا پشتگوێبخرێن.
دیالۆگەکە دوو رۆژ دەخایەنێت و نزیکەی 400 بۆ 600 کەسایەتی بەشدار دەبن، بابەتەکانی گفتوگۆکانیش پەیوەستن بە دیاریکردنی چارەنووسی سوریا، پێکهاتەی دەستوورێکی نوێ بۆ وڵاتەکە، چاکسازی دامەزراوەیی و رۆڵی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئابووری سوریا.