زووم..
وەزارەتى کارەبای حکومەتى هەرێمی کوردستان دەڵێت، دواى ئەوەی گرفتێكی تەكنیكی لە كێڵگەی كۆرمۆر دروستبوو بەهۆیەوە پێدانى کارەبا کەمی کرد، لە ئێستاشدا گرفتەکە چارەسەر بووە و بارودۆخی کارەبا ئاسایی بووەتەوە.
وەزارەتى کارەبا لە راگەیەنراوێکیدا دەڵێت، دوای ئەوەی بەهۆی دابەزینی پلەكانی گەرماوە، گرفتێكی تەكنیكی لە كێڵگەی كۆرمۆر دروستبوو كە كاریگەریی لەسەر هەناردەكردنی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا هەبوو، تیمەکانی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی کارەبا توانیویان چارەسەری گرفتەکە بکەن.
دەشڵێت، لە ئیستادا بارودۆخی کارەبا ئاسایی بووەتەوە و بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا گەیشتوەتەوە بە سێ هەزار و 800 مێگاوات.
پێشتر وەزارەتی کارەبا رایگەیاندبوو، بەهۆی دابەزینی پلەكانی گەرما لە كاتژمێر دووی شەو، گرفتێكی تەكنیكی لە كێڵگەی كۆرمۆر دروستبوو و كاریگەریی لەسەر هەناردەكردنی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بە بڕی 250 ملیۆن پێ سێجا هەبووە، بەوەش کارەبا کەمبووەتەوە.
پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانی لە هەرێمی کوردستان کەمتر لە هەشت کاتژمێرە، بەرپرسانی وەزارەتی کارەباش چەند جارێک باسیان لەوە کردوە، لە زستاندا لەلایەن هاووڵاتیانەوە خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا زۆرە بۆیە پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانی کەمدەبێتەوە.