زووم..
وەزارەتی نەوتی عێراق جەخت دەکاتەوە پابەندیی تەواوەتیی دەبێت بۆ رێککەوتنی ئۆپیک پڵەس تایبەت بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی پەیوەندیدار بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، رێکاری پێویست دەگرنەبەر بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە لەوانەش پێشکەشکردنی پلانێکی نوێ بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو بەرهەمە زیادەیەی لە ماوەکانی پێشوودا هەبوون.
بەگوێرەی ئەو داتایانەی ئۆپیک بڵاویکردوونەتەوە، لە مانگی رابردوودا بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە عێراق گەیشتووەتە سێ ملیۆن و 999 هەزار بەرمیل نەوت لە هەر رۆژێکدا، ئەمەش ئاماژەیەکی ئەرێنییە بۆ ئەوەی عێراق پابەندبووە بەو ئاستەی بەرهەمهێنان کە بۆی دیاریکراوە.
وەزارەتی نەوت بە لەبەرچاوگرتنی پێشهاتەکانی ئەم دواییە پەیوەندیدار بە رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە رێی بۆرییەکانی نێوان عێراق و تورکیا دەڵێت، عێراق بەردەوام دەبێت لە قەرەبووکردنەوەی بەرهەمە زیادەکان و پابەند دەبێت بەو پشکەی ئۆپیک پڵەس بۆی دیاریکردووە.