ئەنچیلۆتى پێیوایە لۆکا مۆدریچ دیارییە بۆ تۆپى پێ و ستایشى ڤینیسیۆس و ئێمباپێش دەکات.
لە کۆنفرانسى رۆژنامەنووسى دواى بردنەوەکەى بەرامبەر جیرۆنا لە لالیگا، کارلۆ ئەنچیلۆتى راهێنەرى ریاڵ مەدرید ستایشى ئاستى ئەستێرەکانى تیپەکەى کرد، بەتایبەت مۆدریچ و ڤینیسیۆس.
ئەنچیلۆتى گوتى: مۆدریچ دیارییە بۆ تۆپى پێ، پێویستە لەگەڵمان بمێنێتەوە تا ئەو کاتەى دەیەوێت، ئەو ئەفسانەیەکى راستەقینەیە و هێشتا ئاستى بەرز پێشکەش دەکات بەهۆى جدییەتیەکەى و کوالیتیەکەى و پیشەگەرییەکەیەوە، دەتوانم بە پاوڵۆ ماڵدینى بچوێنم، چونکە نمونەیەکى ناوازەن بۆ یاریزانانى تۆپى پێ.
هاوکات ئەنچیلۆتى ستایشى ڤینیسیۆسیش دەکات و پێیوایە لە بەرزترین ئاستیدایە، هەرچەندە لە هەندێک ساتدا یەکلاکەرەوە نەبووە لە یارییەکەدا، بەڵام تایمى دووەم مەترسى درووستکردووە و ئاستێکى سەرسوڕهێنەرى پێشکەشکردووە.
باسى لەوەشکرد، ئێمباپێ دڵخۆشە بە درووستکردنى گۆڵى دووەم و لە زۆرێک لە حاڵەتەکاندا هەلى مەترسیدارى ڕەخساندووە و گرنگترین شتیش بەلاى ئەوەوە بردنەوەى یارییەکە بووە.