زووم..
هادى سەلامى، ئەندامى لیژنەى دەستپاکى لە پەرلەمانى عێراق دەڵێت، لە هەرێمى کوردستان زیاتر لە 20 دەروازەى سنوورى نافەرمى هەیە، لەو دەروازانەوە کارى قاچاخچێتى نەوت و جگەرە و مادەى هۆشبەر دەکرێت.
هادى سەلامى بە ماڵپەرى سۆمەرییە نیوزى گوتووە، ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق بەڵگەنامەیەکى ئاراستەى لیژنەى دەستپاکى پەرلەمان کردووە کە دەیسەلمێنێت 20 دەروازەى سنوورى نافەرمى لە هەرێمى کوردستان هەیە، کارى قاچاخچێتى نەوت و جگەرە و مادە هۆشبەرەکانیان تێدا دەکرێت.
دەشڵێت، بەڵگەنامەکەیان ئاراستەى داواکارى گشتى و دەستەى دەستپاکى فیدراڵ کردووە بۆئەوەى رێکارى یاسایى بەرامبەریان بگیرێتبەر، بەڵام ئەنجومەنى وەزیران و وەزارەتى دارایى عێراق رێکارى پێویستیان بەرامبەر هەرێمى کوردستان نەگرتووەتەبەر.
هادى سەلامى دەڵێت، هەرێمى کوردستان پابەند نەبووە بە یاساکانى باج و گومرگ، چوار ترلیۆن و 500 ملیار دینارى لایە و تا ئێستا نەیناردووە بۆ بەغداد.
هەروەها رەفیق ساڵحى کە ئەندامى لیژنەى کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانى پەرلەمانە بە ماڵپەرەکەى راگەیاندووە، پێشتر حکومەتیان ئاگادارکردووەتەوە لەبارەى ئەو دەروازە نافەرمییانەى هەرێمى کوردستان کە خۆراکیان بە قاچاخ لێوە هاوردە دەکرێت و کاریگەریى لەسەر بەرهەمى ناوخۆ دروستکردووە.