زووم..
کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات، ئەمڕۆ لە چەند رۆژی رابردوو ساردتر دەبێت و پلەکانی گەرما زیاتر دادەبەزن، شەوی رابردووش نزمترین پلەى گەرما لە حاجى ئۆمەران بووە، کە 18 پلە ژێر سفر بووە.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، پلەکانی گەرما زیاتر نزم دەبنەوە بە بەراورد بە دوێنێ، هاوكات بەرزترین پلەی گەرما لە ئیدارەی گەرمیان بووە کە سێ پلەی ژێر سفرە و نزمترینیش لە ناحیەی حاجی ئۆمەران بووە کە 18 پلەی ژێر سفرە.
هاوکات محەمەد کەلاری کەشناس بە زوومی راگەیاند، بە گوێرەی پیشبینییەکان، ئەمڕۆ پلەکانی گەرما زیاتر دادەبەزن، بە جۆرێک لە هەولێر چوار پلە ژێر سفر و سلێمانی هەشت پلە ژێر سفر و لە هەڵەبجە نۆ پلە لەژێر سفرەوە دەبێت.
گوتیشی، لە سەنتەری شارەکان بەفرێکی کەم دەبارێت، لە ناوچە شاخاوییەکانیش بەفر بەردەوام دەبێت و لە شەودا تەواوی رێگاکان دەیبەستن.
هەروەها، عامر جابری، گوتەبێژى دەستەى کەشناسیى عێراق بە ئاژانسى هەواڵى عێراقى راگەیاندووە، کاریگەری ئەو شەپۆلە سەرمایەى عێراقى گرتووەتەوە، رۆژى پێنج شەممە کۆتایى دێت و کەشوهەوا ئاسایى دەبێتەوە.