زووم..
سەرکردەیەکی بزووتنەوەی حەماس دەڵێت، هیچ گفتوگۆیەک لەگەڵ ئیسرائیل سەبارەت بە هەر هەنگاوێکی دیکەی رێککەوتنی ئاگربەست ئەنجام نادات، تاوەکو ئەو زیندانیانە فەڵەستینییانەی لەسەری رێککەوتوون ئازادنەکرێن.
باسم نەعیم بە ئاژانسی رۆیتەرزی گوتووە، بەر لە ئازادکردنی ئەو زیندانیانەی لەسەری رێککەوتوون، هیچ گفتوگۆیەک لەگەڵ ئیسرائیل لەڕێی نێوەندگیرانەوە ئەنجام نادات.
رۆژی 22ـی ئەم مانگە، بزووتنەوەی حەماس لە چوارچێوەی ئەو پلانەی پێشتر لەسەری رێککەوتبوون، شەش بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد کرد، لەکاتێکدا بڕیاربوو ئیسرائیل لە بەرامبەردا 602 بەندکراوی فەڵەستینی ئازاد بکات، بەڵام ئیسرائیل بەبیانووی ئەوەی حەماس مامەڵەی خراپی لەگەڵ بارمتەكان كردووە، ئازادكردنی زیندانییە فەڵەستینیەكانی دواخست.
تا ئێستا 25 بارمتەی ئیسرائیل لەلایەن حەماسەوە ئازادکراون و بەگوێرەی ئاماری میدیا جیهانییەکانیش، 62 بارمتەی دیکە ماون بدرێنەوە بە ئیسرائیل کە نیوەیان هێشتا لەژیاندا ماون.