زووم..
سەرەڕای سەرکەوتنی کریستیان دیموکراتەکانی ئەڵمانیا (سی دی یو) بە زۆرینەی دەنگ لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەى دوێنێی ئەڵمانیا، بەڵام هیچ پارت و هاوپەیمانییەک نەبووە براوەى هەڵبژاردنەکە، کە بە تەنها بتوانێت حکومەت پێکبهێنێت.
فریدریک مێرتز، سەرۆکی پارتى کرستیان دیموکراتەکانی ئەڵمانیا، لە گوتاری سەرکەوتندا خواستی خۆی بۆ پێکهێنانی حکومەت بە خێرایی بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکانی ئەڵمانیا راگەیاند.
فریدریک مێرتزی تەمەن 69 ساڵ، دوای سەرکەوتنی پارتەکەی، ئەگەر هاوپەیمانێکی دیکە بدۆزێتەوە، دەبێتە کاندیدی پارتەکەى بۆ وەرگرتنی پۆستی راوێژکاری ئەڵمانیا.
بەگوێرەى ئەنجامە بەراییەکان سی دی یو، 29%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، پارتى جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا کە پارتێکی راستڕەوی توندڕەوە، 20%ـی دەنگەکان و سۆسیال دیموکرات لەسەدا 16%ی دەنگەکان و پارتە سەوزەکان 12%یە و چەپەکانیش 8% دەنگەکانیان بەدەستهێناوە.
لەو 630 کورسییەى پەرلەمانى فیدراڵیی ئەڵمانیا، سی دی یو 211 کورسی مسۆگەر کردووە و پارتی جێێگرەوە بۆ ئەڵمانیاش 151 کورسی بەدەستهێناوە، پارتی سۆسیال دیموکراتەکانیش 121 کورسییان بردووەتەوە.