زووم..
فریدریک مێرتز، سەرۆکی پارتی کریستیان دیموکراتەکانی ئەڵمانیا سەرکەوتنی پارتەکەی لە هەڵبژاردنەکانی ئەڵمانیا راگەیاند و گوتی، “پێویستە بەزوویی کار بکەین بۆ پێکهێنانی حکومەت و دووبارە دەرکەوتنمان لە ئەورروپا.”
فریدریک مێرتز لە درەنگانی شەوی رابردوو لە بەرلین لەگەڵ ئەندامانی پارتەکەی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی ئەڵمانیا راگەیاند کە تێیدا پارتی کریستیان دیموکراتەکان یان سی دی یو توانی 29%ـی دەنگەکان کۆبکاتەوە، بەمجۆرەش فردیریک مێرتز دەتوانێت ببێتە راوێژکاری داهاتووی ئەڵمانیا ئەگەر بتوانێت هاوپەیمانێتی لەگەڵ چەند پارتێکی دیکەدا بکات بۆ پێکهێنانی حکومەت.
فریدریک مێرتز لە گوتاری سەرکەوتندا گوتی، “جیهان چاوەڕێمان ناکات بۆ دانسوتانی دوورودرێژی پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەک، دەبێت ئامادەبین بۆ کارکردن بەزوویی لە ناوخۆیی وڵاتدا و دووبارە دەرکەوتنەوەمان لە ئەوروپا.”
فریدریک مێرتزی تەمەن 69 ساڵ دەیەوێت جارێکی دیکە ئابووری ئەڵمانیا ببوژێنێتەوە، هاوکاری زیاتری ئۆکراین بکات و چاکسازی لە یاسای کۆچبەریدا بکات.
لە هەڵبژاردنەکانی ئەڵمانیا کە زۆرترین رێژەی بەشداریکردنی تێدا تۆمارکرا بەڕێژەی 83% کە ئەمە لە ساڵی 1990ەوە رووینەداوە. لە ئەڵمانیا 59 ملیۆن کەس لە کۆی 84 ملیۆن دانیشتووان مافی دەنگدانیان هەبوو، نزیکەی 1.3 کوردیش لە ئەڵمانیا دەژین.
براوەی دووەمی هەڵبژاردنەکانی ئەڵمانیا پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا یان ئەی ئێف دی-یە کە توانی نزیکەی 20%ـی دەنگەکان بەدەستبهێنێت و ئالیس ڤایدڵ، سەرۆکی پارتەکە لەدوای راگەیاندن ئەنجامەکان گوتی، ئەڵمانیا دەنگی بۆ گۆڕانکاری دا.