زووم..
پارتی کریستیانی دیموکرات بەسەرۆکایەتی فریدریش مێرز، هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیای بردەوە، بەجیاوازییەکی زۆر لەپێش پارتی راستڕەوی توندڕەوەیە، سەرەڕای ئەوەی باشترین ئەنجامی لە مێژووی خۆیدا بەدەستهێناوە.
بەگوێرەی راپرسی کەناڵی ئەی ئاڕ دی و زی دی ئێفی ئەڵمانی، پارتی کریستیانی دیموکرات نەریتخواز 28 پۆینت پێنج و بە رێژەى 29 لەسەدی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و پارتی جێگرەوەى لەپێناو ئەڵمانیا 19 پۆینت پێنج و بە رێژەى 20 لەسەدی دەنگەکەکانی بەدەستهێناوە، ئەوەش باشترین ئەنجامی حزبە توندڕەوەکەیە لە هەڵبژاردنەکانی ئەڵمانیا لەدواى جەنگی جیهانی دووەم.
هەریەک لە پارتی دیموکراتەکان خراپترین ئەنجامى لە میژووی خۆیدا بەدەستهێناوە، لەگەڵ پارتی سەوزی هاوپەیمانی، کە بە دۆڕاوی هەڵبژاردنەکان دادەنرێن.
دیموکراتەکان بەسەرۆکایەتی ئۆلاڤ شۆڵتز، تەنها 16 پۆینت پێنجی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، لەکاتێکدا ساڵی 2021، 25 پۆینت حەوتی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو، هاوکات پارتی سەوز 12 بۆ 13 پۆینت پێنجی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
هەر بەگوێرە راپرسییەکان، هیچ کام لە پارتەکانی ئەڵمانیا ناتوانن زۆرینەی کورسییەکان بەدەستبهێنن و بەوەش پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی وڵاتەکە پێویستی بە دروستکردنی هاوپەیمانێتی دەبێت.
ئۆلاڤ شۆڵز راوێژکاری ئەڵمانیا و سەرۆکی پارتی دیموکراتەکان سەرەڕای ئەنجامە خراپەکانی، دەڵێت، بەهیچ شێوەیەک هاوپەیمانێتی لەگەڵ نەریتخوازەکان پێکناهێنن.
لای خۆیشییەوە، فریدریش مێرز سەرۆکی پارتی کریستیانی دیموکرات رایگەیاند، دەیەوێت بەزووترین کات حکومەتی نوێی ئەڵمانیا پێکبهێنن.
لەسەر ئەنجامى هەڵبژاردنەکەش، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پیرۆزبایی خۆی ئاڕاستەی نەریتخوازەکان کرد و رایگەیاند، ئەڵمانیا بە رۆژێکی مەزندا تێدەپەڕێت.