سەرۆکوەزیرانى عێراق بەڵێنى چارەسەرکردنى کێشە دراییەکان دەدات و سەرۆکى یەکێتیی تۆپى پێى عێراقش دەستخۆشى لێدەکات.
یەکێتى تۆپى پێى عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، سەرۆکوەزیرانى عێراق محەمەد شیاع سودانى بەڵێنیداوە بە چارەسەرکردنى کێشەى شایستە داراییەکانى پەیوەندیدار بە تۆڕى راگەیاندنى عێراقى تایبەت بە پەخشى گواستنەوەى یارییەکانى خولى ئەستێرەکانى عێراق.
لەو بارەیەوە، عەدنان درجالى سەرۆکى یەکێتیى تۆپى پێى عێراق سوپاسى پاڵپشتیەکەى سودانى دەکات و پێیوایە پاڵنەرێک گەشاوە دەبێت بۆ یەکێتییەکەیان بۆ کارکردنى زیاتر و گەیشتن بە ئامانجە دیاریکراوەکانیان، کە دیارترینیان سەرکەوتنى هەڵبژاردەى عێراقە بۆ جامى جیهانى داهاتوو.
ئەمە لە کاتێکدایە، کۆمپانیاى عەشتارى تایبەت بە ڤار و گواستنەوەى یارییەکانى خولى ئەستێرەکانى عێراق داواى شایستە داراییەکانى لە تۆڕى راگەیاندنى عێراقى دەکات، هاوکات ناوبژیوانانى خولەکەش بەهۆى وەرنەگرتنى شایستە داراییەکانیان چەند جارێک هەڕەشەى بایکۆتیان کردووە، کە هەر بەهۆى ئەم کێشانەوە یارییەکانى هەفتەى ٢٢ى خولەکەش دواخراون.